حەسەن زیرەک؛ دەنگێکی زیندوو و هەمیشەیی

چرۆ هەورامی

دەنگێک کە ئێستاش زیندووە، دەنگێک کە گەلی کورد لە ناو مێشک و دڵی خۆیدا دەیپارێزێت؛ دەنگی ڕەسەن، گەل و خۆشەویستی. ئەو نە لە قوتابخانەدا پیتێکی خوێندبوو و نە لە لای مامۆستایەکی هونەری دەرسی خوێندبوو و نە لە ئاکادمییەکی هونەریی ئاواز و موزیکدا بەشداریی کردبوو، ئەو هونەرمەند و بولبولی کوردستان و دەنگی فۆلکلۆری کوردی بوو. ئەو "حەسەن زیرەک" بوو. حەسەن زیرەک هەر بەڕاستی وەکوو ناسناوی خۆی زیرەک بوو و بە زیرەکایەتی و دەنگی خۆیەوە فۆلکلۆری کوردی پاراست.  

حەسەن زیرەک لە ٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٠١ی کۆچی بەرانبەر بە 29ی نۆڤامبەری ساڵی ١٩٢١ی زاینی، لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. هەر لە تەمەنی لاوێتیدا دەستی بە وتنی گۆرانی کردووە. ئەو بە هۆی کارکردن و دەرهێنانی بژێوی ژیان زۆربەی شارەکانی کوردستان چووە و هەر شوێنێک ڕۆیشتبێ هەر زوو بە هۆی دەنگییەوە ناوبانگی دەرکردووە.

ژیانی حەسەن زیرەک بەم شێوازە دەست پێ دەکات؛ ئەو لە ١٢ ساڵیدا شاری خۆی بەجێ دەهێڵێت و بەرەو شاری سەقز دەچێت. لە ١٥ ساڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ بۆکان و دوای ماوەیەکی کورت بۆ کارکردن دەچێتە شارەکانی تەورێز و تاران. پاش ماوەیەک لەوێوە دەچێتە باشووری کوردستان و لە سلێمانی لە گەڕەکی "دەرگەز" نیشتەجێ دەبێت و دواتر دەچێتە کەرکووک و لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٥٣ دەچێتە شاری بەغدا و لە ڕادیۆی بەغدا لە بەشی کوردی کار دەکات و لەوێ دەیان گۆرانیی کۆنی کوردی تۆمار دەکات.

حەسەن زیرەک، خاوەنی دەنگی ڕەسەن، لە ١٤ی ئابی ١٩٥٩ لەسەر داوای ڕادیۆی کوردیی لە تاران گەڕایەوە ئێران و لە تاران خەریکی کاری مۆسیقای کوردی بوو. هەندێک جار دەچووە تەورێز و لە ڕادیۆی تەورێز گۆرانیی تۆمار دەکرد. ئەو هەر لە ڕادیۆی دەنگی تاراندا لەگەڵ "میدیا زەندی" ئاشنا دەبێت و ژیانی هاوبەش پێک دێنن و دەبنە خاوەن دوو منداڵ، بە ناوەکانی "مەهتاب و ئارەزوو".

حەسەن زیرەک ساڵی ١٩٦٠ دەچێتە شاری کرماشان و زۆربەی گۆرانییەکانی لە ڕادیۆی کرماشاندا بە هاوکاریی هونەرمەندی گەورەی کورد "موجتەبا میرزادە" تۆمار دەکات و دەنگە ئەفسووناوییەکەی حەسەن زیرەک زیاتر بڵاو دەبێتەوە.

حەسەن زیرەکی ناودار، زۆربەی گۆرانییەکانی بە زاراوەی سۆرانی هۆنیوەتەوە، بەڵام جاروبار بە زاراوەکانی دیکەی کوردی و زمانەکانی فارسی و تورکییش گۆرانیی وتووە و تا ڕادەیەکیش شارەزای زمانی عەرەبی بووە. یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی حەسەن زیرەک، کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە هونەر و ئاوازی کوردییە کە بە دەنگی خۆی وتراوە و کوردان و هونەرمەندانی کورد کەڵکیان لێ وەرگرتووە. حەسەن زیرەک زۆربەی گوند، ناوچە و شارەکانی کوردستان گەڕاوە. ئەو ئازار و سەختییەکانی گەلی کوردی بە چاوی خۆی بینیوە و دەری خستووە. حەسەن زیرەک ڕەسەنایەتیی کوردی پاراستووە و بۆ هەمووکەس گۆرانیی وتووە. هەر لەبەر ئەوەیە کە گەلی کورد تێکڕا حەزیان لە دەنگی حەسەن زیرەکە و گوێی لێ دەگرن.

