باجەڵان

بەت گلا، بەت جلا، باجەڵان، نێوی هۆزێکی کوردە لە هەرێمی کرماشان، کە دەبنە دوو تیرە: (جەمەوەر و قازانلوو). هۆزی باجەڵان لە دەوروبەری قۆرەتوو و هەورێن و شێخان و قەسری شیرین و قازانییەی مەندەلی و ناوچەی دەرگەزێن و دەیژ و لەلای (قەزوێن) یش هەن. بۆ واتای وشەی باجەڵان بڕوانە وشەی کەڵوڕ لە بەشی کوڕان.

دەیلەم

1. باریی، لۆسە؛ 2. نێوی هۆزێکی کوردە لە خوراسان کە بە دەستی شاعەباسی سەفەویی، گۆڕبەگۆڕی بە رەتەوە کورد، هەڵداژراونەتە ئەوێ.

مێخەک

لە ناوچەکانی هەولێر و ڕواندز و دەوروبەر بە مێخەک دەڵێن: قەنەفڕ، یان قەنەفڵ؛ لە باکووری کوردستانیش دەڵێن: نەفەل؛ مێخەک: گوڵی درەختێکی گەرمیانییە، بۆنی زۆر خۆشە و وشک دەکرێ و ژنان لە بەرۆک و سینگی خۆیانی دەدەن، مێخەک بە وشکی تا چەند ساڵ بۆنی هەر دەمێنێ و هەر جارێک کە لە ئاوی هەڵکێشی، یان بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو ئاودا بیهێڵیتەوە، پاش ئەوەی کە لە ئاوەکەت دەرهێنا، بۆنی هەر وەکوو ئەو یەکەمجارەیە کە لە دارەکەت کردبێتەوە؛ مێخەک هەروەها بۆ ددانئێشەش بەکاری دەبەن.

هاوا

نێوی کێوی دەماوەندە لە ئاوێستادا.

ئادینان

گوندێکە لە نێوان گوندەکانی کاکەسیا و ناسراوا لە ناوچەی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بڕوانە وشەی ئاد.

بەستە

1. بەهرە، فاییدە، (چی تێدا بەستە نییە)؛ 2. دەسک، چەپک، چەپە، باقه؛ 3. گۆرانیی سووکەڵە و بنبزێوکە؛ 4. پەیوەند، (کارەکە بەستە بۆ تۆیە).

ئەزین

نێوی میری (جزیر و بۆتان) و باوکی (خاتوو زین)ی دڵداری (کاکە مەم) بووە. لە زمانی کوردیدا، خاتوو واتای خانم و (کاک یان کاکە)ش مانای براگەورە و ئاغای فارسی دەدا.

ژیلەوەر

ژینەوەر، زیندەوەر، گیاندار.

فانۆس

تالم، چەروەن، جۆرێک چرای ئیگلیسیی.

گوڵبەدەم

تەرزی ناسک، خەیار و هەناری ساوا.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!