عادڵە خانم، شاژنی بێ تاجی کوردستان

عادڵە خانم ساڵی ١٨٩٥ هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکی ناسراوی خەڵکی هەڵەبجە کرد بە ناوی "عوسمان". دوای کۆچی دوایی مەحموود پاشای جاف، سەرکردایەتیی عەشیرەتی جاف کەوتە دەست عوسمان پاشای جاف و عادڵە خانم بوو بە هاوکاری هاوسەرەکەی.

کوردشۆپ- ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو خاوەنی بیر و هزری تایبەت بوون و لەنێو کۆمەڵگەی کوردیشدا چەندین ژنی زانا و زیرەک هەن کە سەرنجی کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی سەرنجی زۆرێک لە مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسانی بیانییان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و بوون بە شانازیی نەتەوەی کورد.

هەر لەو پێوەندییەدا کوردناسی ڕووسی، "ڤلادمیر فیۆدۆرڤیچ مینۆرسکی"، کوردی وەک پێشکەوتووترین و شارستانیترین نەتەوە ناساندووە.

هەروەها مستر ڕیچ، ژنانی عەرەب و تورک و فارسی لەگەڵ ژنانی کورد هەڵسەنگاندووە و گوتوویەتی کە ژنانی کورد لە ڕووی پلە، پایە، ئازادی، زیرەکی و دەستپاکییەوە لە ژنانی گەلانی دیکە پێشکەوتووترن.

هەروه‌ها ژنانی کورد له‌لایه‌ن زۆرێک له گەشتیارانی بیانی و ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌وه ڕێزیان لێ گیراوە و ستایش کراون.

یەکێک لەو ژنانەی کە شانازیی نەتەوەی کوردە و زیرەکی و کەرامەتەکەی گەیشتووەتە زمانی بیانییەکان، خاتوو عادڵەیە.

مێجەرسۆن، ئەفسەری سیاسی و ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانی، سەبارەت بە خاتوو عادڵە گوتوویەتی: "خاتوو عادڵە ژنێکی بەهێز و کۆمەڵایەتی و تاجرە و هەوڵی بنیاتنانی شارستانییەت و ژێرخانی هەڵەبجە دەدات."

ئەو ژنە کێیە کە بیانییە ناسراوەکان، وەها باسیان کردووە؟!

دوای ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١دا، بنەماڵەیەک لە شاری سلێمانییەوە بەرەو شاری سنە چوون کە ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی ئەردەڵاندا بوو، ئەو بنەماڵەش سەر بە عەبدولقادر بەگی کوڕی حەمید بەگ بوون. خاتوو عادڵە ساڵی ١٨٥٩ لە سنە و لەو بنەماڵە ناسراوە لەدایک بووە و لەو شارەدا ژیانی بەسەر بردووە.

عادڵە خانم ساڵی ١٨٩٥ هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکی ناسراوی خەڵکی هەڵەبجە کرد بە ناوی "عوسمان". دوای کۆچی دوایی مەحموود پاشای جاف، سەرکردایەتیی عەشیرەتی جاف کەوتە دەست عوسمان پاشای جاف و عادڵە خانم بوو بە هاوکاری هاوسەرەکەی.

دوای ئەوەی عوسمان پاشا ساڵی ١٩٠٥ کۆچی دوایی کرد، عادڵە خانم سەرجەم چالاکییەکانی عەشیرەتی جافی بەڕێوە دەبرد و ناوەکەی بە سەرتاسەری ناوچەی شارەزوور و هەورامان و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان و هەروەها لەنێو خەڵکدا بڵاو بووەوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا ڕێزێکی تایبەتیان لێ دەگرت.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەو ژنە ڕۆڵێکی گرینگی لە مێژووی پێکهاتەی کوردی ئەو سەردەمەدا هەبوو، بەتایبەتی لە هەڵەبجە و ناوچەی شارەزوور و هەورامان.

بەڕێوەبردنی کاروباری عەشیرەتێکی گەورە لە ناوچەی هەڵەبجە و دەشتی شارزوور و دروستکردنی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ ئینگلیزەکان، کاری هەرکەسێک نەبوو، بەڵکوو ئەو ژنە زیرەکە کوردە ئەو کارەی لە ئەستۆی خۆی گرتبوو.

دوای ئەوەی بوو بە سەرکردەی عەشیرەتێکی گەورەی وەک عەشیرەتی جاف، دەسەڵاتی هێندە گەورە ببوو کە بە شاژنی بێ تاجی شارەزوور ناسرابوو.

