ئەڤین تەیفوور
بەشی دووەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە
مێژووی ئەدەبی کوردیش وەک ئەدەبیاتەکانی تر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە دەستی پێ کردووە و بە قسەکردن و گەشەکردنی مرۆڤ پێشکەوتووە. بەڵام بەهۆی ئەو جینۆساید و شەڕ و ململانێیەی کە کورد لە هەموو قۆناغێکدا پێیدا تێپەڕیوە، ئەم ئەدەبیاتە هەمیشە قەدەغە کراوە و قڕ کراوە و لەنێو براوە. ئەم شەڕ و ململانێیە نەیهێشتووە زمانی کوردی ببێتە زمانی دەسەڵات و پێشکەوتن. بهڵام به ههموو شێوهیهک کورد له پێش سەردەمی کلاسیکهوه و لهو قۆناغه و دواتریشدا بەرههمی هەبووە و ههوڵی داوه ئهو بەرههمانه بۆ نهوهکانی خۆیان و بۆ ئهو خهڵکهی دوای خۆیان هاتوون و بۆ مێژووی کورد، بهجێ بهێڵن.
کوردان لەبەر ئەو هۆکارانە و ئەو هەلومەرجەی کە تێیدا ژیاون، ئەدەبی منداڵانی لە ئەدەبیاتی نێودەوڵەتی دوا کەوتووە و درەنگ دەستی پێ کردووە. منداڵانی کورد بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەدەبیاتی نووسراوی خۆیان وەک، کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە، چیرۆک و هەموو جۆرە کەرەستەیەکی ئەدەبیی پڕ لە ڕەنگ و وێنە دوور بوون. هەتا ئەم دواییانە هیچ شتێکی تایبەتیان بۆ نەکراوە. "عەبد ئەلمەجید قاسم" لە وتارێکدا دەڵێت: "سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان لەنێو کورددا، بە بەراورد لەگەڵ سەرچاوە و گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی لەنێو خەڵکی جیهاندا، زۆر درەنگ بووە و ئەم بابەتە زۆر هۆکاری هەیە کە ڕەنگە دیارترینیان بریتی بن لە: بارودۆخی گشتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی کورد، بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری و گرینگینەدان بە ئەدەبیاتی منداڵان و ڕێگەنەدان بە گەشەی ئەدەبیاتی منداڵان." (قاسم عەبد ئەلمەجید، ٢٠١٨، مێژووی ئەدەبیاتی منداڵان).
بەڵام ئەوان لەنێو مۆدێلە ئەدەبییە کۆنەکاندا دەژیان کە پەیوەندییان پێوە هەبوو، وەک یاری، دیلان، چیرۆک و چیرۆکی فۆلکلۆر. یان گوێیان لە بەرهەمە سادەکراوەکانی ئەدەبی زارەکی بۆ گەورەکان دەگرت، کە لەنێو کۆمەڵگە کوردییەکاندا بڵاو ببوونەوە. هەرچەندە ئەدەبی منداڵان لەنێو کورددا لە نووسیندا بەجێ ماوە، بەڵام زمانی کوردی بە درێژاییی مێژوو زۆر دەوڵەمەند بووە. منداڵانی کورد بەو زارگوتنە، ڕۆح، بیر و کەسایەتیی خۆیان تێر دەکرد. منداڵانی کورد لە دایک، باوک، داپیر و باپیریانەوە گوێیان لە چیرۆک، لۆریک، زووگوتنۆک و یاری و... دەگرت و فێریان دەبوون و لەبەریان دەکردن.
بەڵام سەرەڕای ئەم هۆکارانە و قۆناغی چەوساندنەوە و شەڕ و ململانێیانەی کە کورد تێیدا ژیاوە، شاعیران و نووسەرانی کورد لە نووسین بۆ منداڵان نەوەستاون و هەندێک بەرهەمیان بۆ منداڵان پێشکەش کردووە.
یەکەم بەرهەمەکان بەپێی سەرچاوەکانی بەردەست، فەرهەنگن. منداڵانی کورد لە ڕێگەی ئەو فەرهەنگانەوە لە قوتابخانەکاندا فێری زمانی عەرەبی، فارسی و کوردی و زانیاریی ئایینی بوون. یەکێک لە بەرهەمە کۆنەکان کە بۆ منداڵان نووسراوە، "نوبهارا بچووکان"ی "ئەحمەد خانی"یە. ئەم بەرهەمە کۆمەڵە بەیتێکە کە لە ٢١٦ بەیت پێک هاتووە و بە زمانی عەرەبی و کوردی بۆ منداڵان ئامادە کراوە.
"نووبهارا بچووکان" لە نووسینی ئەحمەد خانی، یەکەم فەرهەنگە کە بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسراوە. هەروەها ئەم بەرهەمە یەکەم بەرهەمە کە بۆ منداڵانی کورد و فێرکردنیان قەبووڵ کراوە. ئەحمەد خانی ساڵی ١٦٨٣ فەرهەنگی عەرەبی و کوردیی نووسیوە و لە پێشەوەی فەرهەنگەکەدا دەڵێت کە ئەم بەرهەمەی بۆ منداڵانی کورد نووسیوە:
"ڤێک ئێخستن ئەهمەدێ خانی
ناڤێ نووبەهارا بچووکان دانی
نە ژ بۆ ساهبرەواجان
بەلکی ژ بۆ بچووکێ کورمانجان"
(YILDIRIM Kadri (2008), Nûbihara Biçûkan Arapça-Kürtçe-Arapça Sözlük, Avesta Yayınları, İstanbul, 122 r.)
"Kadri Yıldırım" سەبارەت بەم بەرهەمەی ئەحمەد خانی،
"نووبهارا بچووکان"، وەها دەڵێت: "نووسەر ئەم فەرهەنگەی کە لە پێشوتارێکی کورت، ١٣ قتەیان، ٢٢٠ مالک و نزیکەی ١٠٠٠ وشەی عەرەبی و هاوتا کوردییەکانی پێک هاتووە، لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا نووسیوە."
یەکێکی تر لە بەرهەمە فەرهەنگی و بابەتییەکان کە باسی لێوە دەکرێت، گوڵزاری "ئیسماعیل بازیدی"یە. ئەم فەرهەنگە لە سەدەی هەژدەهەمدا بۆ فێرکردنی منداڵانی کورد لە قوتابخانەکان نووسراوە، بەڵام بەداخەوە هیچ زانیارییەکی بەرفراوان لەسەر ئەم فەرهەنگە نییە. "ڕەمەزان پەرتەڤ" سەبارەت بەم فەرهەنگە دەڵێت: بەداخەوە زانیاریی تەواو و وردمان لەسەر گوڵزار نییە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدان، تایبەتمەندییەکانی گوڵزار بەم شێوەیەن:
١) فەرهەنگێکی سێ زمانیی "کوردی- عەرەبی- فارسی"یە.
٢) لە مەدرەسە کوردییەکاندا وەک کتێبی دەرسی گوتراوەتەوە.
٣) بە شێوەیەکی سەرەکی شێوەزارەکانی "هەکاری و بازید"ی تێدا بەکار هاتووە.
ئەم وتارە درێژەی هەیە...