میقداد مەدحەت بەدرخان و ڕۆژنامەی کوردستان

سۆلین ورمێ

خەبات بۆ کەلتوور و مێژووی نەتەوەی کورد، ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموو کوردێکە. ڕابردوومان گەنجینەیەکی زۆر بەنرخە. هەرچەندە دەچینە نێو دەریای فەرهەنگ و مێژووی خۆمانەوە، کەسانی نیشتمانپەروەر و کوردپەروەر دەبینین. زۆر ماڵباتی کورد هەن کە بۆ ئەدەبیات، کەلتوور و مێژووی گەلەکەیان، خەباتیان کردووە؛ یەکێک لەو ماڵباتانە، بەدرخانییەکانن.

ئەوان کەسانی گەورە و ئەمەگدارن و بۆ گەلەکەیان خەباتیان کردووە و دەبێ ئێمە بە نەوەی نوێیان بناسێنین. بەدرخانییەکان بۆ پێشخستنی گەلەکەیان کارێکی زۆریان کردووە، ئەوان بە ئافراندنی ئەلفبێی کوردی و ڕۆژنامەی کوردی و بە ئافراندنی سەدان شتی دیکە، کار و چالاکییان کردووە و خۆیان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەلەکەیان تەرخان کردووە. ئەوان بە کردەوە لە بواری سیاسیدا پێشەنگی هۆشیارکردنی کۆمەڵگەکەیان بوون.

نەوە لە دوای نەوەی ماڵباتی بەدرخانییەکان، کاری گەورەیان کردووە و یەکێک لە ئەندامانی ئەو ماڵباتە کە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەی کوردیی بە ناوی "کوردستان" چاپ و بڵاو کردەوە، میقداد مەدحەت بەدرەخان بوو.

لە ساڵی ١٨٩٠دا، دەوڵەتی عوسمانی دەستی کرد بە ئاسمیلەکردنی کوردان و میرەکانی کوردی بانگ کرد بۆ ئەستەنبوڵ و نەیهێشت هیچ میرێک دەسەڵات بگرێتە دەست، بەم شێوەیە سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کوردی گرتەبەر و گوشاری زیاتری خستە سەر کوردان؛ لەم پەیوەندییەدا زۆرێک لە ڕۆشنبیران و زانا و ناسیۆنالیستەکانی کورد، تورکیا و کوردستانیان بەجێ هێشت و چوونە وڵاتانی بیانی و لە دەرەوەی وڵات درێژەیان بە ژیان و خەباتی خۆیان دا.

یەکێک لەو کەسە ڕۆشنبیر، زانا، کوردپەروەر و ناسیۆنالیستانە، میقداد مەدحەت بەدرخان، کوڕی میر بەدرخان بوو کە لە ساڵی ١٨٩١دا ڕوو دەکاتە وڵاتانی بیانی و دەگەیەتە وڵاتی میسر. ناوبراو لە میسر لە کارەکانی بەردەوام دەبێت و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد، ناساندنی دۆزی گەلەکەی بە جیهان، بەرگریکردن لە کورد، دژایەتی لەگەڵ سوڵتانەکانی عوسمانی و ئاگادارکردنەوەی گەنجانی کورد، خەبات دەکات.

هەر بەم مەبەستانە، ئەو ڕۆژنامەیەک دەردەکات و بەم شێوەیە کار بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی دەکات. ئەوە بوو کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ دەرچوو. ئەم ڕۆژنامەیە بوو بە دەستپێک و پێشەنگی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی.

میقداد مەدحەت بەدرخان، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەکجارەکی، پێویستە لە ڕێگەی شۆڕشی ڕۆژنامەوانییەوە خەڵک ئاگادار بکرێنەوە و ڕۆشنبیر بکرێن.

