گەشتێک لە ژیاننامەی هونەرمەندی کورد "تیماڤ کۆبانی"

ئاراس حسۆ

 

تیماڤ کۆبانی هونەرمەندی خەڵکی شاری کۆبانییە. ناوی ڕاستەقینەی "محەممەد سەدیق"ە. ساڵی ١٩٧٧ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر، کرێکار و هونەرمەند لە شاری کۆبانی لەدایک بووە. کاتێک بچووک بوو، باوکی گۆرانی، چیرۆک و لۆریکی کۆنی بۆ دەگێڕایەوە، هەروەها برا گەورەکەی لە گرووپی گۆرانیی کۆبانیدا بوو، بۆیە ئەم بابەتانە لەو کاتەوە کاریگەریی لەسەر هەبوو. کاتێک لەدایک بوو، قاچێکی کەمئەندام بوو.هەر لە منداڵییەوە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مۆسیقا، گۆرانی و نیگارکێشان هەبووە. لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە. هەمیشە گۆرانیی گوڵستان پەروەر بە ناوی "ئەی نەورۆز دکر"ی لە بەردەم بنەماڵەکەیدا دەگوت. کاتێک خەڵک پێکەوە دادەنیشتن، ئەویان بانگ دەکرد تاکوو گۆرانییان بۆ بڵێت. لەگەڵ گەورەبوونیدا هونەرەکەشی گەورەتر بوو. هەر لەو کاتەوەی کە دەستی بە خوێندن کردووە، خۆشەویستی مامۆستایان، قوتابییان و دەوروبەری بووە، هەروەها بەهۆی نیگارکێشان و گۆرانیگوتنەوە خەڵاتی زۆری بەدەست هێناوە. هەروەها هێدی‌هێدیش دەستی کردووە بە نووسینی شیعر. یەکەم شیعری کە نووسیویەتی، ناوی "خان سەکنی ل سیا دارێ" بووە و براکەیشی ئەم شیعرەی کردووە بە گۆرانی و لە شریتی "شۆخ و شەنگ"ی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە. بەهۆی حەزی لە گۆرانی، مۆسیقا و شیعر، زۆر حەزیشی لەوە بوو لەگەڵ براکەی لە گرووپدا بەشداری بکات. بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی کەم بوو و کەمئەندام بوو، ڕێگەیان پێ نەدا بچێتە نێو گرووپەکەوە. کاتێک دەچێتە پۆلی حەوتەم، فێستیڤاڵێک لەسەر ئاستی قوتابخانە بەڕێوە دەچێت، هەموو قوتابییان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری دەکەن، ئەویش بە گۆرانی بەشداری دەکات. مامۆستایەکی مۆسیقا بە ناوی "خەساس" لە لازقیە هەبوو کە پێی گوت: "من لە ڕادیۆیەک لە لازقییە لەسەر بەشی مۆسیقا کار دەکەم، ڕۆژێک دەتبەم و تۆ لەوێ گۆرانی دەڵێیت". بەڵام لەبەر ئەوەی کەمئەندام بوو، بنەماڵەکەی نەیانهێشت لەگەڵ مامۆستاکەی بڕوات.

تیماڤ بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە، هاوڕێیانی تیپی دەنگ و گۆرانی، ئەویان تاقی کردەوە، بۆیە لە ساڵی ١٩٩٥دا پەیوەندیی بە تیپی کۆبانییەوە کرد و لە ٢١ی ئازاردا بە یەکەم گۆرانی بە ناوی "ئەی ولات ئەز ئەڤیندارێ تە مە"، بە گوتن و مۆسیقا بەشدار بوو. ئەو هونەری زۆر خۆش دەویست و بە هەموو توانای خۆیەوە خزمەتی دەکرد. بەهۆی بەشداریکردنی زۆری لە نەورۆز، فێستیڤاڵ، شایی و ئاهەنگەکاندا، سەرەڕای تەمەنی بچووکی و کەمئەندامبوونی، لەگەڵ بەشێک لە هاوڕێکانی لەلایەن ڕێژیمی سووریاوە دەسبەسەر کران و ماوەیەک لە زینداندا بوون و دواتر ئازاد کران. لەگەڵ کاری قوتابخانەکەیدا، جارێکی تر سەرقاڵی هونەرەکەی بووەوە و زیاتر کاری لەسەر مۆسیقا و شیعر کرد. بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەیەکی هەژار بوو و بەهۆی سەختیی کڕینی کەرەستەی خوێندن و هەروەها بەهۆی ئەوەی زۆرجار دەچووە دەرەوە بۆ ئاهەنگەکان، زۆرجار لەلایەن ڕێژیمی سووریاوە دەسبەسەر دەکرا و نەیتوانی خوێندنی خۆی تەواو بکات. بۆیە لە پۆلی ٩ بەدواوە وازی لە خوێندن لە قوتابخانە هێنا.

