مارۆن

1. گیایەکە بۆ سەرێشە باشە و (مرۆخۆش) یشی پێدەڵێن؛ 2. بەردێکی رەشە کە تێکەڵ بە کل یان کڵەی دەکەن بۆ چاو.

کەوێ

1. ڕەنگی کەوە؛ 2. وەکوو کەو، وێنەکەو؛ 3. کەوا؛ 4. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

لاوک

1. گۆرانیی درێژ و کەون؛ 2. هەوای قەتارێکی کوردیی کۆنە؛ لاوک بە ناوەڕۆک شێوە و جۆری جیا لەیەکی هەیە کە باسی رووداوی حەماسی و راستەقینەی تێدایە. ئەم هەوایە لە لایەن گۆرانیبێژانی بەنێوبانگی وەکوو: کاووس ئاغا و حەسەن جزیریی و عارف جزیریی و حیسا بەرواریی و مریەم خان و هیدیکەوە گوتراوە و بەیتە کۆنەکان بە لاوک گوتراون. دیسان لاوک واتای کوڕ دەدا. بۆ نموونە لە زاراوەی کرمانجیدا دایک یان باوک ئەگەر بێژن دوو کوڕمان هەیە، دەڵێن: دوو لاوکێن مە هەنە. گزنفۆنی یۆنانیی کە ساڵی 401 ی بەر لە زایین، بە بانگهێشتنی کوورۆشی کوڕی داریووش هاتۆتە وڵاتی ئێرانی ئەو سەردەمە، لەکاتی گەڕانەوی 12000 سووارەکەیدا بۆ یۆنان، لە کوردستان 355 تا 430 ی زایینیی، تووشی شەڕ دەبن! گزنفۆن لە ئاناباز (گەڕانەوە) دا دەڵێ: (کاردۆخییەکان کە ویستیان هێرش بکەنە سەرمان، جۆرێک سروودی پڕجۆش و خرۆشیان دەگوت کە ریتم و میزانی نەبوو!) بە پێی گوتەکانی گزنفۆن، ئەو سروودە پڕجۆش و خرۆشە دوور نییە هەر ئەو لاوکە‌ بێ کە ئەمڕۆ لە کوردستان ماوەتەوە و ریتمی نییە و ئازاد دەگوترێ!

سۆران

1. پاژێک لە چووارپاژی زاراوەکانی زمانی کوردییە؛ 2. بەشێکن لە کورد کە دانیشتووی نێوان زێی گەورە و زێی بچووکن لە کوردستان واتە رواندز و دەوروبەر کە بە زاراوەکەیان دەگوترێ: زاراوەی سۆران یان کرمانجی ناوەڕاست؛ 3. ناوچەیەکی پانوبەرینە لە کوردستان؛ ئێستا ئەم نێوە لە جێگای نێوی ناوچەی دیانا دانراوە.

ئاریۆ

سەرگری نێوی (ئاریۆ بەرزین) بووە، یەکێ لە سەردارە ئازاکانی کورد، کە لە بەرانبەر هێرشی ئەسکەندەری مەقدوونیدا سەردەمێک خۆڕاگرانە بەربەرەکانێی کردووە. بڕوانە وشەی ئار.

کاڵێ

1. کاڵوکرچ؛ 2. لە کوردستان ئەم نێوە بۆ کچ و بۆ کوڕیش بەکار دەبرێ، لە بنەڕەتدا بەو کەسەی دەگوترێ کاڵێ، کە ڕەنگی قژ و سەروچاوی کاڵ یان زەرد بێ؛ 3. هەوای قەتارێکی لادیواری ناوچەی سنەیە.

ئاردە

تازەداهاتوو، تازەبابەت، نۆهاتی.

خارێز

1. پرپۆڵه‌؛ 2. هێلکه‌ و رۆن.

لاوۆ

رۆڵە، وشەی دەنگدان و دەستوورە، بۆ روو لە کوڕی لاو و گەنج بەکار دێ، وەکوو نەکە لاوۆ، نەکە کوڕۆ.

پلیسە

پلیزرگ، کارتەپەلە، پەڕەسێلکە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!