دلاوەر
خاوەندڵ، گورد، پاڵەوان. ئەم نێوە وشەیەکی هاوبەشی کوردیی و فارسییە و لە هەولێر و رواندز و کۆیە مشەیە.
بەرزێ
1. باڵابەرز، بەژنوباڵاجووان؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە بە زاراوەی کرمانجی.
ئەڵوەن
1. ئەڵوەند، چالاک، بەدەستوبرد؛ 2. هەم نێوی کێوێکە هەم نێوی رۆبارێکە لە باشووری کوردستان لە خانەقین. بڕوانە ئەروەند.
هەرەوەز
گەل، گەلەکۆمە، کاری بەکۆمەڵ وەکوو: دروێنە و دەسکەنەی نۆک و هەڕەکاری. (هەرەوەزە، نان و بەزە). (گەلەکۆمەس، وەختی دۆڵمەس).
نۆبار
1. تازەبار؛ 2. سەرەتای بەهار؛ 3. گوندێکە نزیک گوندی تەرەغە لەلای بۆکان.
بابۆ
1. وشەی خۆشەویستیی منداڵ بۆ باب؛ 2. هەستی تۆڵە.
لەنگەر
1. وەستان، مەنەر، وەکوو: وەستانی مەل لەکاتی فڕین و وەستانی چۆپیکێش لە کاتی هەڵپەڕیندا؛ 2. ئاسنی سەر بە قووڵایی بەزنجیرەوە بۆ وەستانی گەمی دەخرێتە دەریاوە؛ 3. خۆڕاگرتن و راوەستان لە شوێنی بەرز و باریک؛ 4. لەکارکەوتە؛ 5. لەفڕین راوەستانی باڵندە لە حەوا.
شادانە
جۆرێک گیایە کە تۆمی ورد دەکا و تۆمەکەی مەلێک بە نێوی سەێرە حەزی لێدەکا.
بێباک
نەترس، ئازا و بەکار.
ماریا
1. پاڵەوان و شەڕکەرەکانی هۆزی میتان یا مانای؛ 2. نێوی هۆزێکی کورد بووە. بڕوانە ماردین لە بەشی کوڕان.