شەرەفخانی بەدلیسی، نووسەری کتێبی شەرەفنامە

کوردشۆپ - شەرەفخانە بەدلیسی ساڵی ١٥٤٣ لە نزیک شاری قوم لە دایک بووە و لە ساڵی ١٦٠٣ یان ١٦٠٤ لە شاری بەدلیس لە باکووری کوردستان کۆچی دواییی کردووە. نووسەر و مێژوونووسی کوردە. بەناوبانگترین کتێبی شەرەفنامەیە کە لەسەر مێژووی کورد و کوردستانە.

شەرەفخانی بەدلیسی ناوی تەواوی میر شەرەفخان بەدلیسی، کوڕی میر شەمسەددینە و لە ٢٥ی شوباتی ساڵی ١٥٤٣ لەدایک بووە. وەکوو باوکی سەرۆکایەتیی عەشیرەتی ڕۆژکی (روزەگی) و فەرمانڕەواییی شاری بەدلیسی کردووە. لەبەر ئەوەی باوکی لە ململانێکان لە دژی سوڵتانی عوسمانی تێوەگلاوە، بەرەو دەوڵەتی سەفەوی کۆچیان کرد.

شەرەفخان کاتێک تەمەنی نۆ ساڵ بوو لەگەڵ منداڵانی شای سەفەوی وانەی دەخوێند. لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت کردووە. نزیکەی بیست ساڵ والیی زۆرێک لە ویلایەتەکانی سەفەوی بووە. لە ساڵی ١٥٧٦ لە گوازرایەوە بۆ کۆشک و لەوێ بە پاساوی کرداری نابەجێ لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەمەش زۆر دڵتەنگی کرد و ئازاری دا و بەهۆیەوە لە مانگی یەکی ساڵی ١٥٧٨ لەگەڵ ٦٠٠ ئەندامی هۆزەکەی و بنەماڵەکەی گەڕایەوە بۆ وان. خوسرەوپاشای والیی ناوچەکە، داوای لە سوڵتانی ئەو سەردەمە، سوڵتان مورادی سێهەم (لە ساڵی ١٥٧٤ تا ١٥٩٥) کرد، شەرەفخان بکاتە سەرۆکی میرنشینی بەدلیس و هەر بۆیەش شەرەفخان وەک فەرمانڕەوای بەدلیس و موش وەرگیرا.

لەو کاتەدا واتە لە ساڵی ١٥٩٧ شەرەفخانی بەدلیسی دەستی کرد بە نووسینی مێژووی کۆنی کوردستان لە کتێبێکدا بە ناوی شەرەفنامە. لەو سەردەمەدا شەرەفخان تەنیا بە ناو میرایەتیی دەکرد و لە ڕاستیدا ئەبولمەعالی شەمسەدینی کوڕی کاروباری میرنشینی بەڕێوە دەبرد.

شەرەفخان تا ساڵی ١٥٩٩ ژیاوە. بەپێی هەندێک سەرچاوەش لە ساڵی ١٦٠٣ یان ١٦٠٤ کۆچی دواییی کردووە. به ڵام بەرهەمەکەی به ناوی شەرەفنامه کە باس له شانشین و حوکمڕان و بنەماڵەی حاکمانی کورد دەکات و زانیارییان له سەر دەدا، تا ئێستاش گرنگترین سەرچاوەیه بۆ مێژووی کورد.

KURDŞOP
820 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!