قالە مەڕە پیاوێک لەسەر شەقام و هونەرمەندێک لە سەر هەوران

 

کەم ئینسانی کورد هەیە ناوی قالە مەڕەی نەبیستبێت. کەم کەسیش هەیە تەنانەت بۆ جارێکیش بووبێ، گوێی لە دەنگی شمشاڵی ئەو هونەرمەندە گەورەیە نەگرتبێ.

قالە مەڕە هونەرمەندێکی نەخوێندەوار و نەدار و خاکەڕا بوو کە لەماوەی ژیانیدا، تاقە هونەرمەندی سەرشەقامی کورد بوو. ئێوارە و ئێوارە بە خۆی و شمشاڵەکەیەوە لە گۆشەیەک لە شەقامەکانی شاری بۆکان دادەنیشت و بە سۆزی شمشاڵەکەی خەم و ئازارەکانی خۆی وەک مرۆڤێکی ئازارچەشتوو دەردەبڕی.

بەڵام ئەوە هەموو پێناسەی ئەو هونەرمەندە گەورەیە نییە.  بەڵکوو سەرتر لەوانە ئەوەیە کە تواناییی قالەمەڕە لە ژەنینی ئامێری شمشاڵدا بە ڕادەیەک بەرز و کەم وێنە بوو، کە چەندین جار ئەو هونەرمەندەی لە شەقامەکان ژەنیاریی دەکرد، لە بەرزترین فیستیڤالەکانی مۆسیقای ئێراندا، وەک لێژنەی داوەری بۆ ئەو سازانەی بە فوو لێدەدرێن هەڵبژێردرا. بۆ وێنە لەچەند خولی فیستیڤالی مۆسیقای ناوچەکانی ئێراندا، ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرت.

لە لایەکی دیکەوە قالەمەڕە پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ هەموو هەوا و ئاوازە ڕەسەن و فۆلکلۆرییەکانی کوردەواریدا هەبوو. هەر ئەو پەیوەندی و ناسیارییە قووڵە ببووە هۆی ئەوەی زۆربەی ئەو ئاوازانە، بە سازە تاقانەکەی بژەنێ و  بەو کارە دوو نیشان بپێکێ. یەکەم ئەوەی لەو ڕێیەوە توانی بەشی زۆری ئەو ئاوازانە لە فەوتان ڕزگار بکا و ئەوانەش کە تۆمار کرابوون ئەو هەلەی بۆ هونەرمەندانی دوای خۆی ڕەخساند بتوانن بە سازی شمشاڵ ئەو ئاهەنگ و نەوایانە بژێننەوە.

 کاریگەری دووەم ئەوە بوو کە شمشاڵی قالەمەڕە ئەگەر توانی ئەو ئاوازانە بژێنێتەوە، توانیشی نەوەیەک لە مرۆڤی کورد بە نەریتێکی مۆسیقایی و ئاوازی و جوانیناسییەوە ببەستێتێتەوە و لە بێگانە بوون لە هونەری نەتەوەیی ڕزگاریان بکا.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

مۆسیقا یەکێک لەو بوارانەیە دەکرێ لە ڕێیەوە بەشێک لە شوناسی نەتەوەکان بناسێنرێ و بپارێزرێ. لە جیهانی بەربڵاوی مۆسیقادا، کەم نەتەوە هەیە کە توانیبێتی مۆرکی تایبەتی خۆی لەسەر مۆسیقا بەجێ هێشتبێ، بە شێوەیەک کە بتوانی بە بیستنی و بێ گوێ دانە تایبەتمەندییەکانی دیکەی  نەتەوە، لە  ڕێگای مۆسیقاوە بیناسییەوە. بەڵام هەن ئەو نەتەوانەی بە بیستنی مۆسیقاکەیان بەشێک لە ناسنامەی ئەو نەتەوەیە لەبەر چاوت خۆیا دەبێ. بۆ وێنە مۆسیقای هیندی و عەڕەبی و تەنانەت ئازەربایجانی ئەو تایبەتمەندییەیان هەیە. مۆسیقای هیندی لە ڕێگای دەنگی سیتارەوە و مۆسیقای عەڕەبی لە ڕێگای ڕیتم و لەحنەوە و مۆسیقای ئازەربایجانی لە ڕێگای دەنگی تاری ئازەرییەوە دەناسرێتەوە. مۆسیقای زۆر نەتەوەی دیکەش بەو شێوەیە مۆرکی خۆیانی پێوەیە و زۆریشن ئەو نەتەوانەی مۆسیقاکەیان لەبەر شەپۆلی بەجیهانیبوون و تێکەڵاویی کەلتوورەکان و وەرگرتنی مۆسیقا گەلانی دیکە، خۆی دۆڕاندووە و تایبەتمەندیی خۆی نەماوە.

مۆسیقای کوردی لەو مۆسیقایانەیە بە زۆر هۆوە  ناسنامەی تایبەتی خۆی هەیە. واتە خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە لە مۆسیقای هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا هاوتای نابینییەوە. ئەو تاقانە بوونە، واتە ناسنامەی هەڵاواردە و ئەوەش بۆ دەوڵەمەند کردنی شوناسی نەتەوەیی و تایبەت نواندنی خاوەن بایخ و گرینگە .

بۆ وێنە لە مۆسیقای کوردیدا مەقامەکانی ئەڵلاوەیسی و سیاچەمانە هەورامان و هۆرەی جافی و سازی تەمبوور بەشێک لەو تایبەتمەندییانەن کە سنووری بۆ دیاری دەکەن.

یەکێکی دیکە لەو تایبەتمەندییانەی مۆسیقای کوردی لە ڕێگایەوە دەناسرێتەوە سازی شمشاڵە. ئەو سازە و بەو ستایل و شێوە و ڕواڵەتەوە ئەگەر لە نێو گەلانی دیکەدا هەشبێ، دەنگێک کە هونەرمەندانی شمشاڵی کوردی لەو سازەیان پێکهێناوە دەنگی هەڵوارتە و تایبەتە و لە مۆسیقای هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا نییە.

 ئەو سازە لە نێو کورددا پێشینەی لە میژینەی هەیە . هەوای "هاوارە بەرە" و ناوی کەسانی وەک "دەروێش عەبدوڵڵا" کە "مامۆستا گۆران" لە شێعریکدا باسی دەکا و وەک هونەرمەندێکی تاقانەی شمشاڵژەن ناوی دێنێ و پەیوەندیی هەر شوانکارە و گوندنشین و لادێیەیک لەگەڵ ئەو سازە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە شمشاڵ هەر لە دێر زەمانەوە  لە ناو کورداندا  بووە و خەڵکی کورد لە ڕێگای ئەو سازە ساکارەوە هەست و ویستی خۆیان دەربڕیوە.

لە سەدەی بیستەمدا هونەرمەندی تاقانەی کورد قالەمەڕە، کەسایەتییەکی دیکەی بەو سازە بەخشی. دەنگی شمشاڵی قالەمەڕە ئەگەر سەرەتا ڕەوێنەری خەمی تاکەکەسیی هونەرمەند بووە، دواتر بوو  بە ڕەمزی هونەری و مانەوەی نەتەوەیەک و تەنانەت لەو دواییانەدا لە ئۆرکێستراکانی کوردیدا کەڵکیان لێ وەرگرت و ئەو دەنگەی کە تا ئێستا بە تەنیا، بلاوێنی دڵی جوانیناسان و هونەرمەندان بوو، ئەوجار هاوڕێ لەگەڵ سازەکانی دیکەی مۆسیقا، بەشێوەیەکی بەربڵاوتر بیسترا و جێگای خۆی کردەوە . ئەو کارەش لە توانا و داهێنەریی هونەرمەند قالە مەڕەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە سازێکی ساکاری وەک شمشاڵ و بە بێ زانینی نۆت و ڕێبازەکانی مۆسیقا، بە  تەنیا شێواز و قوتابخانەیەکی تایبەت دامەزرێنێ کە لە ئێستادا بە هەزران هۆگر و فێرخوازی هەیە.

ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد ساڵی ١٣٠٤ی  هەتاوی لە ئاوایی کولیجە نێوان بۆکان و مهاباد لە دایک بووە. وەکی بۆخۆی دەڵێ: لە تەمەنی یازدە ساڵییەوە دەستی کردووە بە ژەنینی شمشاڵ. وەکی دەزانین شمشاڵ ئامێرێکی مۆسیقاییە کە تایبەتی کوردانە و سازێکی فووییە کە لە کانزا ساز دەکرێ و شەش کونی هەیە و وەک نەی فارسەکان دەچێ. بەڵام ئەو لە قامیش ساز دەکرێ.

ناوی ناسنامەیی قالەمەڕە، قادری عەبدوڵلازادەیە بەڵام وەکی خۆی دەڵێ شێخ موحەممەدی خانەقا بە هۆی ئارامی و نەرمونیانیی کەسایەتیی مام قادر، ئەو نازناوەی داوەتێ و پێی گوتووە قالە مەڕە، کە نیشاندەری ئارامی و بێدەنگیی ئەو هونەرمەندەیە. قالە مەڕە ئەگەرچی باب و باپیریشی هەر شمشاڵژەن بوون، بەڵام دەڵێ: ئەو مامۆستایەکی نەبووە و هەر بۆخۆی فێری ژەنینی شمشاڵ بووە. ئەو هونەرمەندە گەورەیە لە جێژنی هونەری شیرزا لە سەردەمی حەمەرەزای شای پەهلەویدا سازی لێداوە. هەروەها بە  بانگێشتنی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێڕاق دەچێتە سلێمانی و زۆر ئاوازی خۆی تۆمار دەکا. قالەمەڕە تا دواساتی ژیانی شمشالەکەی لە باخەڵیدا بوو و لە هەر کوێیەک گەیشتبا کوڵی دڵی خۆی لە ڕێی شمشاڵەوە دەردەبڕی. سەرەنجام ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی (2009ی زایینی) و لە شاری بۆکان کۆچی دواییی کرد و  لە ڕێورەسمێکی جەماوەریی گەورەدا، کە دەیان هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، تەرمەکەی لە پەنا گڵگۆی هونەرمەندی پایەبەرزی گۆرانیی کوردی، حەسەن زیرەک، و لە داوێنی ناڵەشکێنە بە خاک سپێردرا.

 

KURDŞOP
619 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!