کورتەباسێک لەسەر ژیان و خەباتی "فندێ فندێ" (١٩٣٥-١٩٩١)

ئاراس حسۆ

 

کاتێک مرۆڤ لە کون و قوژبنەکاندا بەدوای بەرهەم و ژیاننامەی کورداندا دەگەڕێت، تووشی زۆر کەس دەبێت کە بە قەڵەم و هونەر لە گۆشەیەکی تاریکدا خۆیان حەشار داوە. لەم پەیوەندییەدا ئەمجارە لە شاری کۆبانیدا دەگەڕێین و ڕاستەوخۆ دەچینە لای کەسایەتییەکی شاراوە، ئەو کەسەی کە بە دەگمەن ناوی دەهێنرێت. ئەو "فندێ"یە، ئەو کەسەی کە کەمتر بینراوە. بۆیە لەم بابەتەدا باس لە ژیاننامە و خەباتی ناوبراو دەکەین.

"فندێ فندێ" کەسێکی ڕووخۆش بوو و لەنێو خەڵکی کۆبانێدا زۆر ناودار بوو، ئاشقی خوێندنەوە و زانست بوو، کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر، وێنەگر و خەتات بوو. خۆی لەسەر وێنەیەکی شەخسیی خۆی نووسیویەتی کە ساڵی ١٩٣٥ لە شاری کۆبانی لەدایک بووە. فندێ لە خێزانێکی هەژار و دەستکورتدا گەورە بووە. ساڵی ١٩٧٠ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، پاشان لە زانکۆی لوبنان دەستی بە خوێندنی زمانی عەرەبی کردووە. بەڵام بە هۆکاری تەندروستی نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات. بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە لادێکانی کۆبانی وەک "قەرتەل، قورفلێ، کەلتێ، مشکۆ و جەعدەێ" و بۆ ماوەی ساڵێک لە شاری عەفرین مامۆستایەتیی کردووە. بەڵام بەهۆی چالاکیی سیاسی و خەمخۆری بۆ کوردواری، لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە لە مامۆستایەتی دەرکرا. دوای دەرکردنی، بە پێچەوانەوە زیاتر ڕووی کردە چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکان؛ بۆیە بوو بە ڕەمزێک لەنێو بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆشنبیریدا. هەروەها دواتر دووکانی فۆتۆگرافیی تایبەتی خۆی کردەوە و ناوی نا "ستۆدیۆی ئازادی". لەو نێوانەدا لە ڕێگەی کارەکانییەوە زۆر وێنەی هونەرمەند، شاعیر و نووسەرانی کوردی چاپ کرد و لە هەموو شوێنێک بڵاوی کردنەوە. ئەو لە ساڵی ١٩٥٧دا پەیوەندیی بە "پارتیا هەڤگرتنا گەل" کرد کە خۆی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە. نزیکەی بیست جار لەسەر ئەو کارانەی دەسبەسەر کراوە. ئەو هاوسەرگیریی کرد و حەوت منداڵی هەیە، چوار کوڕ و سێ کچ.

هەروەها کتێبخانەیەکی پێکهاتوو لە کتێبی ئەدەبی، زانستی، مێژوویی و هتدی بە ئامانجی بڵاوکردنەوە و گەشەی خوێندنەوە و زانست لە کۆبانی کردەوە. زۆر حەزی لە نووسین و خوێندنەوە بوو، هەمیشە خەریکی خوێندنەوە و نووسین بوو. زۆرجار لەسەر دەفتەرەکانی شیعر، یادەوەری و پەخشانی دەنووسی. دوو بەرهەمی چاپنەکراوی هەیە؛ یەکێکیان ناوی "وادی قەوس قوزەهـ" یان "نەوالا کەسکەسۆرێ"یە کە لەسەر ژیاننامەی خۆی بوو، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە تەواوی نەکرد و ئەوەی تریان ناوی "مەتەلۆکێن کوردی"یە کە بە دەستخەتی خۆی نووسیبووی.

شیعرێکی هەیە بە ناوی "ئەی شەهید" کە چوار جار بە ئاواز دروست کراوە، یەکێکیان "باران کەندەش" لە گرووپی "زێوا" کاری لەسەر کردووە. هەروەها گرووپی "کاوە" لە "دیمەشق" بە مۆسیقا کاری لەسەر ئەو شیعرە کردووە و "سیامەندی کۆبانی"ش بە مۆسیقا کاری لەسەر کردووە. لە بەشێک لەم شیعردا هاتووە:

"ئەی شەهیدێ پر مەزن، تویی ئاگر تو هەسن

تو برووسکا ل سەر دژمن، تویی خەملا دۆزا من

ئەم پێ دە دمەشن، گەر شەهید ب کێفخوەشم

ژ جەنگێ قەت ناترسن، ئازادی ئەم دخوازن"

"فندێ" لە ئێوارەیەکی دڵتەنگ لە کۆتاییی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩١ بە جەڵتە کۆچی دواییی کرد. بەهۆی نەبوونی دەرفەت، بەرهەمەکانی لە کون و قوژبنەکاندا گیری خواردووە و ناتوانێت فەزای شیعر و یادەوەری و دەق بە قەڵەمەکەی بڕازێنێتەوە. دۆستایەتیی ئەو لەگەڵ "حاجی بیلال، محەممەد حەبەش، عەبدی نەحسان و عەبدولقادر قەتوان" زۆر دیار بوو. هەروەها وێنەیەکی ئەو لەگەڵ "عوسمان سەبری" لە ماڵی کوڕەکەی بینراوە و چەندین وێنەی تری لەگەڵدایە. "فندێ" بە ڕووناکاییی خۆی لە یادەوەریی خوێنەراندا وەک هێمای خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە، دەمێنێتەوە.

سەرچاوە:

گفتوگۆ لەگەڵ کوڕی فندێ بە ناوی خەبات فندێ

KURDŞOP
275 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!