هەڵەبجە کە ئێستا بە شاری کیمیاییکراو ناسراوە، لە سێبەری بەرپرسایەتیی خاتوو عادڵە و عوسمان پاشای هاوسەری و تاهیر بەگ و ئەحمەد موختار بەگی کوڕەکانی، چەندین باڵەخانە و چەندین بینای تێدا دروست کرا. هەڵەبجە بە پاڵپشتیی خاتوو عادڵە، بەرەو شارێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوو هەنگاوی نا.

خاتوو عادڵە ڕێگای بازرگانیی لەم شارە لەگەڵ شارەکانی دراوسێی کردەوە و چەندین دووکان و بازاڕی تێدا دامەزراند.

وەک دەزانرێت خاتوو عادڵە یەکەم ژنە پارێزگار بووە لە مێژووی عێراقدا و لە ساڵی ١٩٠٩دا بووە بە پارێزگاری هەڵەبجە.

ئەو تەنیا فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی ئەو ناوچەیە نەبوو، بەڵکوو لە ئاستێکی سیاسیی باڵادا بوو؛ دادگای تایبەتی خۆی هەبوو و زیندانێکی دروست کرد و خۆی سەرپەرشتیی دادگای دەکرد و خراپەکارانی سزا دەدا. هەروەها کۆشک و هۆڵی جوان و ڕێکوپێکی لە هەڵەبجە دروست کرد و ئەو گوندەی کە لە سەردەمی داگیرکاریی عوسمانیدا لەبیر کرابوو، بوو بە شارێکی سیاسی و بازرگانی و تەنانەت عوسمانییەکان ئارەزووی ئەم شارەیان هەبوو، بەڵام تەنانەت جارێکیش عادڵە خانم ڕێگەی بە عوسمانییەکان نەدا بنکەکانیان لە ناوچەکەی ئەودا دابمەزرێنن.

"میس بێل"، پەیامنێری بەریتانی، ساڵی ١٩٢١ بۆ سەردانێک چووەتە هەڵەبجە و عادڵە خانمی بینیوە و وەها باسی ئەو خاتوونە کوردەی کردووە: "ئێمە وەک بەریتانی، نابێ حیساب بۆ خاتوو عادڵە نەکەین، ئەو سەرکردەی ناوچەکەیە، فەرماندەی عەشیرەتی جافە، بەتوانایە و توانای لە ئاستێکدایە کە خەڵک قەت لەبیری ناکات، هاوکات ژنێکی سەرنجڕاکێشە و جلوبەرگی جوانی کوردی لەبەر دەکات."

ئەو ژنە ناودارە لە بواری ئابووریدا خزمەتێکی زۆر گەورەی بە گەلەکەی کرد، بەو دەسەڵاتەی خۆی، نیشانی وڵاتانی دونیای دا کە ژنانی کورد لەگەڵ پیاوان یەکسانن و دەتوانن لە کۆمەڵگەی کوردیدا بگەنە دەسەڵات و تەنانەت ئەوانیش دەتوانن بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکاندا بکەن.

"ڤلادمیر فیۆدۆرڤیچ مینۆرسکی"، کوردناسی ڕووسی، ساڵی ١٩٠٩ سەردانی باشووری کوردستانی کردووە، هەروەها چووەتە هەڵەبجە و بووەتە میوانی خاتوو عادڵە و لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: "خاتوو عادڵە ژنێکی نموونە، تێگەیشتوو و خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بووە."

"ئەدمۆندز"، ئەفسەری سوپای بەریتانیا لە باشووری کوردستان، سەبارەت بە خاتوو عادڵە گوتوویەتی: "هەموو دەسەڵاتی عوسمان پاشا دوای مردنی کەوتە دەستی هاوسەرەکەی، کە لە ڕاستیدا شاژنی بێ تاجی شارزوور بوو".

خاتوو عادڵە زۆر حەزی لە بەرەوپێشبردنی پەروەردە بووە و هەر بۆیەش چەندین قوتابخانەی دامەزراندووە. دوای خزمەتێکی زۆر بە گەلەکەی، ئەم ژنە ناودارە ڕێکەوتی ١١ی نیسانی ١٩٢٤ کۆچی دوایی کرد و لە خاکی پیرۆزی کوردستان لە گۆڕستانی ئەبابەیل لە شاری هەڵەبجە بە خاک سپێردراوە.

ئەو ژنە ناودارە شارستانییەتێکی مۆدێڕنی هێنایە نێو گەلەکەی و ئەو کار و خزمەتانەی کە بۆ میللەتەکەی کردوویەتی وەک نموونەیەکە بۆ هەموو ژنانی دوای خۆی و نیشانی دا ژنان دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگەکەیان هەبێت و دەتوانن لە زۆر ڕووەوە خزمەتی گەلەکەیان بکەن.

KURDŞOP
833 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!