شیلە

1. هەنگووژە، شیرە یان تراوی گژ و گیا و گوڵ و دار و دەوەن؛ 2. شیلەی هەنگوین؛ 3. هەروەها نێوی جۆرێک گیایە کە لەناو گەنمدا دەڕوێ و (زووانشەلمک) یشی پێدەڵێن؛ 4. نێوی گوندێکی کاولکراوی کوردستانی باشوورە.

فەرات

1. فرەهات؛ فورات، فرات؛ 2. تیژڕۆ؛ 3. چۆمی پڕئاو؛ 4. ئاوی شیرین و پاک بۆ خواردنەوە؛ 5. چۆمێکە لە دوو کەرت پێک دێ، کەرتێکیان چەمی قەرەسووە، کە لە (دوملوتەپە) ی باکووری ئەرزەڕۆم لە کوردستانی باکوور‌ سەرچاوە دەگرێ و 640 کیلۆمیتر درێژایی یە و سەرچاوەی کەرتەکەی تری کە پێیدەڵێن: چۆمی موراد و قەرەسوو، لە باکووری رۆژاوای شاری ئەلازیک، لە کوردستانی باکوور‌ سەرچاوە دەگرێ و هەموویان وێک دەکەونەوە و چۆمی فورات پێک دێنن، کە 647 کیلۆمیتری دیکەش بە کوردستاندا دەڕوا. فورات و دیجلە لە نزیک شاری بەسرەوە تێکەڵ دەبنەوە و دەبن بە یەکاوی عارەبان (شطٌ العَرب)، کە دەڕژێنە کەنداو (خلیج) ی فارسەوە.

ڕوخسار

دیمەن، دەموچاو، روومەت.

کارۆس

کارۆش، کاراس، گیاکارۆس رووەکێکی بۆنخۆشە.

ژاڵە

لووڕک، روول، روولک، دارێکی هەمیشە سەوزی تاڵە، گەڵای وەک گەڵای بیی وایە بەڵام تۆزێ پانترە و گوڵی سوور و سپی دەگرێ؛ ژاڵە نێوی دوو گوندە لە ناوچەی سەنگاو و تانجەڕۆ؛ باشووری کوردستان بەتایبەت بادینان، دارژاڵەی خۆڕسکی هەیە.

نیاک

نیا یان نیاک، وشەیێکی کەڵوڕییە واتای: باو باپیران دەدا.

گوڵڕوو

روومەت وەک گوڵ، دیمەن چەشنی گوڵ.

ژووار

1. ژانی زۆر، ئازاری سەخت؛ 2. گوندێکە لە هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان .

نەڵاس

گوندێکە نزیک سەردەشت کە بەسەر چۆمی (کەڵوێ) وە هەڵکەوتووە. بڕوانە (بەیتاس) لە بەشی کوڕان.

لەیلێ

1. گراوی مەجنوونی بەنێوبانگ؛ 2. سەربەند و ناوبەند و پاشبەندی چەندین گۆرانیی کوردییە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!