هەمینیا

نێوی شارۆچکەیەک بووە لە ناوچەی کوردنشینی نەعمانییە لە باشووری کوردستان، کە بە دەستی حکوومەتی بەعس کرا بە عەرەبنشین. ئەمەش نێوی هەندێ لەو گوندانەی کە لەو ناوچەیە و ناوچەکانی دیکەی فەیلینشینی باشووری کوردستان‌ هەموویان لە کورد چۆڵ کران: دەفاس، جاسب، کۆرسەنگ، کەشاری، هۆرە، قەرەتەپە، بەگشیە، دێرمان، چلاوە، سۆدنە، کۆکس، مەرتاج، شالەک، کەسارە، کەشیرۆ، سیلان، کەوام، شەتیوەر، ناریجە، ئاگرۆزە، شەلاهان، مەزەک و زۆری دیکە.

ساوەرز

نێوی چیایەکە لە باکووری کوردستان لە ناوچەی حەکاری کە 3189 میتر بەرزە.

تافە

1. گوڕە و هاژەی ئاو و بای بە قەوەت؛ 2. هەڵدێر، تاڤگە، تافینە، قەڵوەز، قەڵبەز، قەڵەمباز.

بەهرێز

پارێز، تەکینەوە لە هەندێ خواردن که دوکتۆر دەڵێ.

سنجان

1. نێوی گوندێکە لەناوچەی مەنگوڕان؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردییە؛ 3. پاشنێوی عەوڵا سنجانی شایەری موکریان بوو.

جاسەنە

گاسانە، گاسەنە، جاسەنە گوندێکە نزیک بە گوندی قەمچۆغە کە هەردووکیان له نێوان هەردوو چیای سارا و ئەژدەهاک هەڵکەوتوون و نزیک به گوندی (کانی خان)ن کە ئەویش لەسەر جادە هەڵکەوتووە. لە نزیک گوندی جاسەنە ئەشکەوتێک هەیە که بە ئەشکەوتی (جاسەنە) بەنێوبانگە و ئەشکەوتێکی کۆنی مێژوویی یە کە شوێنەواری کۆنی تێدایە و نزیک بە گوندی سوورداشە نزیک شارۆچکەی دووکان لە ناوچەی سلێمانی لە باشووری کوردستان.

پەترۆ

قرتماخە، تێ، تۆژگ، توێژی تەنکی سەربرین، برینێک تازە توێژی بەستبێ، برینی پەترۆبەستە.

کۆمارا

گوندێکە لەناوچەی پاوە لە کوردستان.

کۆماس

نێوی هۆزێکی کوردە لە نێوان سنە و مەریوان و سەقز، کە پێیان دەگوترێ هۆزی کۆماسی.

پەرچان

1. لە دڵ گرتن، (مەپەرچێنە دڵ)؛ 2. خوارکردنەوەی بزمار و شتی وا؛ 3. کۆی پەرچ و پەرژین.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!