ڕامە
رامکە، ماڕکه، راوکە، ئەو هێلکەیەی دەبن مریشکی دەنێن بۆ ئەوەی هێلکەکەی لە شوێنێکی دیکە نەکا و دەڵەی نەکا.
یاقووت
بەردێکی سووری گران و بەنرخە کە بۆ نگینی ئەنگوستیلە و نێوان لیرە و شۆڕاوکەی گوارە و هیدیکە بەکار دەبرێ.
قومری
یاکەریم، باڵندەیەکی کێوییە لە تیرەی کۆترەباریکە، تۆزێک لە کۆتر بچووکترە، رەنگی لە خاک و خۆڵەمێش دەچێ و راو دەکرێ، گۆشتی دەخورێ و سەر باڵی شینە و نیوەبازنەیەکی رەش کەوتۆتە پشت ملی؛ داشکەلەم، جۆرێ کەلەمی بێگەڵایە.
موکری
1. موکوڕ، مکووڕ، خەستۆ؛ 2. بوێر، نەترس و ئازا؛ 3. خەڵکی سەرسەخت و یاخی؛ 4. چیانشین؛ 5. نێوی هۆزی موکرییە لە موکوریان کە داگری چەندین شار و ناوچەیە. دوای ئەوەی کە شاری کۆنی ئادریاس، لە نزیک شاری مەهابادی ئێستێ، لەسەر تەپکی مەحموود خان، دانیشتوانی رووی لە کەمی کرد، شارۆچکەیەک ساز بووە بە نێوی مەکران، کە وشەی موکوریان لەو وەرگیراوە. شارۆچکەی مەکران، بەگەورەیی و گرنگی دوو شار چێری و ئادریاس نەبووە، ئاسەواری ئەو شارۆچکەیە تەنیا هەندێ شتی ئەنتیکەیە کە وەدەست کەوتووە. نزیکەی چووارسەد ساڵی بەر لە زەمانی سەفەوییەکان، شاری سابڵاغ (ساوجبڵاغ)، کە وشەیەکی تورکیە و واتە: کانیسارد، ساز کرا و شارۆچکەی مەکران وردەوردە لەناو چوو. سەفەوییەکان هەرچەند بە بنەڕەت کورد بوونە، بەڵام زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی برادۆست و موکوریانییان سەرکوت کردووە و بە سەر فرە ناوچەی کوردستاندا زاڵ بوونە. هۆزی موکری کە لەگەڵ سەفەوییەکان بەشەڕ هاتوون، لە زستانێکی سارد و سەخڵەتدا لە کێوێک نزیک قاراوی مەنگوڕ، لەسەرمان قڕیان هاتووە و ئێستا بەو کێوە دەڵێن: موکریقڕان. بۆ موکوریانیش مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی دەڵێ: موکوریان لە بنەڕەتدا موغریان بووە کە گۆڕدراوە بە موکوریان واتە: رێگای موغەکان، یان ئاگرپەرستەکان. ئاترگەی شینر لە تیکاپ و پەرسگەی کەرەفتوو لەلای سەقز، کە هەموویان لە ناو خاکی کوردستان هەڵکەوتوون، جەختن بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم بەڵگەیە.
زازێ
شەرمن، کەمدوێ، کەمقسە.
زێوار
پەراوێز، قەراخە.
حاجیلە
گوڵێکی سپی ناوزهرده، گیایهکه لهناو دهخڵ دهڕوێ.
گۆنا
گوپ، کوڵم، کوڵمە.
کوردۆ
1. گۆڕدراوی وشەی (کارداک) و پاشان (کاردۆ)یە کە ریشەکەی وشەی (کورد)ە؛ 2. جۆرێک قەتاری کوردییە لە بەیات کورددا؛ بەیات کورد کە گۆشەیەکی بێ چارەکی بەیاتە، لەناو زۆر میللەتی دنیادا هەیە و بەنێوبانگە!؛ وشەی کوردیش هەر لە کۆنەوە هەبووە، بەڵام بەم شێوەگەلەی خوارەوە: کاردا، کارداک، کاردۆخ، کوردۆ؛ ئەو شاعیرانەش کە لە کۆندا نێوی کوردیان لە هۆنراوە و هەڵبەستدا هێناوە، ئەمانەی خوارەوەن: (منتهی الارب)، (فردۆسی)، (بیهقی)، (سوُزَنی)، (مولوی)، (روُدَکی)، (عمارە)، (سعدی)، (غزالی لوکری)، (اَنجمن آرا). بە تایبەت روودەکی بۆ خۆی کورد بووە، بە پێی ئەم شیعرەی کە گوتوویەتی: از رخت و کیای خویش، من رفتم و پردختم چون کـٌـــرد بماندستـم تنها من و این باهــــــو بەو جۆرەی کە مێژوو نیشانی دەدا، نێوی کورد دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵی بەر لە ئێستا، کە لە سەردەمی بەردێ نوێدا سەرقاڵی کشتوکاڵ بووە، بەڵام کۆنترین بەڵگەیەک کە نێوی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی رەسمیی و فورمیی تێدا تاپۆ کراوە و بەڵگەیێکی جوغرافی مێژوویییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتسەد ساڵی پێش ئێستا، واتە سەردەمی سەلجووقییەکان، کە حەمدوڵڵا مستەوفی باسی دەکا و ئەویش پێکهاتەیێکی کۆمەڵایەتی جوغرافییە، نەک پێکهایێکی کۆمەڵایەتی سیاسی! نەخشەی کوردستان لە کۆندا ئەمە نەبووە کە ئێستا هەیە، کوردستان بە پێی نووسینی جوغرافیناسانی کۆن، سنووری کوردستان بازنەیەک بووە کە خاکی کوردستانی دەورە داوە و بازنەکەش بە قەراخ ئازەرباییجاندا هاتۆتە خوارێ بۆ قەزوێن و سوڵتانییە و هەمەدان و دەماوەند و بەشێک لە ناوچەی شیراز تا ئەهواز و ئابادان هەتا سەر کەنداوی فارس، لەو لاشەوە لە لای بەسرەوە بۆ کووت و عەمارە و مەندەلی و خانەقین و جەبەل عەمرەین و بەشێک لە تیکریت و دیجلە و فۆرات و مووسڵ و ئەسکەندەروونە و حەتای و سێواس و مووش و ئەرزنجان و قارس و ئەرزەڕۆم هەتا هاتۆتەوە لای ئەرمەنستان. بڕوانە بۆ کاردۆ.
کیان
سەروەری، قەوارەی حوکمڕانی