کامەران بەدرخان، یاساناس، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسی کورد

 

 

"کامەران بەدرخان" کوڕی "ئه‌مین عالی بەدرخان" بوو کە کۆتا میری بەدرخانەکان بووە.  چالاکترین کەسایەتی بەدرخانیەکان کامەران بەدرخانە کەلە ساڵی ١٨٩٥ لە ئەستەمبوڵ لە دایک بوە و لە تەمەنی ١٤ ساڵی دا دەستی کردوە بە نووسین و شەش زمانی زانیوە و ڕۆڵێکی گرنگی لە بزوتنەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیاتی کوردیدا گێڕاوە.  خوشک و براکانی کامەران به‌درخان بریتین له‌ سورەیا و جەلادەت کە بە هەمان شێوە لە خەباتی سیاسی و ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیی کوردیدا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە.

کامەران بەدرخان ساڵی ١٨٨٩ لەگەڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵای نەهریدا بەشدارییان لە دامەزراندنی "کۆمەڵەی ئیتحاد و تەڕەقی"دا کردووه‌ کە بە یەکەم پارتی سیاسی لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانیدا دەناسرێت. دواتر ساڵی ١٩٠٨ هەوڵی دا "کۆمەڵەی ئیتحاد و تەڕەقیی کورد" دابمەزرێنێت، بەڵام بەهۆی ئاشکرابوونیانەوە شکستی هێنا.

لە ئەنجامی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران دا، بنەماڵەکەیان بە ناچاری ڕوویان کردووەتە شام و لەدوای ساڵی (1925)ەوە هاوڕێ لەگەڵ جەلادەت بەدرخانی برای دادەستیان داوەتە خەباتی نهێنی و ڕۆڵێکی گەورەیان لە دامەزراندنی کۆمەڵەی (خۆیبون)دا گێڕا. دواتر کامەران بەدرخان بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا ڕووی کردۆتە ئەڵمانیا و درێژەی بە خوێندن داوە و بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری یاسادا وەرگرتووە.

شان بەشانی ئەمەش بەردەوام هاوکاری جەلادەت بەدرخانی برای کردووە لە دەرکردنی هەردوو گۆڤاری "هاوار" و "ڕووناهی"دا. ساڵی 1943 بەشێوەیەکی کاتی لە بەیروت نیشتەجێ بووە و گۆڤارێکی بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو دەرکردووە کە ناوی گۆڤاری "ڕوژا نو" بوو. لە کۆتایی هەمان ساڵیشدا گۆڤارێکی تریشی دەرکردووە بەناونیشانی گۆڤاری "ستێر". لە ساڵانی کۆتاییی چلەکاندا و لە ساڵی ١٩٤١ ڕادیۆی کوردیی بەیرووتی کردووەتەوە. ساڵی ١٩٥٩ لە کردنەوەی ڕادیۆی دەنگی کوردیی قاهیرە ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. ئەم رادیۆیە لە ساڵی ١٩٦٣ لە ژێر فشاری تورکیادا داخرا.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

کامەران بەدرخان پاش ئەوەی دوکتۆرای لە بواری یاسادا بەدەست هێناوە، ماوەیەکیش لە زانکۆی پاریس لە فەڕەنسا مامۆستای زانکۆ بووەو هەروەها لە ئەنستیتۆی زمان و شارستانییەتی ڕۆژهەڵات، سەرۆکی بەشی زمانی کوردی بووە. دواتر لە پاریس پەیمانگەیەکی بۆ خوێندنی کوردی دامەزراندووە و وەک پسپۆڕێکی زمانی کوردی سەرپەرشتیی خوێندکارانی باڵای ئەو بەشەی کردووە و پاشان لە ساڵی 1954دا لە زانکۆی "سۆربۆن" بووە بە مامۆستا.

لە ڕووی سیاسییەوە کامەران بەدرخان پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ زۆرینەی سەرکردەکانی جیهان و وڵاتانی عەرەبیدا هەبوو. ساڵی ١٩٤٨ لە نیویۆرک داواکاریيەکانی کوردی گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکان. لەسەر ئاستی ناوچەیش بە دامەزرێنەری پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل دادەنرێت و لەساڵانی پەنجاکاندا دیدارێکی بۆ جەلال تاڵەبانی و وەزیری دەروەی ئیسرائیل لە پاریس ڕێکخستوە؛ ئەوەش بووە بە دەستپێکی پەیوەندیی کورد و ئیسرائیل.

ساڵی ١٩٦٢ چووەتە تەلئەبیب و داوای هاوکاریی بۆ شۆڕشی کورد کردووە. سەرئەنجام هاوکاریی سەربازیی ئیسرائیلی بۆ کورد بەدەست هێناوە. کامەران پەیوەندیی شۆڕش و وڵاتانی میسر و جەزائیر و ئەردەنی ڕێکخستوە و بە دامەزرێنەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کورد لە ساڵانی ١٩٤٠ تا ساڵی ١٩٦٩ دادەنرێت.

لە دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازار، بەهۆی نیگەرانی لەو ڕێککەوتنە، پەیوەندیی لەگەڵ شۆڕشدا پچڕاندووە. ساڵی ١٩٧٨ لە پاریس کۆچی دواییی کرد و جەستەی خۆی بەخشییە پەیمانگای زانستیی پاریس.

ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەری فەڕەنسی، "فرانسوا لۆڤات" دەڵێت: "کاتێک بۆ دیداری بارزانی چووین، بارزانی پێی سەیر بوو کە من فەڕەنسیم و بەزمانێکی پاراوی کوردی قسە ئەکەم، منیش وتم لات سەیر نەبێت من هاوڕێی کامەران به‌درخانم ئەو فێری کوردیی کردوم. ئەوەی جارێک لە گەڵی دانیشێت، خۆشەویستی و سۆزی بۆ کورد دەجووڵێت و حەزدەکات زیاتر لەسەر کورد بزانێت، منیش یەکێکم لەو هاورێیانەی کامەران به‌درخان".

KURDŞOP
898 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!