نەرمێ
نەرم و نیان، ئاماژە بە دڵبەری نەرم و نۆڵ، پێچەوانەی زبریی و بتەویی.
گوڵخواز
جووانویست، کەسێک کە حەزی لە شتی وێنەی گوڵە.
نەیری
1. لە گاتاکاندا وشەی (نەیر)، لە زەند و پازەندی کۆندا، مانای (ئاگر) دەدا؛ 2. نەیری واتە: لە تیرەی (ئاگرپەرستان)؛ 3. هەروەها نەیری واتە ئەو تیرەیەی کە ڕەزەوانن و ترێ ڕەنێو دێنن؛ 4. هەروەتر نێوی گۆڕەپانێکی پان و بەرینە لەلای سەرووی گوندی (سەبان)ەوە لە ناوچەی هەڵەبجە؛ 5. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری ناوچەی شارەزوورە؛ 6. نەهری یان نەیری ناوچەیەکە لە وڵاتی شەمدینان؛ 7. هەروەها تیرەیەک بوونە لە کورد کە لە کۆندا دوو ڕەتەوەی (سۆبار و گۆتۆ)یان لێکەوتۆتەوە؛ 8. مینۆرسسکی و توردانگین دەڵێن: ناوچەی (نەیری) یان (هۆبشکا)، بە شیو و دۆڵەکانی (بۆتان) گوتراوە کە لە کاتی خۆیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبووە؛ مەیجەرسۆن دەڵێ: ئەگەر تەماشایاکی سەردەمی گۆتییەکان بکەین، کە لە دۆژ سەدەکانی (12 و 15) ی بەر لە زایین ژیاون، دەبینین ئەم نەیریگەلە کە پێش میدییەکان کەوتبوون، لە کوردستانی ناوەڕاستدا ژیانێکی باشیان هەبووە و دەسەڵاتێکی وایان هەبووە کە ترس و لەرزیان خستبووە دڵی هاوسێکانیانەوە. هەر ئەم نەتەوەیە بوو کە لەپاشان نێوی گۆڕدرا و بوو بە (کورد)؛ وڵاتی نەیرییەکان لەو سەردەمەدا لە زەلیای ناوەڕاست لە ڕۆباری گەورەوە دەستی پێدەکرد هەتا سەرچاوەی ڕۆبارەکە. میدییەکان کە حوکوومەتەکەیان تێدا چوو، بەرەبەرە ڕوویان کردە ئەم شوێنە و ئاوەدانیان کردەوە.
پڕشنگ
تیرێژ، تیشکی رۆژ، پریشکی ئاگر.
گازە
1. شفرەی چەرمبڕینی پینەچی؛ 2. گاز، گات، بانگکردن، قاوکردن، چڕین؛ 3. بهانە گرفتن بچە؛ دەنگی هاتنی گۆرانی؛ 4. پرتەوبۆڵە؛ 5. سروود یان گۆرانییەکانی زەڕدەشتی پەیامهێنەر؛ وشەی (گاتا)کانی زەڕدەشت لە وشەی (گاز)ی کوردیی وەرگیراوە، کە لە بنەڕەتدا وشەیەکی کوردییە و واتای بانگکردن و ئیلهامپێگەییشتن دەدا. وشەی (هات)ی ناو (گاتاکان)یش هەر وشەیەکی کوردیییە کە ئەویش واتای (نەدا)، یان (فەرمانهاتنەسەر) دەدا، واتە هاتنی نەدا لە ئاسمانەوە.
سارمە
1. سالمە؛ 2. نەخشی تەقەڵدرووی زین؛ 3. بەری گیایەکە بۆ دەرمان بەکار دێ و زۆر بەنرخە، هەروەها بنەکەی بۆ دەقی چیت بەکار دێ؛ 4. گوڵینگەی لە ئاوریشم و تاڵەزیو؛ 5. قۆزاخەی پەموو؛ 6. دۆڵمەی گەڵا؛ 7. جۆرێک هەرمێ.
لیسا
شوێنی کاتیی باڵندان لە ناو داران.
هانە
1. هانکە، کانی، سەرچاوە؛ 2. دنە، هان، هانەهانەی مەدە؛ 3. هەناسە، هانەم بڕیا ئەونە پفم پێدا کرد؛ 4. ئەوەتان، ئەوەتا، هانە ئەو ناوه بۆ خۆیان کایە دەکەن.
