موژگان کاووسی، خەباتکارێکی پاراستنی زمانی کوردی

موژگان کاووسی لە ساڵی ١٩٧٦ لە شاری دیزفوولی پارێزگای خووزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران لە دایک بووە. بنەماڵەی ئەو لەو بنەماڵە کوردە یارسانیانەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەدا بۆ شاری کەلاردەشت لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران دوور خرابوونەوە. بەڵام موژگان بە هۆی پیشەی باوکییەوە لە شاری دیزفوول لە دایک بووە و پاش ئەوەی باوکی خانەنشین بووە، دیسان گەڕاونەتەوە بۆ کەلاردەشت و تا تەمەنی 18 ساڵی لەو شارە ژیاوە. لە ساڵی 1994ەوە تا ئێستا لە شاری نەوشەهری پارێزگای مازەندەران نیشتەجێن. لە تەمەنی 17 ساڵیدا ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و دوو منداڵی هەیە. خوێندنی لە لقی لێکۆڵینەوەی هونەر هەتا ئاستی ماستەر درێژە پێ داوە. چالاکی بواری مافی زمانی و ئەتنیکییە. ساڵانێکە لە لەپێناوی کەڵکەڵە و خۆشەوستییەک کە بۆ زمان و ئەدەبی کوردی هەیەتی چالاکی دەنوێنێ.

کاووسی چەندین ساڵیش لە بواری مۆسیقادا چالاکیی هەبووە.  ئەو پاش فێر بوونی مۆسیقای ئێرانی و شارەزابوون لە ژەندنی سازی سێتار، ڕووی کردە فێربوونی تەمیرە کە سازێکی کوردییە و لە ناو پەیڕەوانی ئایینی یارساندا ئامێرێکی پیرۆزە. هەوڵدان بۆ فێر بوونی ئەم سازە و هەروەها مەقام و دەقە پیرۆزەکانی ئایینی یارسان بوو بە هۆی ئەوەی چەندین ساڵ بە بەردەوامی لە باکووری ئێرانەوە هاتوچۆی کرماشان بکات و بەم هۆیەشەوە ڕوانگەی سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی و ستەمی ئایینی کە لەسەر کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو گۆڕانی بەسەردا هات. هەر بۆیە لە ساڵی 2014 بەملاوە بوو بە یەکێک لە چالاکانی بواری مافی مرۆڤ و بە جەختکردنەوە لەسەر مافی زمانی و نەتەوەیی بۆ کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران چالاکی دەکات.

موژگان لە ساڵی 2015وە لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکدا بە ناوی "دیار کهن" (دیاری دێرین) کە لە کەلاردەشت بە ناوی ڕێخکراوی نیشتمان ناسراوە، چەندین چالاکیی وەک بەڕێوەبردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، چەندین فێستیڤال سەبارەت بە کەلتووری کوردانی کەلاردەشت و پێکهێنانی ئەنجومەنی ئەدەبیی کوردیی و بەڕێوەبردنی کۆڕی فێرکاریی زمانی کوردیی بەڕێوە بردووە.

ئەو بە هۆی ئەم چالاکییانەیەوە بەڵام بە بیانووی تر، هەتا ئیستا دوو جار دەستبەسەر  و زیندانی کراوە. جگە لەمە لە پێناو نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جێندەرییش چالاکە.

هەندێک لە بەرهەمەکانی ئەمانەن: وەرگێڕانی کتێبی تاقە پاشماوە سەبارەت بە شاڵاوەکانی ئەنفال لە باشووری کوردستان کە لە لایەن چاپەمەنیی تەوەککولییەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، نووسینی کتێب بۆ منداڵان بە بنزاراوەی کوردیی کەلاردەشتی، نووسینی چەندین وتاری زانستی سەبارەت بە زمانی کوردی و زاراوەی کوردیی کەلاردەشتی بۆ سمینار و فێستیڤالەکان، دروستکردنی کورتەفیلمەکانی "گوڵە ساردە بەپەرۆشەکان" و "هیوا" دەربارەی مەترسیی تێداچوونی پیشەسازیی دەستکردی کوردەکان و هەروەها زمانی کوردی لە کەلاردەشت.

مۆژگان کاووسی کە یەکەمین فیلمی پرۆفیشناڵی بریتییە لە فیلمی "هیوا"، دەورەی ڕاهێنانی فیلمسازیی لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی چالووس تێپەڕ کردووە. کاووسی فیلمێکی دێکۆمێنتاری بەناوی "گوڵە ساردە بەپەرۆشەکان" دروست کردووە کە ناوەرۆکەکەی بریتییە لە مەترسیی تێداچوونی پیشەسازیی مافووری دەسکرد لە ناو کوردەکانی کلاردەشت.

کورتیلەفیلمی ١٢٠ چرکەیی "بەرباد" هەر بەم ناوەرۆکە یەکێکی تر لە بەرهەمەکانیەتی.

 ئیستا خەریکی بەرهەمهێنانیەتی کورتە فیلمی دەکیومێنتاریی "ئافرەت"ە کە بە مۆبایل بەرهەم دێت و دەربارەی بوومەلەرزەی کرماشانە.  

  کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

KURDŞOP
672 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!