بابا تاهیر هەمەدانی (عوریان) و پوختەیەک لە ژیانی

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

"بابا تاهیر هەمەدانی" ناسراو بە "بابا تاهیر عوریان" یەکێک لە کەسایەتی و شاعیرە بەناوبانگەکانی یارسان بووە. بە ڕەچەڵەک کوردە و لە درێژەی ئەم بابەتەدا باسی کوردبوونەکەی دەکەین. ئەوان ناویان لێ نابوو "بابا"، چونکە "بابان، بابە، باڤێ" چەند ناوێکن کە بۆ ڕێبەرانی ئایینی یارسان بەکار دێت و لە کوردەواریدا وەک "پیر" بەکار هاتووە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بابا تاهیر هەمەدانی ساڵی ٩٩٩ی زایینی لەدایک بووە و لە ساڵی ١٠٥٨ی زایینیدا کۆچی دواییی کردووە و لە سەردەمی سەلجوقییەکاندا ژیاوە؛ بەشێکی دیکەش دەڵێن کە لە ساڵانی "٩٣٧-١٠١٠ی زایینی" ژیاوە.

لە یەکێک لە دوو بەیتە بەناوبانگەکانی خۆیدا، بەپێی پیتی "ئەبجەدی"، ئاماژەی بە ساڵی لەدایکبوونی خۆی کردووە کە لەلایەن "میرزا مەهدی خان کەوکەب"ەوە بەراورد کراوە بە ساڵی ٣٢٦ی کۆچی. بەڵام "ڕەشید یاسەمی" بەپێی هەمان دوو بەیت دەڵێت کە بابا تاهیر مەبەستی ژمارەی هەزار بووە، واتە لە ساڵانی ٣٩٠ بۆ ٣٩١ی کۆچی بەرابەر لەگەڵ هەزاری زایینی لەدایک بووە. بەم پێیە بابا تاهیر عوریانی ٨٥ ساڵ ژیاوە و لە هەمەدان کۆچی دواییی کردووە.

ئەمە دوو بەیتەکەی بابا تاهیرن کە باسی لەدایکبوونی خۆی کردووە (ئەم دوو بەیتە بە زمانی فارسین):

"مو آن بحرم که در ظرف آمدستم

چو نقطه بر سر حرف آمدستم

به هر الفی الف قدی برآیه

الف قدم که در الف آمدستم"

وەرگێڕان:
من ئەو بەحرەم لە نێو زەرفێک هاتووم
وەکوو خاڵێک لەسەر حەرفێک هاتووم
لە هەر ئەلفێک، ئەلف باڵایە دێتن
من ئەو ئەلفەم لە نێو ئەلفێک هاتووم

دووبەیتە خۆش و فەلسەفییەکانی بابا تاهیر عوریان، خاوەن توانا و تایبەتمەندیی تێگەیشتنی فۆلکلۆرین، واتە مرۆڤی ئاسایی دەتوانێت بە ئاسانی شیعرەکانی بخوێنێتەوە و لە ماناکانی تێبگات. تەنانەت کەسانی سادە و نەخوێندەواریش دەتوانن لە دووبەیتە خۆش، فەلسەفی و عیرفانییەکانی تێبگەن. هۆکاری سەرەکیی ناسراوبوونی شیعرەکانی بابا تاهیر لەنێو خەڵکدا، سادەیی و تێگەیشتن لێیانە. هۆکاری ناونانی بابا تاهیر "عوریان" ئەوەیە کە دووبەیت و شیعرە فەلسەفی و عیرفانییەکانی لە سەرلێشێواوی، هونەری ئەدەبیی سەخت و مانای سەخت دوورن. لە ڕاستیدا سادەییی شیعرەکانی بە واتای سادەییی ئەوان دێت.

بابا تاهیر عوریان یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی کە هیچ گرینگییەکی بە ژیانی ئەم دونیایە نەداوە و پێی وابوو کە شوێنی ڕاستەقینەی ژیان دونیایەکی ترە. ئەو بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوتی دەکرد و تەنانەت لە شیعرەکانیدا باسی جوانیی ئەم دونیا و موڵک و ماڵی دونیای نەکردووە. ئەو وەک کەسێکی سۆفی و تەنانەت ئەهلی حەقیش ناسراوە و ئەوەش لە شیعرەکانیدا بە جوانی دەردەکەوێت کە باسی کردار و سروشت و پاکی دەکات، واتە ئەو بابەتانە لە ڕوانگەی یارسانەوە دەبینێت.

