شێرزاد حەسەن لە چی دەدوێ؟

بەلام شێرزاد جودا لەوەی نووسەرێکی جیدی بووە و هەیە و ئەو جیدی بوونە لەو بەرهەمانەی و بەتایبەت لە نۆڤلێتی "حەسار و سەگەکانی باوکم"دا وەبەرچاو دەکەوێ. بەڵام لایەنێکی دیکەی کەسایەتی و نووسینی شیرزاد حەسەن، لایەنی ڕۆشنگەر بوونی ئەو نووسەرەیە.

 

هەموومان "شێرزاد حەسەن" وەک نووسەر دەناسین. نووسەرێک کە بە وەرگێڕانەوە هاتە ناو پانتای نووسینی کوردییەوە. هەندێک بەرهەمی باشی نووسەرانی بیانیی لە زمانی ئینگلیسییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و دەلاقەیەک بووە بۆ ئاشناکردنی جیلی نوێی خوێنەر و نووسەری کورد لەگەڵ ئەدەبی گەلانی دیکە. ئەو دەقانە لە  بواری جیاواز و بە ناوەرۆکی جیاوازەوە بوون. سەرەتا شیرزاد گرینگییەکی زۆری  بە دەقە شانۆییە بیانییەکان دەدا و دواتر لە بواری چیرۆک و شیعریشدا چەند دەقێکی وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و لە ڕۆمانیشدا ڕۆمانی ناسراوی "ژیان لە شوێنێکی دیکەی"، "میلان کۆندێرا"ی وەرگێڕا. کۆی وەرگێڕانەکانی شێرزاد حەسەن لە بوارە جیاوازەکان بریتین لە:

"قەلەڕەش و زەنگەکان": گوڵبژێرێک لە شیعری بیانی

"گەنجە ئازاکەی سەر جۆلانەکە": ھەڵبژاردەیەک لە چیرۆکی بیانی

شانۆنامەی "پەڕ بە سەر": لە نووسینی ناسلین هوسورن

شانۆنامەی "مارا سات": لە نووسینی پیتەر ڤایس

شانۆنامەی "فریشتەیەک لە بابل دادەبەزێت": لە نووسینی فریدریش دێرنمات

شانۆنامەی "مەرگەساتی شا لیر": لە نووسینی ویلیام شێکسپیر

شانۆنامەی یەک پەردەییی "کسلینی ھولیان، یان پیرەژنە ھەژارەکە": لە نووسینی ولیەم بەتلەر بیتس

شانۆنامەی یەک پەردەییی "ڕمان": لە نووسینی سۆل بێلۆ

شانۆنامەی "فریشتەیەک لە بابل دادەبەزێت": لە نووسینی فریدریش دێرنمات

شانۆنامەی "گوندەکانی بەرەو مانگ ھەڵدەکشن": (لە عەرەبییەوە) فرحان بلبل

شانۆنامەی "بە تووڕەیی ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەرەوە": لە نووسینی جۆن ئۆزبۆرن

"ژیان وا لە شوێنێکی دیکە" لە نووسینی میلان کوندێرا

"ڕامیاری" لە نووسینی کێنت مێنوک

 لە لایەکی دیکەوە شێرزاد حەسەن بە بڵاو کردنەوەی یەکەم چیرۆکەکانی لە "گوڵی ڕەش"ەوە تا دەگاتە "گەڕەکی داهۆڵەکان" وەک چیرۆکنووسێکی کارامە و جیاواز لە زمانی کوردیدا دەرکەوت. جۆری فەزاسازیی شێرزاد لە چیرۆکدا، ئەو کەسایەتییانەی هەڵیدەبژاردن و هەڵیاندە بژێرێ و ڕاوێژ و تیپیان لەگەڵ کۆی ئەو کەسایەتی و فەزا و تیپانەی پێش ئەو لە چیرۆکی کوردیدا بوون جیاوازە. ئەوەی لای شێرزاد لە چیرۆکەکانیدا یەکجار بەرچاوە کەشی کۆمەڵگای کوردی و بناخەی بنەماڵە و تێگەیشتنی مرۆڤی کورد لەو کەش و بنەمایەیە. ئەو کاریگەیی دەسەڵاتی سیاسییش لەسەر مرۆڤ و بنەماڵە و کۆمەڵگا لە چیرۆکەکانیدا بە باشترین شێوە دەگێڕێتەوە. گرینگترین بەرهەمەکانی سێرزاد حەسەن لە بواری چیرۆکدا بریتین لە:

"یادگارەکانی قەڵەڕەشێک": کۆمەڵەچیرۆک

"فرمێسکەکانی کوکوختی": کۆمەڵەچیرۆک

"تەنیایی": کۆمەڵەچیرۆک

"گوڵی ڕەش": کۆمەڵەچیرۆک

"گەڕەکی داھۆڵەکان": کۆمەڵەچیرۆک

بە تایبەت چیرۆکەکانی: پیرەپەپوولەکانی ئێواران، گوناحی سپی، من و قالە و سەگەکەی باڤلۆڤ، ڕەنگاڵە، زەلکاو، گەمەی گۆڕینەوەی قەڕەوێڵەکان، کوودەتای کەروێشکەکان، ماڵێک لە ئاو، مارلین، تابلۆیەکی ناتەواو.

