ئانتۆلۆژیی خەباتی مەدەنی (زەروورەتەکانی خەباتی مەدەنی) – بەشی 1

- شاهۆ حوسێنی

بێگومان بەشێکی هەرەگرینگی مێژووی سیاسیی جیهان لەخۆگری ئەو دڵەڕاوکێیە بووە کە چلۆن دەکرێت پێش بە پاوانخوازێتیی دەسەڵات، دیکتاتۆرییەت و سەرەڕۆیی دەسەڵاتی حکوومی بگیردرێت، بۆ ئەو ئامانجەش دوو ڕێگا ڕەچاو کراوە: یەکەم، بەربەرەکانی و شۆڕشی سوور واتە کەڵکوەگرتن لە توندوتیژی و خەباتی چەکداری. دووەم، خەباتی مەدەنی و دوورەپەرێزی لە توندوتیژی و خەباتی چەکداری. خەباتی مەدەنی شێوەیەک لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و دژکردەوە نیشاندانە بە دژ حکوومەت و سیستمەکانی کە لەودا لە هەر جۆرە توندوتیژییەک دووری دەکرێت و کۆڕگێڕان و بکەران خۆ لە هەرجۆرە توندوتیژییەک دەپارێزن. خەباتی مەدەنی وەک بەربەرەکانی دوور لە توندوتیژی بە شێوەی کردەوە و دژکردەوەنواندنی بە دوور لە توندوتیژی، نافەرمانیی مەدەنی، بەشداری نەکردن لە پرۆسەکانی ئابووری، سیاسی، کەلتووریی حکوومی ڕەچاو دەکرێت.

ئەو شیوە لە خەبات و بەربەرەکانییە لە وڵاتگەلێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاڕژانتین، برازیل، کۆریای باشوور، فینلاند، هیند، شیلی، بێرمە، یۆنان و لەپاش کۆتاییی شەڕی سارد و ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت جگە لە ڕۆمانی لە بەشی هەرەزۆری وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات ڕەچاو کراوە و توانیویەتی سەرکەوتن وەدەست بێنێت. لە ڕێبەرە بەناوبانگەکان و تیۆریسییەنە بەناوبانگەکانی ئەو شێوە لە خەباتە دەکرێت بەو ڕێبەر و کەسانە ئاماژە بکرێت: "مەهاتما گاندی، مارتین لۆتێرکینگ، نێلسۆن ماندێلا، مایکێل نێگلر، مۆبارەک عەواز، ئانگ سان سوچی، ئادام میلیچینک، لێئۆی تۆلستۆی، ئاندرێ ساخارۆف، وسلاو هاول، جین شارپ، لێخ والێسا و... هتد."

لێکۆڵەران مێژووی خەباتی مەدەنی و بەرخۆدانی دوور لە توندوتیژی دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی پێنجەمی بەر لە زایین لە وڵاتی چین و باس لە قوتابخانەی فەلسەفیی «مۆهیسم» دەکەن، مەکتەبێکی فەلسەفی دژ بە شەڕ و توندوتیژی کە لەگەڵ ئەوەدا لە سەردەمی سیاسەتکردن بە کەڵکوەرگرتن لە شەڕ و جەنگاوەریدا سەری هەڵدابوو، بەڵام لەگەڵ شەڕ دژایەتیی دەکرد و زانستی قەڵا سازکردن و خۆپاراستن و دوورەپەرێزی لە شەڕی پەرە پێ‌ دەدا. هەروەها لێکۆڵەران باس لە خۆپیشاندان و خەباتی دوور لە توندوتیژییەکان لە ئورشەلیم دەکەن لە سەدەی یەکەمی بەر لە زایین بۆ ڕەچاونەکردن و جێبەجێنەکردنی یاساکانی ڕوومی.

بەگشتی توێژینەوەکان لەمەڕ خەبات و بەربەرەکانیی مەدەنی لە مێژووی سیاسیی جیهاندا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو شێوە لە خەباتە لە هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەم جیهانە ڕەچاو کراوە و تاقی کراوەتەوە، بەڵام سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ هێندێک فاکتەری گرینگ کە هەوڵ دەدرێت تیشکی بخرێتە سەر.