حەسەن زیرەک زۆربەی تەمەنی لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا بەسەر بردووە و ئەو نە لە ئێران و نە عێراق خۆشی نەبینیوە. لە بەغدا دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە بەندیخانەی عێراقدا بووە و نزیکەی شەش مانگ ئەشکەنجە کراوە. ئێرانیش هەر بەم شێوەیە کێشەی زۆری بۆ حەسەن زیرەک دروست کردووە و ئیزنیان نەداوە چیتر لە ڕادیۆی دەنگی تاراندا کار بکات. دواتر ناوەندە ئەمنی و ئاسایشییەکانی ئێران حەسەن زیرەک دەسبەسەر دەکەن و ئەشکەنجەی دەکەن.

حەسەن زیرەک بە شیوەیەکی زیرەکانە و بە سەلیقەی خۆی گۆرانییە بیانییەکانی کردووەتە کوردی و بە شێوازێکی ڕەسەنی کوردی هۆنیویەتیەوە. بۆ نموونە گۆرانیی " غنیلی شوی شوی" یەکێک لە گۆرانییە ناسراوەکانی "ئۆم کولسووم"ـه‌‌، حەسەن زیرەک ئاوازەکەی لەبەر کردووە و بە کوردی وتوویەتیەوە. حەسەن زیرەکی ناودار لەبەر خۆیەوە گۆرانیی دەخوڵقاند و هەر کەسێک لەسەر هەر شتێک داوای لێ کردبا بە کوردی دەیوت.

زانراوە کە جارێک "فاتمە زەرگەری" کە کچێکی گۆرانیبێژ بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی شادا گۆرانیی وتووە، لە شاری تەورێز کۆنسێرتی هەبووە و لەو کاتەدا حەسەن زیرەک لە تەورێز بووە و بۆ ئەو کۆنسێرتە ڕۆیشتووە. فاتمە زەرگەرییش بە گۆرانیی "گولدر مەنی گولدر" دەس پێ دەکات. ئامادەبووان لە کۆنسێرتەکەدا بە چەپڵە لێدان داوا دەکەن ئەو گۆرانییە دووبارە بڵێتەوە. فاتمە زەرگەرییش داوا دەکات کە بۆ ماوەیەک پشوو بدات و جارێکی دیکە ئەو گۆرانییە دووبارە بکات؛ حەسەن زیرەک ئەمە بە دەرفەتێکی باش دەزانێت و خۆی دەگەیەنێتە جێگای پشوودانی ئەو ژنە گۆرانیبێژە، و ژنەکە لێی دەپرسێت تۆ کێی؟ ئەویش وڵام دەداتەوە و دەڵێت من حەسەن زیرەکم، داوا لە تۆ دەکەم ئەم گۆرانییە کە ئێستا وتت پێکەوە بە ئازەری و کوردی بڵێینەوە، خاتوونی گۆرانیبێژ لە وڵامدا وتی تۆ چۆن وەها زوو دەتوانی هەڵبەستی کوردی تێکەڵی ئاواز و گۆرانییکەی من  بکەی؟ حەسەن زیرەک هەر چۆن بوو توانی ڕازیی بکات. هەردووکیان هاتنە سەر ستەیج و بە کوردی و ئازەری گۆرانییەکەیان وتەوە و خەڵکیش بە چەپڵەلێدان پێشوازیان لێ کرد.

حەسەن زیرەک گۆرانیی زۆری نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی وتووەتەوە و لە گۆرانییەکەی خۆی بە ناوی "ئای نیزام بۆ خۆم نیزام، سەربازی دێموکراتم" باسی کۆماری کوردستانی کردووە. یان لە هەڵبەستی خۆی بە ناوی "ئەی نیشتمان"دا وەسفی جوانیی کوردستان و پێشمەرگە دەکات.  حەسەن زیرەک، گۆرانیبێژێکی هەرە خەباتکاری نەتەوەی کوردە، کە بە سەدان گۆرانیی لە ڕادیۆ و تەلەوزیۆنەکان خوێندووە و تۆماری کردووە.

حەسەن زیرەک، دەنگی ڕەسەن و گەنجینەی ئاوازە فۆلکلۆرییە کوردییەکان، لە ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٩٧٢ لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا، لە شاری بۆکان ماڵئاوایی لە مۆسیقای کوردی کرد. ئەرشیڤێکی هونەریی بۆ میللەتەکەی بەجێهێشت، کە بووەتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ هونەری ڕەسەنی گەلی کورد.

زۆربەی بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک لە ئەرشیڤی ئەنستیتۆی کوردی و عەرەبی و فارسییەکان پارێزراون. حەسەن زیرەک، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، وەسیەتی کردبوو کە لە چیای نالەشکێنە بنێژرێت و لەسەر کێلی گۆرەکەی بنووسن:

زیرەک زۆرت کرد خزمەتی هونەر

ژینت لەپێناو هونەر بردەسەر 

ڕۆژگارت ساتێ بەبێ غەم نەبوو

بەڵام لەهونەر هیچت کەم نەبوو

KURDŞOP
778 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!