میقداد مەدحەت بەدرخان لەسەر ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی کوردستان و مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆژنامەیە، لە وتارێکدا نووسیویەتی: "کورد زۆرتر لە گەلانی دیکە، خاوەن بیر و هۆشیارییە، ئازایە، لە ئایینی خۆیاندا پێداگر و بەهێزن، بەڵام بەداخەوە وەک نەتەوەکانی دیکە خوێندەوار و دەوڵەمەند نین، نازانن دراوسێکانیان چۆنن و چی دەکەن و زانیارییان لەسەریان نییە، بۆیە ئێمە بە پشتبەستن بە خودا، ئەم ڕۆژنامەیەمان دەرکرد و بە پشتیوانیی خودای گەورە، هەر ١٥ ڕۆژ جارێک، بڵاوی دەکەینەوە. ناوی ڕۆژنامەکەمان کوردستانە و لەو ڕۆژنامەیەدا باسی سوودەکانی زانست و زانیاری دەکەین، لە هەموو شوێنێک مرۆڤ هەبێت، لە هەر شوێنێک خوێندنگەی باش هەبێت، من نیشانی کوردانی دەدەم و لە هەر شوێنێک شەڕ دەبێت و هەڵوێستی وڵاتانی گەورە چی دەبێت و چۆن شەڕ دەکەن، چۆن بازرگانی دەکەن، هەموویان باس دەکەم؛ هەتا ئێستا کەس ڕۆژنامەیەکی لەو شێوەیەی بڵاو نەکردووەتەوە."

لە کاتی بڵاوبوونەوەی ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەکەدا، میقداد مەدحەت بەدرخان کارتێک بە زمانی فەڕەنسی دەنووسێت و مەبەستی خۆی ڕوون دەکاتەوە و لەگەڵ ژمارەی یەکەمدا بۆ ئەو کەسانە دەنێرێت کە بەدواداچوون بۆ ڕۆژنامەکە دەکەن؛ نووسینی سەر ئەو کارتە بەم شێوەیە بوو:

"گەورەم! من زۆر بەختەوەرم بۆ ئەوەیکە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی کوردستان بۆ ئێوە دەنێرم و ئەم ڕۆژنامەیە لە هەنووکەدا لە قاهیرە دامەزراوە. نەتەوەکەم کە نەتەوەی کوردە، حەشیمەتیان ٦ ملیۆن کەسە و زمانەکەیان لە ئاسیای بچووکدا زۆر کۆنە، ئەمە یەکەمجارە من بەم زمانە ڕۆژنامەیەک دەربکەم، ئەمەش بە مەبەستی تێگەیاندنی زانیاری و هاندانی کوردانە بۆ ئەوەیکە ڕێگای پێشکەوتن و شارستانییەتی نوێ بگرنەبەر و لە هەمان کاتدا ئەدەبیاتی نەتەوەی خۆی نیشانی نەتەوەکانی دیکە بدەن. باوکم، میر بەدرخان، لە شەڕی سەربەخۆییی کوردستان بەشدار بوو و دژی حکوومەتی عەبدولحەمید، ئەو کەسەی کە ژیانی ماڵباتەکەمانی لە نیشتمانەکەمان قەدەغە کردبوو، شەڕی کرد. من ڕووم کردە قاهیرە و دەمەوێت ئاسایش باڵ بەسەر کوردستاندا بگرێت، بۆیە بڕیارم داوە لە ڕێگای ئەم ڕۆژنامەیەوە و لە دوورەوە، هەموو تواناکانم تەرخان بکەم و  هەر کارێک بکەم کە ببێتە هۆی قازانج، بەختەوەری و پەروەردەی هزری هاووڵاتییانی کورد."

میقداد مەدحەت بەدرخان بە هەموو توانایەوە هەوڵی دا ئەو ڕۆژنامەیە بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆژنامەکەوە نەتەوە و منداڵانی کورد هۆشیار بن و چاویان بکەنەوە، هەروەها ڕۆشنبیری و زانست لەنێو گەلەکەیدا بڵاو ببێتەوە.

