سەودا

1.سەوا، ئاڵوگۆڕ، ئاڵشت و گۆڕینەوە، مامەڵە؛ 2. بەرەبەیان؛ 3. جیاواز، جیا؛ 4. بۆخاتر، لەبەر؛ 5. تەڕەبیرۆ، نەخۆشیی پێست؛ 6. خولیا، ئیشتیا بەخەیاڵ؛ ئەڤین و دڵداریی.

زارین

گریان بە دەنگی بەرز.

کەژۆک

بەری گیایەکە لە لۆکە دەکا و سپییە، ئاوریشمی خاو.

سۆیلە

نێوی گوندێکە لە لای (تەپەکەل و مالوان) ی شارەزوور، لە باشووری کوردستان.

سێوە

نازنێوی گۆرانیبێژی نەمری کوردی دیان (مەسیحی)، (سێوە)یە کە خەڵکی شاری کۆیە بووە لە کوردستانی باشوور کە قەتارەکانی لە رەسەنترین رەگەزەکانی مۆسیقای کوردین.

ڤێنووس

ئافرۆدیت، ڤینۆس، بتی ئەوین و جووانیی یۆنانییەکان بووە؛ رۆمییەکان بە ئافرۆدیتیان گوتووە: ڤینۆس و ڤینۆسیش یەکەمین پەیکەرێکە کە بە رووتی نوێنراوە؛ هەزبوود شاعیری یۆنانیی بە ڤینۆسدا هەڵیداوە و شیعری گوتووە؛ ئافرۆدیت نەک لە جووانیدا تاک و بێهاوتا بووە بەڵکوو دەسەڵاتی ئەوەشی هەبووە کە ئەو کەسانەی سەرنجیان بەرەو لای رادەکێشرا، لە داو بخا و مەیلیان بداتێ، هەر ئەویشە کە مەیلی بە (پاریس) کوڕی پاشای (تەروا) دا. بەنرخترین پەیکەری ئافرۆدیت (ڤینۆس)، دەسکردی (پراکسیتێڵ)ە کە ئێستا لە (واتیکان) ە و پەیکەرێکی دیکەش کە بەنێوبانگە و (مثلۆس) لێی داتاشیوە، لە پاریسە و دوو پەیکەری دیکەی ڤینۆس لە (رۆم) و (فلۆرانس) ە.

سارۆمە

جۆرێ چەک یا تفەنگ.

لوتکە

نووک، دوند، ترۆپک، کەپک، پۆپە، قەلەپۆپەی چیا و کێو.

مەستانە

ژنی چاومەست و جوان و دڵگیر.

سمکۆ

کورتکراوەی نێوی (سمایل)ە؛ لە زاراوەی کرمانجیدا تیپی (ۆ)، پاشگری نێوی نێرینەیە و ئامرازی بچووککردنەوەیە بە واتای خۆشەویستیی، وەکوو: سمکۆ، دیمۆ، جەمۆ؛ سمکۆ، نازنێوی (سمایلاغا) ی شکاک، سەرۆک هۆزی شکاک بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە دژ بە حوکوومەتی رەزاشا، بەهیوای رزگارکردنی کوردستان راپەڕی و لەگەڵ ئەرتەشی شپڕێوی ئەو کاتەی ئێران بەشەڕ هات، بەڵام ئێوارەی رۆژی 30 ی جۆزەردانی ساڵی 1309 (1931) ی زایینیی کە دەکاتە 2543 ی کوردیی وەبەر گوللەی چەتەکانی رەزاخان کەوت و بوو بە سەرلەپێناوی رزگاریی کوردستان. سمایلی شەریفزادەش کە بە دەستی چەتەکانی رەزا پالەوی لە دارێنەی لای بانە بە فیتی (مەلا شەریف)ی جاشەکورد کەوتە داو و شەهید کرا، بە (سمکۆ) نێودێر کرابوو.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!