عەلی ئەشرەفی دەرویشیان چەشنێک لە نووسینی پۆست کۆلۆنیالیستی

کۆی چیرۆکی ئاویەر لە قاوەخانەیەکدا ڕوو دەدات. لە شەوێکی زستانی و بەفراویدا، لە قاوەخانەیەکی کۆن، ژنێکی پیر چاوەڕێیە کورەکەی لە پێشمەرگاتی بگەڕێتەوە و سەردانی بکات. هەر جووڵەیەک لە دەرەوە، لە ژێر بارینی ئەو بەفرە قورسەدا بکرێ و هەر دەنگێک دێ، ئەو ژنە جارێک چاو لە پەنجەرە دەکا.

دوکتور ئازاد موکری:

 

لە دونیای ئەدەبیاتدا زۆر نووسەر هەن کە بە زمانی دایکی خۆیان بەرهەمەکانیان ناخوڵقێنن، بەڵکوو زمانی داگیرکەر و ئەندێشەی سیاسی و هونەری و مێژووییی نەتەوەی داگیرکەر یا نەتەوەی سەردەست، ئەوەندە بە گرینگ دەزانن کە ئەو زمانە وەک زمانی دەربڕین هەڵدەبژێرن و تەنانەت شێوازی بیرکردنەوەی نەتەوەی سەردەست وەک شێوازی بیرکردنەوەی خۆیان دەستنیشان دەکەن. ئەو تاقمە نووسەر و هونەرمەندانە ناچنە خانەی مێژووی ئەدەبیاتی نەتەوەی خۆیانەوە. تەنانەت ئەگەر داهێنەری گەورەش بن، وەک نووسەری نەتەوەیی حیسابیان بۆ ناکرێ. نموونەی ئەو شاعیر و نووسەرانە، لە هەموو نەتەوەکانی دنیادا هەن. بۆ وێنە لە نووسەرانی "حەوزەی کارائیب" هەندێک نووسەری بە توانایان هەیە بیریان لەوە کردووەتەوە کە جۆرێک بنووسن کە ئەو نووسینەی ئەوان بە زمانی نەتەوەی سەر دەست بێ، بەڵام لە هەمان کاتدا ویستوویانە ڕەگەیەک لە توانایی و لە تایبەتمەندیی کەلتووری و زمانیی خۆشیان لە بەرهەمەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە. هەر بۆیە دوو چەشن ئەدەبیات لە ئینگلیز و ئەمریکا ناسراون. یەکیان ئەدەبیاتی ئینگلیزییە و یەکیان ئەدەبیاتی ئینگلیزی‌زمانە. واتە بەشێک لەو ئەدەبیاتەی کە لە ئاستی جیهاندا ناسراوە و نووسەرانی یەکجار کارامەش بە زمانی ئینگلیزی نووسیویانە، نووسەرانێکن کە بە ڕەچەڵەک ئینگلیزی و ئەمریکایی نین. بەڵکوو نووسەرانی ئەفریقایی و بە تایبەت نووسەرانی ناوچەی کاڕائیبن. ئەو نووسەرانە کە نووسەرانی وڵاتە داگیرکراوەکانن، بەشێوازێک ئینگلیزی دەکار دەکەن کە ئەو شێوازە ئینگلیزییە پێی دەڵێن ئینگلیزیی خاوەن زاراوە یا ئینگلیزیی لەهجەدار. واتە لە بەرهەمەکانیاندا زۆر وشە و دەستەواژە و پەند و مەسەل و شێوە دەربڕینی زمانی سەرەکیی خۆیان دەگونجێنن، بەڵام کۆی دەقەکەیان دەقێکی ئینگلیزییە.