 

زەروورەتەکان خەباتی مەدەنی:

بەستێنی سیاسیی جیهان لە سی چل ساڵی ڕابردوو شاهیدی ڕووخان و تێکچوونی بەشیکی زۆر لە دیکتاتۆرەکان بووە کە لەلایەن هێزی جەماوەریی خەڵک تێقرماون یان لەرزۆک بوون، بەشێکی زۆر لەو دیکتاتۆرانە بە ڕواڵەت زۆریش بەهێز و خاوەن دەسەڵات بوون، بەڵام لە بەرامبەر بەرخۆدانی یەکگرتووانەی کۆمەڵانی خەڵک بە دوور لە توندوتیژیش تێکقرماون و تووشی نسکۆ هاتوون. لانیکەم لە دەیەی هەشتای زایینییەوە زێدە لە بیست شۆڕشی مەدەنی لە سەرانسەری جیهان توانیویانە بەسەر دیکتاتۆرەکاندا زاڵ بن، ئەگەرچی بەشێکی ‌تریش لەو شۆڕشانە بەتەواوی بەسەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا نەیانتوانی زاڵ ببن، بەڵام توانییان تا ڕادەیەکی زۆر سیما و هەیمەنەی ئەوان بشکێنن. بۆ ئەو مەبەستەش زەرووریترین هەنگاوەکانی کە بۆ لەنێوبردنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر ڕەچاو کراون، بریتی بوون لە:

١- بەدیهاتنی گوتارێکی ئاڵترناتیڤ لە بەرامبەر گوتاری زاڵ و هێژمۆنیی حکوومەت یان دەسەڵاتی سیاسی کە بتوانێت پاشەکشە بە گوتاری زاڵی حاکمییەت بکات، ئەوەش زەمانێک دەلوێ سەرهەڵبدات و وەک ئاڵترناتیڤ لە بەرامبەر گوتاری حکوومەتدا هێژمۆنی وەدەست بێنێت، لەخۆگری ویست و خواستی هەموو چین و توێژەکان، کەمینەکانی ئایینی، کەلتووری و هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان بێت، واتە گوتارێک بێت کە داڵی ناوەندی ئەو جێگای متمانەی هەموو کۆمەڵگە بێت و بتوانێت ویست و خواستە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە وەک داڵی پەراوێز لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.

٢- متمانە و باوەڕ بە سەرکەوتن لەنێو کۆمەڵگەی دژبەری دەسەڵاتی حاکمدا بەدی بێت، بە جۆرێک کە مەهارەتەکانی بەربەرەکانی لەنێو خەڵکدا پەرە بستێنێت.

٣- پێویستە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییە سەربەخۆکان لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە دەوری گوتاری هاوبەش و لەخزمەت پەرەدانی ئەو گوتارە هاوبەشە پێک بێت و بەرەبەرە ئەو ناوەندە سەربەخۆ مەدەنییانە هێزیکی ناوخۆیی یەکگرتوو لەنێو کۆمەڵگەدا لەبەرامبەر هێزی ناڕەوای دەسەڵاتی حاکم بەدی بێنن.

٤-  پێویستە لەژێر ڕێنماییەکانی گوتاری هاوبەش و بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان، گەڵاڵەیەکی ستراتژیک بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی حاکم بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و دێمۆکراتیزاسیۆن ئامادە بکەن و بیکەنە نەقشەی ڕێگا. ئەگەرچی لە ڕابردوودا بەربەرەکانی بەدژ دیکتاتۆرەکان زۆر جار لە غیابی گەڵاڵە و پلانێکی ستراتژیک بەڕێوە چووە، بەڵام حاشاهەڵنەگرە بەهۆی تایبەتمەندییە جیاوازەکانی دیکتاتۆرەکانی سەردەم لەگەڵ دەسەڵاتە پاوانخوازەکانی پێشوو، بوونی گەڵاڵە و پلانی ستراتژیک زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە، چوونکە هەرجۆرە پلان و گەڵاڵەیەکی کاربۆکراو و دەوڵەمەند لە بواری زانستی بەو پێیەی کە ئەمڕۆکە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی، عادەت و خوڵقی مرۆڤەکان، شێوەی ڕوانین و کاردانەوەکانی ئەو شێوە ڕوانینانە تا ڕادەیەکی زۆر لەبەر دەستدایە، دەتوانێت شانسی سەرکەوتنی خەبات بە دژ دیکتاتۆرییەت و ڕەوتی دێمۆکراتیزاسیۆن بەرێتە سەرێ.

 درێژەی هەیە...

KURDŞOP
732 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!