ناساندنی فەرهەنگی گوتەی پێشینییانی "محەممەد ئۆنجوو"

 

ئێلان محەممەد

 

گوتەی پێشینییان کۆمەڵێک ڕستەی کورت و پوختن. ڕاستییەکی گشتی یان ئامۆژگارییەک بە ڕستەیەکی کورت و پوخت دەردەبڕدرێت و لەواندا وانەیەکی کورت هەیە کە ئامانجیان پەروەردەکردنە. "محەممەد ئۆنجوو" لە بەرهەمی خۆیدا بە ناوی "گۆتنێن پێشیان"دا دەڵێت: "کاتێک مرۆڤ بییەوێت گەلێک بناسێت، پێویستە گرینگی بە کەلتوور و زمانی ئەو گەلە بدات. بە تایبەتی پەند و گوتەی پێشینییان لەم ڕووەوە زۆر گرینگن. جگە لەوەش جوانی و دەوڵەمەندیی زمانێک تەنیا بە قسەکردن و ڕێزمانەکەی دەرنابڕدرێت، بەڵکوو پێویستی بە پەند و گوتەی پێشینییانیش هەیە. زمان بە یارمەتیی پەند و گوتەی پێشینییان، جوان و زیندوو دەبێت."

زمانی کوردی نەک هەر بە وشە و دەستەواژەکانی، بەڵکوو بە ئیدیۆم، بە پەند و ئامۆژگارییەکانی و بە گوتەی پێشینییان جوان و دەوڵەمەندە. هەندێکجار دەتوانێت تەنیا بە یەک وشە، خواستی کەسێک زۆر بە باشی دەربڕێت. کاتێک بمانەوێت گرینگیی شوێن، ناوچە، ڕەگ و بناغەی مرۆڤەکان نیشان بدەین، دەڵێین "هەر گیایەک لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەڕوێت."

باب و باپیرانمان لە خۆڕا نەیانگوتووە کە "گا دەمرێت چەرمەکەی دەمێنێتەوە، مرۆڤ دەمرێت ناوەکەی دەمێنێتەوە"، بەهۆی ئەم گوتە و مەبەستە، ئەمڕۆ گەنجینەی شاراوەی هەزاران پەندمان لەبەر دەستدایە و ئەویش بۆ ئێمە بووەتە میراتێکی دەوڵەمەند.

بەرهەمی نووسەر "محەممەد ئۆنجوو" بە ناوی "گۆتنێن پێشیان" کە لە ٤ بەرگ پێک هاتووە، لە مانگی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی "سیتاڤ"ەوە چاپ کراوە. ئەم بەرهەمە لەنێو نووسەران و ئەدیباندا بە یەکێک لە گەورەترین فەرهەنگی گوتەی پێشینییان دادەنرێت.

محەممەد ئۆنجوو ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی خارخاری سەمسوور لەدایک بووە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری سەمسوور خوێندووە و دەرچووی بەشی کارگێڕیی زانکۆی ئانادۆڵویە. فۆلکلۆرناس، توێژەر، شاعیر و نووسەر، لە ساڵی ١٩٨٣، لە شاری سەمسوور (ئادیامان)، وەک فەرمانبەر لە وەزارەتی پەروەردە دەستی بەکار کردووە.

محەممەد ئۆنجوو لە ساڵی ١٩٨٣ەوە لەسەر فۆلکلۆری کوردی (بەتایبەتی لەسەر کورمانجی) خەریکی کارە و زۆرێک لە بەرهەم، نووسین و شیعرەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکاندا لەژێر ناوی "حەمۆ پێشەنگ"دا بڵاو کراوەتەوە. بابەت و نووسینەکانی لەسەر فۆلکلۆری کوردی لە گۆڤارەکانی وەک "زەند، ڕەوشون، نووبهار، گۆڤەند، چرووسک، ژیانا ڕەوشەن، گۆڤارا و، تیرۆژ و دلۆپ" بڵاو کراونەتەوە.

ئەم بەرهەمەی گوتەی پێشینییان، فەرهەنگی زۆر گەورە و بەرفراوانی گوتەی پێشینییانە. ٥٠ هەزار گوتەی پێشینییان لەم بەرهەمەدا هاتووە. نزیکەی ٣٠ هەزار لەو گوتنانە لەلایەن نووسەر "بەرهەڤکار"ەوە کۆ کراونەتەوە. بەرهەمەکە لە ٤ بەرگ پێک هاتووە. هەر بەرگێک لەنێوان ١٢١٤ بۆ ١٢٤٨ لاپەڕەیە.

ئەم بەرهەمە بەش بە بەش جیا کراوەتەوە. بە گشتی لە ٢٣٥ بەش پێک هاتووە. بۆ نموونە گوتەی پێشینییان لەسەر "ژن، ئازایەتی، چاکە و خراپە و هتد".

لەم بەرهەمەدا زیاتر لە دوو هەزار چیرۆکی گوتەی پێشینییان هەیە. هەروەها زیاتر لە چوار هەزار وشە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسراو نین یان لە فەرهەنگەکاندا نین، شرۆڤە کراون.

ئەم بەرهەمە کە لەلایەن نووسەر "محەممەد ئۆنجوو"ەوە ئامادە کراوە، لەلایەن "سەروەت دەنیز و قاهر باتەیی"یەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

"قاهر باتەیی" لە چاوپێکەوتنێکدا وەها دەڵێت: "ئەم بەرهەمە بە قەد تەمەنێک کاری لەسەر کراوە. پێویستە ئاگاداری ئەم بەرهەمە بین و ئەم گەنجینەیە لە ماڵەکەماندا هەبێت. گەنجینە تەنیا پارە، موڵک، زێڕ و شتی ژێرزەوی نییە. گەنجینەی ئێمە زمان، کەلتوور، ئەدەب و فۆلکلۆری ئێمەیە. ئەم بەرهەمەش گەنجینەیەک لە فۆلکلۆری کوردییە''.

مرۆڤ کاتێک لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا دەگەڕێت، نەتەنیا ٥٠ هەزار، بەڵکوو بە هەزاران گوتەی پێشینییان دەدۆزێتەوە، بۆیە حەقیقەتی کۆمەڵگەی کوردی لە دەمارەکانی گوتەی پێشێنییاندا شاراوەتەوە.

 

KURDŞOP
281 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!