تیماڤ لەم دواییانەدا بە گۆرانیی "مامۆستێ من" لە گوتن و مۆسیقای خۆی، ناوبانگی دەرکرد کە باس لە "مامۆستا عوسمان دادەلی" دەکات. مامۆستا عوسمان کەسایەتییەکی سیاسەتوانە و لەلای خەڵکی کۆبانی کەسێکی خۆشەویست و بەبایەخە. تیماڤ بەو گۆرانییە زۆر لەنێو خەڵکدا ناودار و خۆشەویست بوو. بەهۆی خۆشەویستی بۆ نیشتمانەکەی و نەتەوەکەی، هونەرەکەی بۆ خزمەتکردنی ئەم گەلە بەکار دەهێنێت و بەم شێوەیەش سەرکەوتووتر بووە و هەنگاو بە هەنگاو بە هونەر و مۆسیقای خۆی زیاتر دەناسرێت. ئەو نەیدەویست ببێتە هونەرمەندی نێو زەماوەندەکان و لەنێو زەماوەندەکاندا گۆرانی بڵێت، ئامانجی ئەو بڵاوکردنەوەی گۆرانیی شۆڕشگێڕانە، نەتەوەیی و فۆلکلۆری بوو. زۆر حەزی لە داهێنانە، خولیاکانی هەمیشە لەسەر ئافراندنی شیعر، گۆرانی و وێنەیە، وەک چۆن هونەرمەندانی وەک "ئەحمەد چەپ و ڕەشید سۆفی" بەم شێوەیە بەرەو ئاستە بەرزەکان ڕۆیشتن. هەروەها ویستویەتی بەو هیوایە بگاتە ئاستێکی بەرزتر و بچێتە پێشەوە. هیوای ئەوەیە شتێک دروست بکات کە کەس دروستی نەکردبێت، بەڵام بەداخەوە هێشتا بەو ئامانجەی نەگەیشتووە. زۆر شتی کرد، بەڵام نەک بە ڕادەیەک کە بییەوێت جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژوو بەجێ بهێڵێت.

لە ساڵی ٢٠١٤دا دیسان بە سێ گۆرانی لە ئەلبۆمی گرووپەکەدا بەشدار دەبێت. ئەو ئەلبۆمەی کە بڵاو کراوەتەوە، بە گۆرانیی تیماڤ بە ناوی "دەروێشێ من دەلال ە" ناسراوە. گۆرانی دووەمی ناوی "بووکێ"یە و سێیەم گۆرانیشی ناوی "روو ئەسمەر ە". لە زۆر گۆرانیدا یارمەتیدەری هاوڕێ هونەرمەندەکانی بووە، وەک گۆرانییەکانی "سەرهلدان، لۆ هەڤالنۆ من وەندا کر". هەروەها نەتەنیا هاوکاریی هاوڕێکانی لە تیپەکەیدا کردووە، بەڵکوو تێکستی گۆرانییەکی بە هونەرمەندی بەناوبانگ "زنار سۆزدار" داوە بە ناوی "وەرە". تێکستی گۆرانییەک سەبارەت بە هونەرمەند "سەرحد"ی داوە بە گۆرانیبێژێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ تێکستی گۆرانییەکی تری داوە بە "زریفە" کە ئەندامی گرووپی بەرخۆدانە. هەروەها ئەلبۆمێکی بۆ "ئامەد کیبار" دروست کردووە کە خەڵکی عەفرینە و سێ گۆرانیی داوە بە گرووپی ئاگری لە شاری حەلەب. هەروەها کلیپێکی بە ناوی "ئێدی بوهارا مە هات" بۆ منداڵانی کەلتوور و هونەری "باقی خدۆ" ساز کردووە.

گۆرانی و شیعرەکانی تیماڤ کۆبانی بریتین لە: "خان سەکنی ل سیا دارێ، دەروێشێ من دەلالە، بووکێ، وەرە دلۆ، روو ئەسمەرەئە، مامۆستێ من، ل سەر هومەرمەند سەرحەد، دینم (ل خەجێ و سیابەند)، مەم و زین، نەورۆز، ئەڤینا وەلات، کۆبان تاجا رۆژاڤایە، خەریبی و پەنابەرم، باڤێ لەیلا، هێڤی، خوناڤ، داییکا من، وەرە ئەڤین، دەما کو تو چوویی، تیرێژێن رۆژێ، ئۆرهانێ من، پاکرەوان، قادی و بەرزان، سەیید رەزایی دێرسمێ و بانگا خزانان".

هەروەها زۆر سیناریۆ و شانۆنامەی نووسیوە، هەتا ١٥ سیناریۆی نووسیوە و دەرهێنەریی کلیپی کردووە. لەم دواییانەشدا دەرهێنەریی کلیپێکی کردووە بە ناوی "زینێ".

ئاواتی هەمیشە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی هونەر، کەلتوور، مۆسیقا و فۆلکلۆری خۆیان خۆش دەوێت، قەدریان بزانرێت و شانازییان پێوە بکرێت. کاتێک هونەرمەند لە ژیاندایە دیاریی ئەو تەنانەت تەنیا گوڵێکیش بێت، بەسە. بەڵام کاتێک مرد، هیچ سوودێکی نییە کە گوڵزاری گوڵان لەسەر گڵکۆکەی دابنرێت. زۆرێک لە هونەرمەندان دوای کۆچی دوایییان ناوبانگیان دەرکردووە. دوای ئەوەی هونەرمەند مرد و بە چاوی خۆی بەهای خۆی نەبینی، سوودی چییە؟

ناوبراو سەرەڕای هەژاری، کەمئەندامی و کێشە بنەماڵەییەکانی توانیویەتی خزمەتێکی باش بە هونەری کوردی بکات، سەرەڕای دەرفەتی زۆر کەم و بە تێچووی زۆر قورس، لەنێو ئاپۆرای هونەرمەنداندا بە شاراوەیی ماوەتەوە.

سەرچاوە: چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەند تیماڤ کۆبانی

KURDŞOP
280 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!