ئاراس حسۆ
هونەر و مۆسیقا دوو وشەن کە هەمیشە دڵ و دەروونی مرۆڤ تێر دەکەن. سەدان ساڵە مرۆڤەکان لە ڕێگەی مۆسیقا و هونەرەوە بژێویی ژیانی خۆیان دابین کردووە. هەڵبەت لە ڕێگەی ئەم دووەوە زۆرێک لە هونەرمەندان و مۆسیقاژەنەکانی کورد بە سەدان ساڵ گۆرانی و ئاوازی کوردییان نەمر کردووە. ئێمە لەم پەیوەندییەدا ڕۆح و گۆرانیی نەمر "محەممەد عەلی شاکر" بە باسکردنی ژیانی، زیندوو دەکەینەوە.
هونەرمەند و مۆسیقاژەنی ناوداری کورد، "محەممەد عەلی شاکر"، ساڵی ١٩٤٦ لە شاری "دربێسی" لە ڕۆژاوای کوردستان لەدایک بووە. دوای وەرگرتنی بڕوانامەی ئامادەیی لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە "سەرێکانی" و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. سەرێکانی سەرەڕای سروشتی خۆی، کاریگەرییەکی ناوازە لەسەر ژیان و مۆسیقای محەممەد عەلی شاکر دادەنێت. بۆ ئەو سەرێکانی بوارێکی وەها بوو کە خۆی و مۆسیقای خۆی تێدا دەبینییەوە. چونکە سەرێکانی بە سروشت و کەشوهەوا دەوڵەمەندە و دەرفەتێک بوو بۆی کە بتوانێت بە گۆرانییەکانی توانا هونەرییەکانی خۆی گەشە پێ بدات. لەو سروشتە جوانەدا توانا هونەرییەکەی گەشە دەکات و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە ئەستێرەیەکی هونەری و یەکێک لە هێما هونەرییە بەناوبانگەکانی سەرتاسەری ڕۆژاوای کوردستان.
ساڵی ١٩٦٣، ژیانی هونەریی ئەو دەست پێ دەکات. کاتێک مامۆستایەکی عەرەب لە گوند، ئامێرێکی "عوود"ی بۆ کڕی، لەگەڵ براکەی (مەحموود عەزیز شاکر) یەکەم گۆرانیی بە ناوی "زەینەبێ" گوت و لە ساڵی ١٩٦٨دا هونەرمەند یووسف بەرازی (بێ بوهار) ئەو گۆرانییەی بۆ دەستکاری و سەرڕاست کرد.
هونەرمەندە گەورەکەمان لە تەواوی ژیانیدا، ٣٠٠ گۆرانیی لە شیعر و ئاوازەکانی خۆی هێنایە نێو هونەری کوردییەوە. هەروەها لە ٤٨ گۆرانی و ئاوازیدا لە شیعرەکانی شاعیرانی وەک "جەگەرخوێن، تیرێژ، بێ بوهار و دەهام عەبدولفەتاح" کەڵکی وەرگرتووە.
هەروەها زۆرێک لە هونەرمەندان لە گۆرانییەکانی ئەویان گوتووە، وەک "مەحموود عەزیزی برای، محەممەد شێخۆ، مستەفا خالید، شەهریبان کوردی، گوڵستان پەروەر، جەمیلە مستەفا و زۆی" و زۆر کەسی دیکەش.
هونەرمەندی گەورەمان هەموو گۆرانییەکانی لەسەر بابەتەکانی وەک، "کۆمەڵایەتی، نەتەوەپەروەری، وڵاتپارێزی و مرۆڤایەتی" و بەتایبەتی لەسەر "ژن، خۆشەویستی، نیشتمان و شەهیدان" و هەندێک شار کە لە دڵیدا ئازیزن وەک "قامیشلۆ، عەفرین، کۆبانی، سەرێکانی، ئامەد و هەولێر ساز کردووە. ئەو هەرچەندە ئاوازدانەر بوو، بەڵام چەندین گۆرانیی بەناوبانگی هەیە کە هی خۆیەتی، وەک: "ئەز دل کەتم وان چاڤان، ڕێویۆ، گەورێ، یارا زۆر جوانە، بەر دلێ من پر شێرینە، لۆلۆ لاوکۆ، عەید و عەرفات، ئەز کەچکەک کوردی مە" و هتد. محەممەد عەلی شاکر کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە هونەرمەندان هەبووە و زۆرتر لەسەر خوشکەزا و برازاکانی کە ڕێی ئەویان گرتووەتە بەر و گۆرانییان گوتووە، کاریگەریی هەبووە.
بۆیە بەهۆی ئەوەی کەسێکی بەرهەمدار و داهێنەر بوو، مەحموود شاکری برای سوودێکی زۆری لە پاڵپشتییەکەی وەرگرت و توانیبووی لە سایەی ئەو و بە دەنگی خۆی بگاتە زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی دەرەوەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان و هەردووکیان توانییان قوتابخانەیەکی هونەری بنیات بنێن و میراتێکی گەورە و دەوڵەمەند پێشکەش بە هونەری کوردی بکەن.
لە ژیانیدا وەک هونەرمەند و شاعیرانی تری کورد، ڕووبەڕووی سەختی و ئاستەنگەکانی ڕێژیمی سووریا بووەوە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، کتێبێکی بە ناوی "٦٠ ئاواز و ئاوازبەندەک" چاپ کردووە.
هونەرمەندی ناودار محەممەد عەلی شاکر، بەرەبەیانی ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی قامیشلۆ کۆچی دواییی کرد و لە شاری عاموودا بەخاک ئەسپێردرا. ئەو بە کۆمەڵە گۆرانییە فۆلکلۆری و کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەرییەکانی، هەمیشە وەک ئاوازێک لە یادەوەریی کورداندا یادی دەکرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە چاوی کورداندا وەک ئەستێرەیەکی هونەریی دێرین دەبینرێت.