بزۆک
1. دژی نەزۆک، زیرەک و پڕجووڵە؛ 2. هەڵبەز و دابەز؛ 3. زۆر بەزکوزا؛ 4. تەمبوور، ئامێرێکی مۆسیقایی یە لە شێوەی ساز و سازدیوان کە پەردەکانی لەگەڵ ساز هەندێ جیاوازە و یۆنانییەکان پێدەڵێن: بزوق؛ تورکی تورکیە ئامێری (ساز) و (سازدیوان) یان لە رووی (تەنبوور) کە سازێکی کۆنی کوردییە و هی ئەلحەقەکان و ئیزەدییەکانە، درووست کردووە. 5. تەنبوور یان تەنبوورە، لە دوو وشەی یۆنانیی پێک هاتووە: (تەن و بوورە) کە (تەن) واتە: دڵ و (بوورە)ش واتە: هەڵکڕێن، یان بریندارکردن کە پێکەوە واتای تەنبوور دەبێتە: دڵکڕێن، یان دڵکزێن؛ 6. بە واتایەکی دیکەش مانا دەکرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە (تەمب یان تەنب) دەبێتە رشتە و (وور) بە واتای خاوەن دێت، واتا: رشتەدار؛ 7. بەڵام لە راستیدا کە تەمبوور سازێکی کوردییە، لە دوو وشەی (تار و موور) کوردیی پێک هاتووە کە واتای تاری شیوەنکردن دەدا و یارسانەکان و ئیزەدییەکانیش لە کاتی نیایش و ستایشی ئایینیی و شیوەنکردندا بە کاری دەبەن و ئەم وشەیە بە راستییەوە نزیکترە و نێوەکەی گۆڕانی بە سەردا هاتووە و بۆتە: تەمبوور یان تەموورە. ئەردەشێری پاپەکان یەکێ لە باشترین تەموورەژەنەکانی سەردەمی خۆی بووە کە لە کارنامەکەیدا بەم چەشنە ئاماژەی پێ کراوە: پاش هێرشی ئەسکەندەری مەقدوونی و هەڵپێچانی پاشایەتی هەخامەنشییەکان لە سەرانسەری ئێران، 240 کوێخا ئێرانیان بەڕێوە دەبرد. ئەردەوان کوێخا و حوکمڕانی سەرزەوینی پارس بوو. نێوبانگی ئەردەشێر بە گوێی ئەردەوان گەییشت و بانگهێشتنی کرد بۆ وڵاتی پارس و سەردەمێک میوانداریی ئەردەشێری کرد. رۆژێک ئەردەشێر لە شکارگاکەی ئەردەواندا ئازایانە گۆڕێکی پێکا و کوشتی. خەڵک ئاگادار بوون کە کێ پێکاویەتی. ئەردەوان گوتی من پێکاومە و ئەردەشێریش لەم درۆیەی ئەو تووڕە بوو و لەگەڵ ئەردەوان بە شەڕ هات. ئەردەوان ئەردەشێری لە گەوڕدا زیندانیی کرد. ئەردەشێریش کات و ساتی خۆی لە زینداندا بە تەموورەلێدان و گۆرانیچڕین تێدەپەڕاند، بەڵام دوای ماوەیەک بە یارمەتی یەکێ لە دەسیارەکانی ئەردەوان لە زیندان هەڵات و پاش ماوەیەک دەسەڵاتی ناوەندیی و بەهێزی ساسانییەکانی پێک هێنا. نێوی باوکی ئەردەشێر ساسان و نێوی باوکی دایکیشی پاپەک بووە. هەروەها لە کارنامەکی ئەردەشێری پاپەکاندا هاتووە کە نێوی کوردستانی ئێستا لەو سەردەمەدا (میدیا) بووە و نێوی یەکێ لە پاشاکانی میدیا کورتان شا یا کوردان شا بووە کە لەگەڵ ئەردەشێر بە شەڕ هاتووە. لە فەرهەنگنامەکەی (دێهخودا)دا هاتووە کە: سازێکی دیکە لە ئێراندا بە نێوی تەنبوور هەیە کە مێژینەیێکی کۆنی هەیە, ئەم سازە دوو سیم یان تەلی هەیە و بە دەستی راست دەژەندرێ و ئێستا لە کوردستاندا باوە, بە پێچەوانەی عوود کە دەسکێکی لاری هەیە، دەسکی تەنبوور راست و بەرزە و وەکوو تار پەردەبەندیی دەکرێ، بەڵام، پەردەکانی ئەم کەمە. لە فەرهەنگنامەی (موعین)یشدا لانیکەم هەر وا باس کراوە. لە کۆندا نێوی دوو تەموورە بەنێوبانگ بووە: یەکێکیان تەموورەی خوراسانیی و ئەوی دیکەشیان تەمووری بەغدادی کە هەر دووکیان لە کوردستاندا باون و لەوێ دەهەڤۆترێن. لە فەرهەنگنامەی عەرەبیشدا باسی کراوە، بەڵام چونکە کورد بێخاوەنە، لەسەر نێوی داگیرکەرەکەی تۆمار کراوە. لە کۆپەڕان و لە ناو نەتەوەکانی دیکەی دنیادا تەموورە زیاتر لە 20 نێوی هەیە.
پەرکانە
1. سەرچنکردنی کڵاش و گیوە؛ 2. رنینی پەڵکی سەرەوە لە تووتن و ریحانە؛ 3. نێوی گوندێکە لە باشووری کوردستان.