بەپێی کتێبی "چوارینەکانی بابا تاهیر هەمەدانی" لە ئامادەکردنی "ڕەحیم لوقمانی"، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بابا تاهیر هەمەدانی کورد بووە و لەو کتێبەیدا ڕایگەیاندووە: "زمانی شیعری بابا تاهیر، زمانی لەکی- لوڕیی پێشووی ناوچەی هەمەدانە و هەتا ئەمڕۆش لە هەندێک گوندی دەوروبەری هەمەدان بە شێوەزارێکی لەو شێوەیە قسە دەکەن کە لە بنەڕەتدا لەژێر کاریگەریی زاراوەی کوردیی هەورامیدایە." هەروەها بەپێی ئەم کتێبە: "بابا تاهیر پەیڕەوی ئایینی یارسان بووە و پەیڕەوانی ئایینی یارسانیش لە نەژادی کوردن و لە کوردستان دەژین."

هەروەک باس کرا، بابا تاهیر لە سەردەمی سەلجوقییەکان ژیاوە و بەپێی کتێبی "راحة الصدور و آية السرور في تاريخ الدولة السلجوقية"، لە نووسینی "محەممەدی کوڕی عەلی سلێمان ڕەواندی"، بابا تاهیر لەگەڵ "سوڵتان بەگی توخرول بەگ" کۆ بووەوەتەوە. لەم کتێبەدا هاتووە:

"سوڵتان توخرول بەگ کە دێتە هەمەدان، سێ سۆفیی بەناوبانگ بە ناوەکانی بابا تاهیر، باب جەعفەر و شێخ حەمشا، لە نزیک شاخێک بە ناوی خدر لە دەروازەی هەمەدان دەبینێت کە ڕاوەستاون. سوڵتان کە ئەوانی بینی، سەربازەکانی ڕاگرت و لە ئەسپەکەی دابەزی و لەگەڵ وەزیرەکەی (ئەبوو ناسری کەندەری) چوو بۆ پێشوازییان و ویستی دەستیان ماچ بکات.

بابا تاهیر لەو کاتەدا ڕووی لە سوڵتان کرد و گوتی: ئەی تورک؛ دەتەوێت چی لەگەڵ خەڵکی خودا بکەیت؟ گوتی: ئەوەی تۆ فەرمان بکەیت، من دەیکەم. بابا تاهیریش گوتی: ئەوەی خودا دەیەوێت بیکە. سوڵتان دەستی کرد بە گریان و گوتی: من وا دەکەم. بابا تاهیر دەستی گرت و گوتی: ئەم دیارییە لە من وەردەگریت؟ سوڵتان گوتی: بەڵێ. ئیدی بابا تاهیر ئەنگوستیلە شکاوەکەی لە قامکی دەرهێنا و خستییە نێو دەستی سوڵتانەوە و گوتی: هەموو داهاتەکەم لەسەر زەوی خستووەتە نێو دەستی تۆوە. لەو کاتەوە ئەمە دەکەمە قامکتەوە، دادپەروەر بە. سوڵتان دیاریی بابا تاهیری هەڵگرت و بۆ هەموو شەڕێک چووبا، لە قامکی دەکرد."

"Clement Huart"، ڕۆژهەڵاتناسی فەڕەنسی، یەکەم بەرهەمی دووبەیتیی بابا تاهیر کە لە ٥٩ دووبەیتی پێک هاتووە، لەگەڵ وەرگێڕانی زمانی فەڕەنسییەکەی، لە ساڵی ١٨٨٥دا چاپ و بڵاو کردەوە. هەروەها "Clement Huart" ٢٨ دووبەیتی و غەزەلێکی بابا تاهیری لە ساڵی ١٩٠٨دا بڵاو کردەوە.

لە ساڵی ١٩٠٢دا وەرگێڕانی دووبەیتیی بابا تاهیر لەلایەن " Elizabeth Curtis Brenton"ەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی و چاپ کرا و دوای ئەوە چەند ڕۆژهەڵاتناسێک شیعرەکانی ناوبراویان بۆ زمانەکانی دیکە وەرگێڕا.

لە ساڵی ٢٠١٣دا، "ڕەحیم لوقمانی"، لێکۆڵەری کورد، شیعرەکانی بابا تاهیری لە لوڕی و گۆرانییەوە وەرگێڕایە سەر سۆرانی و چاپ و بڵاوی کردەوە.

گڵکۆی بابا تاهیر هەمەدانی لە باکووری ڕۆژاوای شاری هەمەدان و لەسەر گردێکی سەوز و جوان هەڵکەوتووە.

KURDŞOP
747 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!