وێرا

ئازا، نەترس.

تیرمە

ناوچەیەکی کوردنشین بووە لە ناوچەی کووت کە مەسیحیشی تێدا ژیاوە و (ابن روستەم) لە کۆپەڕی (الاغلاق النفسیە) دا لە باسی شاری کووت بەر لە ئیسلام باسی کردووە و کوردی فەیلی تێدا ژیاوە.

ئەستێن

وەرگر، پاشگری کرگارییە، وەکوو: تۆڵەئەستێن، شارئەستێن، شارستێن.

ئەستەم

1. وشەیەکی کۆنی کوردی کەڵوڕییە واتە حەستەم، دژوار، ئاسی؛ 2. زوڵم و ستەم، ئێش و ئازار؛ 3. ئەم وشەیە لە موکریان و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان بەکار دێ.

کاردۆنیا

کوردۆنیا، یەکەم دەوڵەتی کورد بووە، لە 1714 ی بەر لە زایین؛ لە تیرەی (کاسای، کۆسی، کۆشۆ، گۆتی، گۆسی، گۆسان)؛ یەکێک بوونە لە هۆزە دانیشتووەکانی چیای زاگرۆس، کە چوار هەزار ساڵ زیاترە دانیشتووی ئەوێن و لە پێشدا لە کێوەکانی قەفقاز (قەوقاس) ەوە هاتوونەتە ئەوێ و نیشتەجێ بوونە، بەڵام مێژووی هاتنیان هەتا ئێستا بە دروستی روون نەکراوەتەوە و ئاکادییەکان ئەمانەیان بە کاشۆ نێو بردووە؛ ئەم (کاشۆ)گەلە هەر ئەوانەن کە کۆپەڕی پیرۆز بە (گۆشی یان گۆسی و گۆسان) نێویان دەبات و ئەمانە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمی بەر لە زایین وڵاتی بابلیان گرت و لە وڵاتی سۆمەر و ئاکاددا حکوومەتێکیان بە نێوی کوردۆنیا، ئان کاردۆنیا دامەزراند.

ڕەژان

1. چاورشتن؛ 2. مووڕەنگکردن.

گەردوون

1. زەمانە؛ 2. جەڕجەڕە، چەرخی ئاو لە بیر هەڵێنجان، ئاوهەڵگۆز، ئاوهەڵکێش؛ 3. تەگەری عەڕابەی گەورە.

ئارتیم

پاڵەوانێکی سەردە‏می مادەکان بووە. بڕوانە وشەی ئار.

ڕامتین

نێوی چنگژەنێکی سەردەمی خەسرەوپەرویزی ساسانی بووە.

سیروان

رۆباری خوڕ و بەلەز؛ نێوی چۆمێکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سێ شوێنەوە سەرچاوە دەگرێ و دەڕژێتە لەمپەری دەربەندی خان لە باشووری کوردستان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!