بەڵام سەرەڕای ئەوانە شێرزاد بە نووسینی کورتە چیرۆکەوە دانەمەزرا و ڕووی لە ئاقارێکی دیکەی نووسینیش کرد کە ڕۆمان نووسینە. ئەو چەندین ڕۆمانی نایابی لە ئەدەبی کوردیدا خوڵقاندووە: "تەمی سەر خەرەند"، "ژنێک بەسەر منارەوە"،"پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان" لەو بەرهەمە بەهێزانەن کە لەو بەشەدا دەتوانین ناویان بەرین. ڕۆمانیش لای شێرزاد حەسەن هەم بەستێنێکە بۆ دەرخستنی تواناییەکانی نووسەرێکی داهێنەر و هەم کەشێکە بۆ گێڕانەوەی دەروون و بەسەرهات و زانین و نەزانین و کێشە و پڕۆبلماتیکی مرۆڤی کوردی. ئەگەر بۆ نموونە لە ڕۆمانی "پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان" بڕوانین هەموو ئەو لایەنانەی پێکەوە بردووەتە پێشێ. "پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان"ی شێرزاد، زیرەکانە و داهێنەرانەیە، چون نوسەرێک بۆ یەکەم جارە لە زمانی بەیت و حەیران بۆ گێڕانەوەی ڕۆمان کەڵک وەردەگرێ بێ ئەوەی مێژوو باس بکا و بکەوێتە داوی گێڕانەوەی گێڕانەوەکانی دیکەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەو کەشەی ژن و کچی کورد بە ئەوین و بەربەست و ژیان و مان و نەمانیەوە دەیچێژێ، دەگێڕێتەوە. لە بواری ڕۆمان دا شیرزاد حەسەن ئەو بەرهەمە نایابانەی پیشکەشی خوێنەری کورد و کتێبخانەی کوردی کردووە:

دوا شەوی دابەزینی عیسا

ژنێک بەسەر منارەوە

پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان

تەمی سەر خەرەند

حەسار و سەگەکانی باوکم

خەونی جاڵجاڵۆکەکان

ژنێکی منگن

شێرزاد حەسەن بەو  بوارەشەوە ناگیرسێتەووە و بە نووسینی شیعریش بەشداریی پڕۆسەی نووسین بووە. "دارشەقەکانی نیشتمان" دوایین  حەولی شیرزادە لەو بوارەدا. پێشتریش دوو بەرهەمی"باڵەکانی فریشتە" و " دوو ژن و دوو پیاو"ی هەر لەو فەزایەدا خوڵقاندبوو.

بەلام شێرزاد جودا لەوەی نووسەرێکی جیدی بووە و هەیە و ئەو جیدی بوونە لەو بەرهەمانەی و بەتایبەت  لە نۆڤلێتی "حەسار و سەگەکانی باوکم"دا وەبەرچاو دەکەوێ. بەڵام لایەنێکی دیکەی کەسایەتی و نووسینی شیرزاد حەسەن، لایەنی ڕۆشنگەر بوونی ئەو نووسەرەیە. نووسەرانی  وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت کورد، هەر ئەوەندەی ناوێکیان دەرکرد خۆ لە هەموو ڕەوت و بزووتنەوە و کێشەیەکی کۆمەڵگا دەدزنەوە و کەسایەتییەکی ترسەنۆک و خۆپارێز بە خۆوە دەگرن. بەڵام شێرزاد لەو  بوارەدا زیاترین درەوشانەوەی بووە. ئەو وەک مرۆڤ و نووسەرێکی بەرپرس لەهەمبەر کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، هەڵوێستی بووە. جا ڕەنگە  هەندێ جار هەڵوێستیشی بە دڵی بەشێک لە کۆمەڵگا نەبووبێ و بە نموونە دەتوانم هەڵوێستی ئەو لەسەر  بابەتی نیشتمان بە دیدێکی ڕەخنەکارانەوە بخەمە بەرباس و بشڵێم کە هەڵوێستێکی نازانستی و نا نەتەوەیی و ناواقیعییە. بەڵام سەدان هەڵوێستی دیکەی شێرزاد حەسەن وەک نووسەر و ڕۆشنگەر بۆ ئەوە دەبن گرینگییان پێ بدرێ. چون هەر ئەو جۆرە هەڵوێستانە سنوور بەندییەکانی ناو  کۆمەڵگا دیاری دەکەن.

شێرزاد لە هەموو یان لانیکەم لە زۆربەی هەرە زۆری هەڵوێستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیدا، وەک مرۆڤێکی "ئۆمانیست" نەک "ئایدۆلۆژیست"  هەڵوێستی بووە و سەنگی مەحەک و پێوانە و کێشانەی ئەو، بە گوتەی ئۆمانیستەکان، مرۆڤ بووە. لە کوێ لایەنێک یان کۆی بیروڕای گشتی بە دژی بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ جووڵابێتەوە، دەنگی هەڵبڕێوە و لە کوێ لە بەرژەوەندیی ئینساندا کردەیەک ڕاپەڕیبێ، باڵی بۆ ڕاکێشاوە و وەباڵی بۆ کێشاوە. هەموو ئەو ڕۆشنگەرییانەی ئەو لەسەر توندئاژۆیی بە هەموو واتاکانی و بەتایبەت توندئاژۆیی ئایینی و مەزهەبی کردوویەتی بە دڵنیاییەوە کاریگەریی زۆری لەسەر بەشێک لە کۆمەڵگا هەبووە و لایەنی توندئاژۆشی ئاگادار کردووەتەوە. ئەگەر هەموو نووسەرانی بەتوانا لە هەلە ناسکەکاندا، وەک ئەو هەڵوێستیان بووبا و  دەنگیان  هەڵبڕیبا، بێگومان  کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا زیاتر دەبوو و کۆی هاوکێشەی کۆمەڵگا و توندئاژۆیی لە  بەرەژوەندیی کۆمەڵگادا دەگۆڕا.

KURDŞOP
1655 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!