ئانتۆلۆژیی خەباتی مەدەنی (دەستکەوتەکانی خەباتی مەدەنی) – بەشی دووەم

- شاهۆ حوسێنی

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێنەوە

 

لە بەشی پێشووی ئەم وتارەدا، پەرژاینە سەر خەباتی مەدەنی و زەروورەتەکانی خەباتی مەدەنی؛ لە درێژەی ئەم بابەتەدا باس لە "دەستکەوتەکانی خەباتی مەدەنی" دەکەین.

خوێندنەوەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە توانیویانە دێمۆکراتیزاسیۆن مسۆگەر بکەن، دەریخستووە کە ئازادبوون لەدەست دیکتاتۆرییەت، لە غیابی هەموو چین و توێژەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو مومکین نییە، واتە ئەگەر چەپە ئۆرتۆدۆکسەکان پەرەپێدەری عەقڵییەتی درەختی لە خەبات بوون کە لەودا هەموو کۆمەڵگە پێویستە شوێن گەڵاڵە و مێتۆدی کەمینەیەک شۆڕشگێڕی حیرفەیی بکەوێت، ئەوا مۆدێلی "ڕایزۆماتیکی دلوز" لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە قەد زەرف و مەقدووراتی خۆیان دەبێ لە پرۆسەی دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و بۆ سەرخستنی پرۆسەی دێمۆکراتیزاسیۆن کەڵکیان لێ وەربگیردرێت و هەمووان بەشداری پرۆسەی خەبات ببن و پەراوێز نەخرێن.

دەسکەوتەکانی خەباتی مەدەنی:

خەباتی مەدەنی لەخۆگری کۆی گشتیی جموجۆڵی ئەو بەشە لە کۆمەڵگەیە کە بەپێچەوانەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان کە ئامانجیان گەیشتن بە دەسەڵاتە، ئامانجیان پاشەکشە بە دەسەڵات، سنووردارترکردنی دەسەڵات و سەپاندنی ویست و خواستەکانیەتی بە دەسەڵات و حاکمییەت، بۆیەش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بە هیچ شێوەیەک خوازیاری گەشە و پەرەی ئەو جۆرە خەباتە نین، چونکە بە بیانووی ئەو خەباتە مەجالی بەربڵاوی توندوتیژییان نییە و لە جێگایەکدا دەبێ دان بە ویست و خواستەکانی ئەو بزاڤە، هەر چەند لانیکەمیش، دابنێن. واتە یەکەم دەسکەوتی ئەو جۆرە خەباتە دەستەوەستانکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو بزاڤەیە، لە هەمان حاڵدا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو جوگرافیایەی کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بەسەردا حاکمە بیر و ڕای گشتی پشتیوانیی زیاتر و بەربەرینتر لەو جۆرە بزاڤانە دەکەن.

خەباتی مەدەنی ئەگەر ڕوویەکی ڕوو لە بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتێکی پاوانخوازە، ئەوا ڕوویەکی تری، ڕووی لە بارهێنان و پێگەیاندنی تاک و کۆمەڵگەیە، پێگەیاندنی تاک و کۆمەڵگەیەکی بەرپرس لە بەرامبەر چارەنووسی خۆیدا. ئەو بارهێنانە ئەگەر یەکەم ئاکامی لە بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی حاکمدا ڕەنگ دەداتەوە، لەپاش ڕووخان و نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر ئەوا هیچ کات ئیزن نادەن و بەستێنێک پێک ناهێنن کە لەودا، بۆ جاریکی تر دەسەڵاتێکی تری دیکتاتۆر سەرهەڵبداتەوە، واتە دەسکەوتی دووەمی خەباتی مەدەنی پێشگرتن بە دووپاتبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی دەسەڵاتێکی تری دیکتاتۆر و پاوانخوازە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە مێژووی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان نیشانی داوە ئەو دەسەڵاتانەی بە شۆڕش و توندوتیژی ڕووخاون، بەگشتی دەسەڵاتێکی تری دیکتاتۆریان بەخۆیانەوە دیتووەتەوە.

ئاکام:

خەباتی مەدەنی بەگشتی لەو وڵاتانە توانیویەتی سەرهەڵبدات و بە ئاکام بگات کە بەشی هەرەزۆریان تاک نەتەوە، تاک کەلتوور و تاک زمانن، واتە لە یەک نەتەوە پێک ‌هاتووە و لە وەها دۆخێکیشدا سەرهەڵدانی گوتارێک کە بتوانێت کۆمەڵگە لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە مەجال و ئەگەری زۆرە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرە کەلتوور و فرە خواستە، بۆیەش هەر ئەو تایبەتمەندییە بووەتە بەربەستێکی سەرەکی لە پێکهاتنی گوتاریکی هاوبەش کە هەموو کۆمەڵگە لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە. واتە بەستێن بۆ سەرهەڵدان و پەرەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی مسۆگەر و پەرەئەستاندوو زۆر لەبار نییە، ئەگەرچی سەرهەڵدان و پەرەی کۆمەڵگەی مەدەنیش نامومکین نییە، بەڵام بەنیسبەت ئەو وڵاتانەی کە لەخۆگری یەک نەتەوەیە، هێژمونی و دەسەڵاتی زۆر کەمترە، بۆیە لە وڵاتێکی وەک ئێران خەباتی مەدەنی و بەربەرەکانیی مەدەنی بەتەنیا لاوازتر لەوەیە کە بتوانێت پاشەکشە بە دەسەڵاتی پاوانخواز و دیکتاتۆر بکات، بە تایبەت لەنێو کۆمەڵگەی کوردی کە لە ئێراندا لەڕووی حەشیمەت کەمینەیە، بەڵام وەک باس کرا ئەوە موومکین نییە، بۆ ئەو مەبەستەش کورد پێویستە کە لەگەڵ ئەو هزر و هێزانەنای کە ڕوانگەیەکی کراوە و دێموکراتیکیان بۆ دواڕۆژی ئێران هەیە لە ئەگەری هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک، لێک نزیک ببنەوە و جۆرێک هاوهەنگی و هاوکارییان هەبێت.

 بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کورد پێوەندییەکانی لەگەڵ هێزە دێمۆکراتە سەراسەرییەکانی نێو ئێران نۆژەن بکاتەوە، چوونکە ئەزموونی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا نیشانی داوە کە کورد لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکدا بە تەنیا ئەو هێزە نییە کە بتوانێت لە بەستێنی سیاسیدا هێژمۆن و کارتێکەر بێت. لە هەمان کاتیشدا کورد پێویستی بە هێزێکی چەکداری نەتەوەیی هەیە کە بتوانێت هێزی چانەزەنی و دانووستانی کورد لە بەستێنی سیاسیی ئێراندا بەرێتە سەر، واتە ئەگەر نووکی پەیکانی سیاسەتی کوردی خەباتی مەدەنییە و لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ڕێبەری دەکرێت، بەڵام بەهۆی تایبەتمندیی ژینگەی کورد لە ئێران کە هەم لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست و هەمیش لەگەڵ کەمینەکانی ‌تر تووشی کێشە بێت، هێزێکی چەکداری نەتەوەیی دەتوانێت وەک پشتیوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەباتی مەدەنی بۆ پێشگرتن لە نسکۆی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کارتێکەری پۆزێتیڤی هەبێت.

KURDŞOP
533 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!