لە سەردەمی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان، دەوڵەتی عوسمانی چاوەدێرییکەی توندی ئەو ڕۆژنامەیەی دەکرد و بڵاوبوونەوەی ئەو ڕۆژنامەیەی لە کوردستان قەدەغە کرد، هەر بۆیە میقداد مەدحەت ژمارەکانی ئەو ڕۆژنامەیەی لە ڕێگەی بازرگان و تەشکیلاتە نهێنییەکانەوە دەگەیاندە کوردستان.

دەوڵەتی عوسمانی دەیویست میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەگی براکەی وەک تاوانبار لە ئەستەنبوڵ دادگایی بکات، بۆیە هەڕەشەی زۆر لەسەرئەو دوو گەنجە کوردە بوو.

میقداد مەدحەت به دامه‌زراندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌‌ی کوردستان، زۆرێک له گه‌نجانی کوردی له‌ ستەم و سەرکوتکاریی عوسمانییه‌کان دژی کورد ئاگادار کردەوه، هەروه‌ها کاری زۆری بۆ ئەدەبیات و مێژووی کرد کرد.

ئەو ڕۆژنامەیە دەبێتە گەورەترین دوژمنی عوسمانییەکان. عوسمانییەکانیش کەوتنە دژایەتیکردنی ئەو ڕۆژنامەیە و چەندین جار داوایان لە وڵاتی میسر کرد کە ئەو ڕۆژنامەیە دابخەن، هەر بۆیە میقداد مەدحەت بە ھەموو شێوەیەک کەوتە دژایەتیکردنی عوسمانییەکان و بۆ بەردەوامبوونی ڕۆژنامەکە زۆر شوێنی گۆڕی.

میقداد مەدحەت بەدرخان لەو ڕۆژنامەیەدا زۆر چیرۆکی وەک مەم و زین، شیعر و پەخشان و زۆر وتار و ھەواڵی بڵاو کردەوە.

جگە لەو بابەتانە، میقداد مەدحەت بۆ دژایەتیی دەسەڵاتی عوسمانی، بەهایەکی زۆری بە پرس و داوا ڕەواکانی گەلی کورد و لاوانی کورد دەدا.

چەند مژار و وتاری گرینگ کە مەدحەت بەدرخان لەو سەردەمەدا لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بڵاوی کردنەوە بەم شێوەیەن:

لە ژمارەی سێدا شیعرێکی حاجی قادر کۆیی بڵاو کرایەوە و لە پێشەکیدا نووسراوە، ساڵی پار حاجی قادر کۆیی کۆچی دوایی کرد، واتە ساڵی ١٩٨٩ ژمارە ٣ بڵاو کراوەتەوە و ساڵی ڕابردووش دەکاتە ساڵی ١٨٩٧، لەبەر ئەوە، ئەو ساڵە بە ساڵی کۆچی دوایی حاجی قادر کۆیی دەزانرێت.

لە ڕۆژنامەی کوردستاندا شەڕی دژی ئەرمەنییەکان شەرمەزار و ڕەت کراوەتەوە و داوای برایەتیی نێوان ئەرمەنەکان و کورد کراوە.

دوای ساڵێک لە دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان، میقداد مەدحەت نەخۆش دەکەوێت و عەبدولڕەحمانی برای دەچێتە سویسرا و بەرپرسایەتیی ڕۆژنامەکە دەگرێتە ئەستۆ.

میقداد مەدحەت بەدرخان، بە دامەزراندن و وەشانی ڕۆژنامەی کوردستان، دیسان سەلماندی کە بنەماڵەی بەدرخانییەکان نەتەنیا لە بۆتان، بەڵکوو لە هەر شوێنێکی جیهان بن، دەتوانن لەسەر هۆشیاریی کوردان، کەلتوور، مێژوو و ئەدەبی کوردی کاریگەرییان هەبێت.

 

KURDŞOP
995 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!