قەسری
قەسرین، لەسەرمادا تەزیو، سەرمابردوو.
دارۆ
1. وشەیەکی هەورامییە و واتای (هەیە) دەدا، وەکوو: هەرکەسێ کەسێ دارۆ یار نەوڕەسێ دارۆ؛ 2. کورتکراوەی نێوی (دارا) یە.
سەپکە
سەپک، رنەک، کولێرەی لە ئاردی دورشت. ئەم (سەپک) ە دوورە لە سەبکی بەواتای شێواز!
پەریوار
پەری شێوە، وێنەی پەری.
خۆکار
ئامرازێ کە سەربەخۆ کار دەکا و کاری دەست ئەنجام دەدا.
پرووکە
ترووکە، دەنکی وردی بەفر.
ماکوان
شاخێکی بەرزە لە باشووری کوردستان.
ئاشۆت
بەفری لەسەریەک کۆوەبووی داوێنی چیا، رمەبەفری لاپاڵان.
باڵار
باڵادار، کاریتە، دیرەک، دارێکە بۆ سفتکردنەوەی فرێتی قاڵیکردن بەکاری دەبەن.
مێدیا
1. ماد، مەدیا، میدیا، نێوی دەوڵەتی مادەکان بووە؛ 2. ئەو شوێنەی کە مادەکانی لێ ژیاون؛ (میدی) یەکان لە رەگەزی هێند و ئورووپی بوونە و لە سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین، لە رۆژهەڵاتی زەلیای کاسپین یان قەزوێنەوە چوونەتە رۆژاوای باکووری کێوەکانی ئێران واتە وڵاتی (میدیا) و وردەوردە دەسەڵاتیان بە سەر دراوسێکانیشیاندا پەیدا کردووە و لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، حوکوومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندووە و نەتەوەی پارسیشیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و شاری هەگمتەنا یان هەکمتان، هەمەدان) ی ئێستایان کردووە بە پایتەخت، بەڵام ساڵی 550ی بەر لە زایین بە دەست کوورشی هەخامەنشی بەزیون و لە دەسەڵات کەوتوون. وشەی ماد دواتر لە سەردەمی ساسانییەکاندا بووە بە (مای) و پاشان عەرەب کردوویەت بە (ماه)، بۆ میناک بە دینەوەریان گوتووە: ماه بەسرە و بە نەهاوەندیش: ماه کووفە! بڕوانه بۆ وشەی ماد.