ژیاننامەی نووسەر و ڕۆماننووسی کورد "حەلیم یووسف"

زارا عەلی

 

ئێمە لەم بابەتەدا باس لە ژیانی نووسەر و ڕۆماننووسی کورد "حەلیم یووسف" دەکەین کە خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەبی کوردی کردووە و لەم ڕێگەدا بەردەوامە. شایانی باسە کە لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا بەهایەکی بەرزی هەیە و سەرنجی کۆمەڵگە و دەوروبەری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر ژیانی حەلیم یووسف و چەند خاڵێکتان پێشکەش دەکەین.

نووسەر و ڕۆماننووسی کورد، هەروەها چالاکی ئەدەبی کوردی، "حەلیم یووسف"، ساڵی ١٩٦٧ لە ڕۆژاوای کوردستان لە شاری "عاموودا" لە باوکێکی سەرخەتی و دایکێکی بنخەتی وەک برا بچووکی بنەماڵەیەکی پێنج کوڕی و سێ کچی لەدایک بووە.

لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە نووسینی چیرۆک کردووە. لە سەردەمێکدا کە زۆرینەی هاوتەمەنەکانی خەریکی نووسینی شیعر بوون، ئەو لەسەر نووسینی چیرۆک کاری کردووە. قوتابخانەی ئامادەییی لە عاموودا خوێندووە و چووەتە زانکۆی حەلەب بۆ خوێندنی فاکەڵتی یاسا. هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەی، بە زمانی عەرەبی و کوردی لە نووسین بەردەوام بووە. لە شاری حەلەب لە فێستیڤاڵێکی ساڵانەی ئەدەبی کە زانکۆی حەلەب ڕێکی دەخات، بەشداری دەکات.

هەر لە سەرەتاوە چیرۆک و نووسینەکانی سەرنجی ڕەخنەگران و لیژنەکانی هەڵسەنگاندنی ئەدەبی و هەروەها سەرنجی خوێنەرانی بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. لەلایەکی دیکەوە بەشداریی لە کۆڕی ئەدەبی کوردیدا دەکرد کە لە ماڵەکان و دوور لە فەرمانگە و شوێنە فەرمییەکان بەڕێوە دەچوون. به‌م شێوه‌یه له سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ه‌وه بووه به ئه‌ندامێکی کارای "کۆما خانی یا وێژەیا کوردی" له شاری حه‌له‌ب.

یەکەمین کتێبی چیرۆکی بە زمانی عەرەبی بە ناوی "مێرێ ئاڤس" لە دیمەشقی پایتەختی سووریا چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەمە یەکەم و کۆتا کتێبی بوو کە بە مۆڵەتی وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا بڵاو کرایەوە. هەروەها یەکەمین کتێبی چیرۆکی بە زمانی کوردی بە ناوی "مری ڕانازن" لە ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی "ئاڤەستە" لە ستەنبوڵ چاپ و بڵاو کرایەوە.

لەگەڵ چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی، ڕۆژبەڕۆژ لێپرسینەوە و هەڕەشەی "ئیستخبارات" لەسەری زیاتر دەبوو. دوای بڵاوبوونەوەی سێ کتێبی چیرۆک و ڕۆمانێک، ناچار بوو وڵات بەجێ بهێڵێت و لە ساڵی ٢٠٠٠دا ڕوو لە ئەورووپا دەکات و لە ئاڵمانيا نیشتەجێ دەبێت. ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ کچی سەرحەدی، خاتوو "سەودا"، خەڵکی شاری بازید، هاوسەرگیری دەکات و دوو منداڵیان هەیە.

حەلیم یووسف لە ئاڵمانیا هەتا ئێستا ٦ کتێبی چیرۆک و ٦ ڕۆمانی نووسیوە و چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە. هاوکات لەگەڵ نووسینەکانی وەک چالاکێکی ئەدەبی کوردی، هەمیشە بە پێی کات و دەرفەتەکانی لە چالاکییە ئەدەبییەکاندا بەشدار بووە و ڕۆڵی هەبووە.

ئەو نووسەرە کوردە بەڕێوەبەری و ئێدەیتۆریی چەندین گۆڤاری وەک "دیوار، پێل، ئۆرکێش و ئەوراق"ی کردووە. هاوکات ماوەیەکی زۆرە لە زۆرێک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی وەک "ئازادیا وەلات، ڕووداو، کوردستان نیوز و دیارنامە"دا بابەتی بڵاو کردووەتەوە. هەروەها لە کەناڵەکانی "ڕۆناهی تیڤی، مێزۆپۆتامیا تیڤی، مەدیا تیڤی و ڕۆژ تیڤی" بۆ ماوەی دە ساڵ بەرنامەی "گاڤا سێیەمین"ی پێشکەش کردووە. پاشان بەرنامەیەکی تری بە ناوی "دەریێ دن" بە بەردەوامی لە کەناڵی ڕۆناهی پێشکەش کراوە.

بەرهەمەکانی حەلیم یووسف نەتەنیا لەنێو کورددا، بەڵکوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەلایەن زۆر کەسی پەیوەندیدارەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و شرۆڤە کراون. ناوبەناو بەرهەمەکانی وەردەگێڕدرێن بۆ سەر زاراوی سۆرانی. هەروەها بەرهەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانەکانی "عەرەبی، تورکی، ئاڵمانی، ئینگلیزی و فارسی."

هەروەها لەسەر نووسینەکانی بە ناوەکانی "کۆمارا دینان"، "بدارڤەکرنا پۆزەکی"، "سۆل و سەری" و "مەزنترینن راوەستگەها ترێنان ئا جیهانێ" شانۆ دروست کراوە. هەروه‌ها حەلیم یووسف سێ کتێبی منداڵانی له ئاڵمانییه‌وه وەرگێڕاوەتە سەر کورمانجی.

بەرهەمەکانی حەلیم یووسف:

مێرێ ئاڤس، چیرۆک، (١٩٩٢ بە عەرەبی، ١٩٩٧ بە کوردی، ٢٠٠٤ بە ئالمانی).

ژنێن قاتێ بلند، چیرۆک، (١٩٩٥ بە عەرەبی، ١٩٩٨ بە کوردی).

مری رانازن، چیرۆک، (١٩٩٦ بە کوردی، ١٩٩٨ بە تورکی).

سۆبارتۆ، ڕۆمان، (١٩٩٩ بە کوردی و عەرەبی).

مەمە بێ زین، ڕۆمان، ٢٠٠٣ بە کوردی.

ترسا بێ دران، ڕۆمان، ٢٠٠٦ بە کوردی.

گاڤا ماسی تی دبن، ڕۆمان، ئامەد ٢٠٠٨، بە کوردی، وەشانگەی لیس.

ڕۆمانا کوردی، لێکۆڵینەوە، ٢٠١١، بە کوردی، وەشانگەی ڕۆناهی.

ئائوسلاندەر بەگ، چیرۆک، ٢٠١١، بە کوردی، وەشانگەی لیس.

٩٩ مۆریکێن بەلاڤبوویی، ڕۆمان ٢٠١٥، بە کوردی، وەشانگەی پەیوەند.

وەهشێ د هوندرێ من دە، ڕۆمان، ٢٠١٨، وەشانگەی پەیوەند.

فرینا ب بسکێ شکەسی، ڕۆمان، ٢٠١٩، وەشانگەی ئاڤا.

سەردەما قازیمازی (مێرێ کو ل تەریا خوە دگەرە)، چیرۆک ٢٠٢١، وەشانگەی ئاڤا.

 

KURDŞOP
152 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!