دوکتور قوتبەدین سادقی، دەرهێنەر، ئەکتەر، نووسەر و وەرگێڕ

 

دوکتور "قوتبەددین سادقی" لەدایکبووی ساڵی 1952ی گەڕەکی جۆراوای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و یەکێک لە سەرەکیترین مامۆستایانی دەرهێنەر، ئەکتەر، نووسەر، وەرگێڕ و مامۆستای زانکۆ لە بواری شانۆیە لە ئاستی ئێراندا.

یەکەم جار هاوڕێ لە گەڵ براکەی دەچێتە هۆڵێکی تاریک و تنۆک و دواتر دەزانێ کە ئەو شوێنە هۆڵی سینەما بووە.

لە ساڵی 1975 بەکالۆریۆسی هونەری شانۆ لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران وەردەگرێت دوایە بۆ بەردەوامیی خوێندن دەچێتە زانکۆی سۆربۆنی پاریس و ماستەر و دوکتۆراکەی هەر لە بواری شانۆدا تەواو دەکات. ساڵی 1985 دەگەڕێتەوە ئێران و بەردەوام دەبێ لە بەڕێوەبردنی فێرکاریی شانۆ و دەرهێنەری و ئەکتەری و ...

دوکتور سادقی زیاتر لە پەنجا شانۆنامەی نووسیوە و دەرهێنەری زیاترلە پەنجاو دوو شانۆ بووە. هەژدە کتێبی بە چاپ گەیاندووە و لەزۆر زنجیرە و فیلمی بەناوبانگی ئێرانی وەک ئەکتەر ڕۆڵی گێڕاوە. لە ئاکادێمیای شانۆ لە تاران ساڵانێکی زۆرە کاری ڕاهێنان و کۆڕ و کۆبوونەوەی خوازیارانی هونەر، بەڕێوە دەبات. دوکتور سادقی وەک کەسایەتیێکی ئاکادێمی و پسپۆڕ لەزۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە زانستی و مێژوویی و هونەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێران و تەنانەت نێونەتەوەییش بانگهێشت دەکرێ و گوێبیستی وتارە زانستییەکانی دەبن.

خۆی دەڵێ:

"من پەروەردەی زانکۆم و بەهرەی هونەریم لە پێناو خوێندنی زانکۆکەم بووە و بۆیە بەرهەمەکانی شکسپیێر و مۆلێرم  کار کردووە. لە پاشان گەڕامەوە کە شوێن پەنجەی کەلتوور و داب ونەریتی خۆمان لە کوێیە؟ دەبێ بگەڕێین بۆ سەرچاوە مێژووییەکانی خۆمان، دەبێ شانۆی ڕۆژهەڵاتی بوونی هەبێت، بنەڕەتی هونەری خۆماڵی ساز کەین. لە پێشدا ڕوومان کردە کتێبە کلاسیکەکان وەک فیردەوسی و عەتتار و نیزامی و ... لە دواییدا ئایینەکان. ئەم وڵاتە خەڵکان و جۆگڕافیایی جۆراوجۆری تێدایە، هەربۆیەش بۆ پەیوەندی گرتن بەدنیای سروشت و مێتافیزیک بە درێژایی مێژوو، ئایین و ڕێوڕەسمی تایبەتیان هەبووە وەک میری نەوڕۆزی و  ...

ڕێگەیەکی تر کە پەنام بۆ بردووە، کار کردن لە سەر  کتێبە مێژووییەکان بووە. وەک کتێبی مێژووی جیهانگیری جەوینی که بە پێی حەوت عەشیرەتی بزر بوو نووسیومەتەوە یان مێژووی بەیهەقی که ئەفشین و بوودەلەفم لە سەر نووسیوەتەوە .

ڕێگەیەکی تریش وەک شانۆ کەلتووریەکانە کە لە ئێران لە سەردەمانی پێشوودا باو بووە و بۆ خۆشگوزەرانی لە سەر شەقام و کۆڕ و کۆبوونەوەکان نمایش کراوە".

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

لەسەر ئەم بنەمایە ئاسەوارەکانی دوکتور سادقی سێ قۆناغ لەخۆ دەگرن. یەکەم هەنگاو دەرهێنانی شانۆنامە بەناوبانگە جیهانییەکان وەک هەملێت، فێلەکانی ئێسکاپەن و .... پاشان پەنابردن بۆ دەقە کۆنە ئێرانییەکان و ئوستوورەکانیان وەک ئارەش و موویەی جەم و... . لە قۆناغی دواییدا دەگەڕێتەوە سەر کوردستان و لە دوو بواری جیاوازدا بەرهەم دەخوڵقێنێ. یەکەم مێژووی سەردەمی کوردستان وەک "سەردەمی بێ تاوانی" و "سروودی سەد هەزار ئۆفێلیای ئەویندار" و لایەنی دووهەم گەنجی سەر بە مۆری ئەدەبیاتی زارەکی و لەم  بەشە دا بە پێی زۆربەی بەیتە بەناوبانگەکانی کوردی، شانۆنامەی نووسیوە.

دوکتور سادقی لەم ساڵانەی دواییدا هێرشێکی بەرفرەوانی کردووەتە سەر چەواشەکاریی مێژووی مادەکان کە لە لایەن حکوومەتی هەخامەنشیان و لایەنگرانیەوە نووسراوەتەوە. بە بڕوای دوکتور قوتبە، بەلاڕێدابردن لە ئوستوورە مێژووییەکانی زەحاک لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دراوە. ئەم ساختەکارییە لە سەردەمی داریووشی یەکەمەوە دەستی پێ کردووە و دوایە بەردەوام بووە.

وەک ئاماژەی پێ دەکا، شێر و مار لە کەلتووری مادەکاندا پیرۆز بووە بەڵام ئێرانییەکان لە مار و شێر بێزار بوون و وێنەی کوژراوی شێر و ماریان لەسەر بەردەکان هەڵکەندووە.

دوکتور قوتبه وەک هونەرمەندێکی لێهاتوو و پڕئەزموون و بەپەرۆش بۆ گەلەکەی، هەموو کات کارەساتە دڵتەزێنەکانی گەلی کوردی بە شانۆ دەرهێناوە و هەمووکات پشتیوان و لایەنگری کۆڕ و کۆبوونەوە مێژوویی و هونەرییەکان بووە. تەنانەت کاریگەرییەکی ئەوتۆشی لەسەر فراوان کردنی کۆڕە هەڵپەڕکێکان و ناردنیان بۆدەرەوەی وڵات بۆ فێستیڤاڵە  جیهانێەکان هەبووە و یەکەم گرووپی هەڵپەڕکێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە بوو بە براوەی خەڵاتی یەکەمی فێستیڤالی نیودەوڵەتیی هەڵپەڕکێی نەتەوەکانی جیهان، هەر لە لایەن دوکتور سادقییەوە دامەزراوە.

ئەم مامۆستا کوردە، سەدان و بگرە هەزاران کەسی لە کوردستان و شارەگەورەکانی تاران هێنایە سەر سەکۆی شانۆ و پسپۆڕانە فێری کردن. لە زۆربەی فێستڤاڵەکانی شانودا لە تاران و تەورێز و سنە و مەشهەد و ئیسفەهانەوە تا سلێمانی و کەرکووک وهەولێر و وڵاتانی عەڕەبی و ..، وەک داوەر و لێژنەی هەڵبژاردن بانگهێشت دەکرێت.

KURDŞOP
564 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!