ئەڤین تەیفوور
هەرچەندە ئەدەبیاتی نووسراوی منداڵان لەنێو ئەدەبی کوردیدا لاوازیش بێت، بەڵام زۆر چیرۆکی زارەکی لە بەتەمەنەکان، داپیرە و باپیرەکانەوە هاتوونەتە نێو دەقەکانەوە. لە نێوانیاندا پێویستە تیشک بخەینە سەر چەند ڕەخنەیەک لە لایەنی پەداگۆژیکەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر چیرۆکی منداڵان هەیە. زۆرێک لە چیرۆکە زارەکی و نووسراوەکانی ئەمڕۆ، کاتێک بۆ منداڵان دەخوێندرێنەوە، دەبینین لە زۆر لایەنی پەداگۆژیکیانەوە هەندێک کێشەیان هەیە. هەندێکجار لە ڕێگەی چیرۆکێکەوە کە لە بواری پەروەردەی باشەوە کاری لەسەر کرابێت، منداڵ دەتوانێت داهاتوویەکی گەش و گەشاوەی هەبێت، هەندێکجاریش بەهۆی لاوازی و کەموکوڕی لە بنەماکانی پەروەردەدا، منداڵ بەهۆی چیرۆکێکەوە ڕەنگە داهاتوویەکی نادیاری هەبێت.
دەستپێک
"دەتوانین ئەدەبیاتی منداڵان لەنێوان تەمەنی ٢-١٤ ساڵیدا پیشان بدەین، یان وەک کامڵبوونی مرۆڤ، دوای گەیشتنی مرۆڤ بە تەمەنی چواردە ساڵی، ئیدی جلی منداڵیی خۆی دەربێنێت" (مەم باوەر، گرینگیی ئەدەبیاتی منداڵان). بۆ ئەمەش لەنێو ساڵانی منداڵیدا دەبێ بیر، هۆش، خەیاڵ و ڕامانی منداڵان بە زمانی دایکی و لە ڕێگەی کتێبەکانەوە پەرەیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە ژیانی چێژ وەربگرێت و پێداویستییەکانی بزانێت. وەک هەمووان دەزانن ژیانی منداڵان زۆر جیاوازە. خەونەکانیان لە خەونەکانی ئێمە جیاوازە. خەیاڵی منداڵان بەرین، تەنک و ناسکە و خێرا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەموو شتێکەوە. منداڵان لە سایەی خەیاڵیاندا باشتر لە جیهان، سروشت و ژینگەکەیان تێدەگەن. هەر بۆیە "مەم باوەر" لە وتارێکیدا بە ناوی "گرینگیی ئەدەبیاتی منداڵان" دەڵێت: "منداڵ شتە خەیاڵییەکانیان خۆش دەوێت، بەڵام منداڵانیش لەو خەونانەدا بە دوای ڕاستیی ژیانی خۆیاندا دەگەڕێن" (مەم باوەر، گرینگیی ئەدەبیاتی منداڵان).
هەروەها دەروونناس و مامۆستای دەروونناسی، "بانگین عەبدوڵڵا"، دەڵێت: "منداڵ یان مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبن، هەندێکیان کاریگەریی بینینیان لەسەرە، هەندێکیان کاریگەریی گوێگرتنیان لەسەرە، هەندێکیشیان لەژێر کاریگەری هەستەکانیاندان." بۆیە لە ڕێگەی ئەم سێ بەشەوە، منداڵان پێویستە ڕاستی و هەڵەکانی ژیان، دادپەروەری، خۆشەویستی، هاوڕێیەتی، ڕەخنە، ڕەگەزی کۆمەڵایەتی، یاساکان کە لە کۆمەڵگەدا قەبووڵ کراون، ئیکۆلۆژیا و خۆشەویستیی سروشت، باش و خراپ بناسن و هاوکارییان بکرێت. ئەوان بۆ ئەوەی فێری ڕاستییەکانی ژیان ببن، پێویستیان بە خەیاڵی پاک هەیە.
لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە. و هەتا گەورە دەبن کێشەکە لەگەڵ زەبروزەنگ و هەندێک نەخۆشیی تر بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە چیرۆکەکانماندا کە لەم بارودۆخەی ئێستادا نووسراون، لە وێنە و زمان و پەروەردەدا تووشی هەندێک هەڵە دەبین کە کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر منداڵان دەبێت. بۆ نموونە "وشەیەک دەتوانێت هەم منداڵێک بگەیەنێتە ئاستی بەرز، هەم ببێتە هۆی دواکەوتنی لە ژیاندا" (لە گوتەیەکی فۆلکلۆریی کۆبانی).
بۆ نموونە "هینتلی" کە خەڵاتی نۆبڵی فیزیای بەدەست هێنا، لە سەرەتای وتاربێژیی خۆیدا دەڵێت: "هەموو ڕۆژێک کە لە قوتابخانە دەگەڕامەوە ماڵەوە، دایکم لێی دەپرسیم: 'کوڕەکەم، ئایا ئەمڕۆ پرسیارێکی جوانت لە مامۆستاکەت پرسی؟' بەهۆی ئەم پرسیارەی دایکمەوە بیرم دەکردەوە و پرسیارم دەکرد، لە ئەنجامدا بووم بە زانا" (مەم باوەر، گرینگیی ئەدەبیاتی منداڵان).
بۆیە کاتێک بۆ منداڵان چیرۆک دەخوێندرێنەوە، منداڵ پرسیاری لەڕادەبەدەر لەبارەی ناوەڕۆک، وێنە، دەق و خەیاڵی چیرۆکەکە دەپرسێت. تەنانەت ئەو چیرۆکە دەخەنە نێو ژیانی خۆیانەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیری لێ دەکەنەوە و لە خەونەکانیاندا لەگەڵ ئەو چیرۆکانەدا دەژین و تەنانەت یارییان لەگەڵدا دەکەن.
لەم بابەتەدا چەند ڕەخنەیەک لە چیرۆکی منداڵان دەگرین کە چۆن لاوازی و کەمتەرخەمی لەڕووی ڕەنگ/ وێنە و پەروەردەوە ئاشکرا دەبێت. ئەمەش لانیکەم منداڵان تووشی هەندێک نەخۆشیی دەروونی دەکەن کە هەتا گەورەش دەبن لەگەڵیان دەبێت.
درێژەی هەیە...