کەسانی وەک "ئیدوارد سەعید" و "هوومی بەهابەها" و "چاکراوێرتی سپیواک" کە بیرمەندان و فەیلەسووفانی پۆست کۆلۆنیالیستن، لەسەر ئەو ڕایەن کە ئەو نووسەرانە دەیانهەوێ زایەڵەی دەنگی زمانی دایکیی خۆیان لە نێو زمانی ئینگلیزیدا ببیسترێ. یا بە واتایەکی دیکە زەنگی زمانی دایکیی خۆیان لە زمانی ئینگلیزیدا بزرینگێننەوە. ئەو جۆرە نووسەرانە نەتەنیا حاشا لە کەلتوور و لە گەنجینەی زمانی نەتەوەی خۆیان ناکەن، بەڵکوو لە ڕێگای هونەر و ئەدەبیاتەوە حەول دەدەن بەشێک لە تایبەتمەندێتییەکانی ئەو زمان و ئەدەبیاتە، ڕەنگ بداتەوە و ئەدەبیات و هونەر بکەنە دەلاقەیەک بۆ وتووێژ و پانتایەک بۆ ناساندنی خۆیان. لەو ڕێگایەوە زمانی نەتەوەی ژێردەست، کەلتووری نەتەوەی ژێردەست و کەسایەتییە کاریگەرەکانی نەتەوەی ژێردەست بناسرێن.

لە بەرانبەر ئەوانەدا زۆر شاعیر و هونەرمەند و نووسەری دی هەن، کە بە هۆی ئەوەی لە سیستەمی فیکری و ئەندێشەییی نەتەوەی سەردەستدا قاڵ دەبنەوە، یا بە واتای کۆمەڵناسان لە بەرانبەر شکۆ و هەیمەنەی زمان و ئەندێشەی سەردەستدا خۆیان دەدۆڕێنن و خۆ بە دەست ئەو زمان و کەلتوورەوە دەدەن، دەبنە خزمەتکاری زمان و کەلتووری نەتەوەی سەردەست. نەتەوەیەک کە خەریکە هەم زمان و کەلتووری ئەوان دەچەوەسێنێتەوە و هەم نەتەوەکەیان لە ئازادی و بەرابەری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بێبەری دەکا. وەک نموونەی ئەو هونەرمەندانە لە دنیای عەڕەبدا ئێمە دەتوانین ئاماژە بە "ئەحمەد شەوقی" بکەین.

ئەحمەد شەوقی

 ئەحمەد شەوقی بە مەلیکو شوعەڕای عەڕەب ناسراوە. یەکێک لە گرینگترین شاعیرانی جیهانی عەڕەبە. ئەحمەد شەوقی بە رەچەڵەک کوردە. بۆ خۆشی وەکی "عەلی مەردان" لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا، واتە لە کتێبی "گەڵای پاییز"دا باسی دەکا، لای عەلی مەردانی هونەرمەند دان بە کوردبوونی خۆی و بنەماڵەکەیدا دەنێ. بەڵام ئەحمەد شەوقی تەواوی ژیانی بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی. هەرگیز نە ئاوڕی لە فیکری کوردی داوەتەوە و نە لە دەقەکانیدا ئینسانی کورد و جوگرافیای کوردستانی بۆ گرینگ بووە.  بەهەمان شێوە "جەمیل سیدقی زەهاوی" شاعیرێکی بەرەچەڵەک کوردە.  لە پێشەنگانی شیعری نوێی عەرەبە. بەڵام هەرگیز ئاوڕی لە زەمانی خۆی و لە نەتەوەی خۆی و لە دەردەکانی گەلی خۆی نەداوەتەوە.

 لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەند نووسەر هەن کە هەرچەند بە زمانی نەتەوەی سەردەست نووسیویانە، بەڵام لە هەموو ژیانیاندا کەڵکەڵەی سەرەکییان کەڵکەڵەی نەتەوەی کورد و زمانی کوردی و ئینسانی کورد و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئینسانی کورد بووە.  یەکێک لەو نووسەرانە "عەلی ئەشڕەفی دەرویشیان"ە، کە هەم لە نێو ئەدەبیاتی فارسیدا کەسایەتییەکی ناسراوە و هەم لە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک نووسەرێکی بوێر و خاوەن هەڵوێست دەیناسن. هەموو بەرهەمەکانی باسی کوردیان کەم و زۆر تێدایە. ئەو کاراکتێرانەی کە لە بەرهەمەکانیداخوڵقاندوونی ئینسانی کورد و بە تایبەت خەڵکی ناوچەی کرماشانن. زۆرێک لە دیالۆگ و قسەی ئەو کاراکتێرانەی زاراوەی کوردیی کرماشانی بەکاردێنن. واتە نووسەر لە نێو دەقێکی فارسیدا زمانی کوردی گونجاندووە و لە ژێرنووسدا واتای فارسییەکەی نووسیوە. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین عەلی ئەشڕەف یەکێک لەو نووسەرانەیە کە لە حەوزەی زماندا، هەرچەندە بە زمانی نەتەوەی سەردەست واتە نەتەوەی فارس نووسیوەتی، بەڵام حەولی داوە بە "لەهجە دار"کردن یا "زاراوە دار"کردنی نووسینە فارسییەکەی، خوێنەر و بەردەنگی فارس تێبگەیەنێ کە زمانی سەرەکیی نووسەری ئەو چیرۆکانە واتە عەلی ئەشڕەفی دەرویشیان، زمانی کوردییە.

جودا لە بواری زمان، ئەو نووسەرە، حەولی داوە بیری ئینسانی کورد و کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئینسانی کورد لە چوارچێوەی کارەکانیدا بگونجێنێ. یەکێک لە سەرەکیترین چیرۆکەکانی کە ئەو تایبەتبەندییەی بە جوانی پێوە دیارە، چیرۆکێکە بە نێوی "ئاویەر" کە لە لایەن "یۆنسی ڕەزایی"ەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ڕەخنەیەکیشی لەسەر نووسراوە بە نێوی "لە دەلاقەی ڕوونی چاوەڕوانی"یەوە.

 تەنیا ئاماژەیەک کە لەو چیرۆکەدا بە شوێن دەکرێ نێوی چیرۆکەکە واتە ئاویەرە. ئاویەر لەو چیرۆکەیدا نیشانەیەک لە نیشتمانە و لە کۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. چون دواتر لە کۆی دەقەکەدا جارێکی دیکە نە نێوی ئاویەر و نە باسی ئاویەر وەک شوێن و کێوێکی سنە ناکرێتەوە. بەڵام عەلی ئەشڕەف لەو چیرۆکەیدا ئاویەری بە نیشانەی نیشتمان یا بە نیشانەی شوێنی نیشتمان پەروەرانی کورد، وەک ناوی چیرۆکەکە داناوە. بەڵام کۆی چیرۆکی ئاویەر لە قاوەخانەیەکدا ڕوو دەدات. لە شەوێکی زستانی و بەفراویدا، لە قاوەخانەیەکی کۆن، ژنێکی پیر چاوەڕێیە کورەکەی لە پێشمەرگاتی بگەڕێتەوە و سەردانی بکات. هەر جووڵەیەک لە دەرەوە، لە ژێر بارینی ئەو بەفرە قورسەدا بکرێ و هەر دەنگێک دێ، ئەو ژنە جارێک چاو لە پەنجەرە دەکا. ژنێکی نەخۆش کە دوایین ساتەکانی تەمەنی لە چاوەڕوانیی کوردەکەیدایە. کوڕێک کە پێشمەرگەیە و بۆ ڕزگاریی کوردستان تیدەکۆشێ. لە شاخەکانە و تەنیا ئەو کاتانە دەتوانێ بگەڕێتەوە کە بەفر و مژ وڵاتی داپۆشیوە. بۆ ئەوەی دوژمن و نەیار نەیبینێ. لەو چیرۆکەدا عەلی ئەشڕەف دوایین ساتەکانی دیداری ئەو ژنە لەگەڵ کوڕەکەی دەگێڕێتەوە. واتە ئەو ژنە چاوەڕوانی هیچە. چون بە بەر چاوی خۆیەوە کوڕەکەیان کوشتووە و مەیتەکەیان وە دوای وانێتێکەوە خستووە و لە نێو کووچە و کۆڵانەکانی شار بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک گێڕاویانە. ئەو ژنە هەرچەند ئەو وێنانە و ئەو دیمەنانەی دیوە، بەڵام دیسان بڕوای نەکردووە کە کوڕە نیشتمان پەروەر و شۆڕشگێڕەکەی کە دژ بە سیستەمی داسەپاوی سیاسی لە ئێراندا ڕاپەