مەولانا خالیدی نەقشبەندی و سێ سەفەر بۆ سلێمانی

 

یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردستان لە دووسەت ساڵی ڕابردوودا، کەسایەتیی ئایینی و ئەدیب  "مەولانا خالیدی نەقشبەندی"یە. مەولانا خالید نەقشبەندی جگە لە کوردستان، لە زۆر وڵاتی دیکەی وەکوو عێڕاق و سووریا و تورکیا و پاکستان و ئەفغانستان و هیند و عەڕەبستان و عومان و ... ناسراوە و لایەنگری هەیە.

ئەو کەسایەتییە ڕێکەوتی ١١٩٣ی کۆچی مانگی بەرانبەر لە گەڵ ١٧٧٩ی زایینی واتە ٢٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە ئاوایی "قەرەداغ" لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە لای باوکی واتە "مەولانا ئەحمەدی کوڕی حوسێنی عوسمانی" تەواو کردووە. دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە سلێمانی. لەو سەردەمدا خوێندن لە کوردستان  بە شێوەیەک  بووە کە قوتابی یان تەڵەبە بۆخۆی هەڵیبژاردووە لە لای کام مامۆستا بخوێنێ. هەر  بۆیە مەولانا خالید لە لای چەندین مامۆستای زانای ئەو کات دەرسی خوێندووە. تاقمێک لە مامۆ ستاکانی بریتین لە "سەید عەبدولکەریمی بەرزەنجی" کە مامۆستای مزگەوتی عەبدوڵڕەحمان پاشابووە لە گەڕەکی سەرچیمەنی سلێمانی، "سەید عەبدولڕەحیم" برای شێخ عەبدولکەریم، "شێخ عەبدوڵڵا خەرپانی"، "مەلا برایم بیارەیی"، "مەلا جەلال خورماڵی"، "مەلا مەحموود غەزائی"، "مەلا سا ڵحی تەرماری"، "مەلا عەبدولڕەحیم زیارەتی"، "مەلا موحەمەد باڵەکی". پاش خوێندن لە مەحزەری ئەو زانایانە لە خزمەت "شێخ موحەمەد قەسیمی سنەیی" ئیزنی وانە کوتنەوە و ئیجتهاد وەردەگرێ.

مەولانا خالید پاش ئەوەی ئیزنی وانە گوتنەوە و ئیجتیهاد وەردەگرێ ناوبانگی بە هۆی هۆش و گۆشی زۆری و بەربڵاوی زانیارییەکانی و توانایی لە شرۆڤە و ڕاڤەی باسە ئایینی و فکری و فەلسەفەییەکاندا، لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بلاو بۆوە و دەسەڵاتدارانی هەرێمە جوداکان بانگێشتیان دەکرد بچێ و لە وڵاتی ئەوان وانە بڵێتەوە و قوتابخانەی تایبەتی هەبێ.

هەر بە هۆی ئەو ناوبانگەوەیە کە "عەبدولڕەحمان پاشای بابان" لە ناو هەموو زانایانی ئەو سەردەمەدا، بە تایبەت ئەو دەستەبژێر دەکا و بانگێشتی دەکا بچێ و لە یەکێک لە قوتابخانە ئایینییەکانی شاری سلێمانی وانە بڵێتەوە.

بەڵام ئەو سەرەتا بەو داوایە ڕازی نابێ و پاش ئەوەی ساڵی ١٢١٣ی کۆچی مانگی نەخۆشیی تاعوون لە سلێمانی بڵاو دەبێتەوە و مامۆستاکەی واتە شێخ عەبدولکەریم بەرزنجی کۆچی دوایی دەکا دەچێتە سلێمانی و بێ ئەوەی ماڵی دونیای بۆ گرینگ بێ و هەر بە ویستی خۆی و بە خۆڕایی وانە دەڵێتەوە.

مەولانا خالید ساڵی ١٨٠٥ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ١٢٢٥ی کۆچی مانگی دەچێتە سەفەری حەج. پاش ئەوەی دەچێتە "مەدینە" ڕوو دەکاتە "مەککە". لەمەککە لە کاتی تەوافی ماڵی خودادا، کەسێکی ڕەشپۆش دەبینێ کە پشتی لە ماڵی خوداکردووە و ڕووی لەوە. مەولانا خالید لە دڵی خۆیدا پێی وایە ئەو  کەسە پیاوێکی بێ بڕوا و بێ ئەدەبە کە پشتی  لە ماڵی خودا کردووە، بەڵام کابرا دڵی مەولانا دەخوێنێتەوە و پێی دەڵێ بۆ سەرزەنشم دەکەی؟ ڕێزی پیاو و ژنی ئیماندار لە ڕێزی کەعبە واجبترە . مەولانا خالید بەو قسەیەڕا دەزانێ ئەو کەسە کەسێکی ئاسایی نییە هەر بۆیە ئاشقی دەبێ و داوای لێ دەکا وەک قوتابی وەریبگرێ. بەڵام کابرا پێی دەڵێ نیازی تۆ لە هیندووستان جێبەجێ دەبێ نەک لە لای من و بەو شێوەیە مەولانا خالید دەگەڕێتەوە سلێمانی.

 مەرقەدی مەولانا خالیدی نەقشبەندی

 ڕۆژێک دەروێشێک بە ناوی "میرزا ڕەحیموڵڵا بەیگ" ناسراو بە "دەروێش موحەممەدی عەزیم ئابادی" دەروێشی "شا عەبدووڵلای دێهلەویی نەقشبەندی" دەبینێ و لەگەڵی ڕوو دەکاتە وڵاتی هیندووستان.

مەولانا خالید لە "جەهان ئاباد" شێخ عەبدوڵڵا دێهلەوی دەبینێ و بە هۆی زانایی و لێهاتووییەوە، پاش پێنج مانگ وەها دەکەوێتە بەر دڵی شاعەبدووڵڵای دێهلەوی، لە مەزنترین کەسایەتییەکانی نەقشبەندی کە ئیزنی ئیرشادی هەر پێنچ تەریقەتی ناسراو واتە؛ نەقشبەندی، قادری، سوهرەوەردی، کوبڕەوەی و چەشتیی پێ دەدات. هەروەها ئیزنی گوتنەوەی وانەکانی حەدیس و  تەفسیر و تەسسەوف و دوعاکانی پێ دەدا و پاش ساڵێک بە ئەمری شا عەبدوڵڵای دێهلەوی دەچێتە خزمەت زانا و وانەبێژی بەناوبانگ "مەولانا عەبدولعەزیز حەنەفی" و ئیزنی گوتنەوەی هەموو وانەکانی ئەو سەردەمە وەردەگرێ و بە ئاماژەی ئەو زاتە گەورانە بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە.

مەولانا خالید ساڵی ١٨١١ دەچێتە سلێمانی. لەوێ پێشوازییەکی کەم وێنەی لێ دەکرێ و لەو ماوەی لەوێ ماوەتەوە خەریکی وتاردان و ڕێنوێنیی خەڵک  بووە. پاشان بە مەبەستی زیارەتی بارەگای "شێخ عەبدولقادری گەیلانی" دەچێتە بەغدا و ماوەی پێنج مانگ لە "تەکیەی قادرییە" خەریکی وانە گوتنەوە دەبێ.

سەفەری دووەمی  مەولانا خالید  بۆ سلێمانی بەو شێوەیە بوو کە مەولانا لە دوای بەغدا و بە جێهێنانی زیارەتی مەرقەدی شێخ و وەعز و وانە گوتنەوە، پاش پێنج مانگ و لە ساڵی ١٨١١دا دیسان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لە هەموو لاوە ڕووی تێ دەکەن و دەبێتە یەکێک لە سەرچاوە مەعریفییەکانی ڕۆژگاری خۆی و لەهەموو ناوچەکانی کوردستان و عێڕاق و شامەوە دەچنە لای. ئەوەش ئاوری حەسوودی و بەخیلی  لە دڵی نەیارانیدا هەڵاییساند و حەولیان دا بیکوژن و ئەویش بۆوەی هەم حەسوودان و  بەخیلان ڕزگاریان بێ و هەم خۆی لە شەڕی ئەوانە لادا، ساڵی ١٨١٣ جارێکی دیکە ڕوو دەکاتەوە بەغدا و لەوێ  لە "قوتابخانەی ئیحسائییە" کە "داود پاشا" والی بەغدا نۆژەنی کردبووەوە دەست بەکار دەبێ. ئەو قوتابخانەیە ئێستا بە "تەکیەی خالیدییە" ناسراوە .

سێیەمین سەفەری مەولانا خالید بۆ سلێمانی لەساڵی ١٢٣١ی کۆچی مانگیدابوو. پاش ئەوەی ناوبانگی مەولانا خالید هەموو وڵاتی داگرت، مەحموود پاشای بابان بە ڕێزەوە داوای لێ کرد ڕوو بکاتەوە سڵێمانی و لەوێ خەریکی وانە گوتنەوە بێ و  تەکیە و خانەقای خۆی دابمەزرێنێ. جودا لەوەی تەکیەی بۆ دادەنێن مڵک و ماڵێکی زۆریشی وەقف دەکەن و ئاواییی "کەماڵان" یەکێک لەو موڵکانەیە کە وەقفی مەولانا خا لید کراوە.

مەولانا خالید ئەوجار بەگەرمی لە سلێمانی خەریکی ئیڕشاد و وانە و پەروەردەی موریدانی خۆیەتی و قوتابی و هۆگرانی لە عێڕاق، شام، مەککە و مەدینە، بەحرەین و ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی موسوڵمانەوە ڕوویان لە سلێمانی دەکرد . ئەوجار  پاش پەرەگرتنی ڕێوشوێنی مەولانا خالید، تاقمیکی زۆرتر لە نەیارانی دژی وەستانەوە و تەنانەت حەولی تیرۆر کردنیان دا. لە لای مەحموود پاشای بابانیش دژایەتییان کردبوو و بەو شێوەیە مەحموود پاشایان لێ بەدگومان کردبوو. بەو هۆیانە مەولانا خالید ئەوجار پاش شەش ساڵ و لە ساڵی  ١٨٢٠ی زایینیدا، بۆ هەمیشە سلێمانیی بەجێ هیشت و ڕووی لە بەغدا کردەوە و لە تەکیەکەی خۆی دامەزرایەوە.

مەولانا خالید پاش ئەوەی دەچێتەوە بەغدا ساڵی ١٨٢٥ لە لایەن خەڵکی شامەوە بانگیشتن دەکرێ و ئەویش لە ڕێگای "دەیرەزوور"ەوە دەچێتە شام. لەوێ کاربەدەستانی دەوڵەت و کەسایەتییە ناوبەدەرەوەکان پێشوازی ی لێ دەکەن و بە خێری دێنن و  شاعیرانی وەکوو "شێخ شاهین عەتتار" و "شێخ موحەممەد جوملەی حەنەفی دیمەشقی" بە شێعرەکانی خۆیان پێشوازیی لێ دەکەن.

مەولانا خالید لە دیمەشق بە وردی و شێلگیرانە خەریکی وانە و ئامۆژگاریی موریدانی دەبێ و  تاساڵی ١٨٢٦ کە نەخۆشیی تاعوون لە شام بڵاو دەبێتەوە. هەر دوو کوڕەکەی مەولانا بەو نەخۆشییە دەمرن و لە ئاکامدا مەولاناش هەر ئەو نەخۆشییە دەگرێ و  شەوی هەینی سێزدەی زیقەعدەی ساڵی ١٢٤٢ پاش نووسینی وەسیەتی خۆی و دیاریکردنی جێنشینەکانی کە بریتین لە "شێخ ئیسماعیل ئەنارانی"،  "شێخ عەبدوڵڵا هەراتی"، "عەبدولفەتاح عەقرەیی" و "سەید ئیسماعیل غەززی"، کۆچی دوایی دەکا.

KURDŞOP
581 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!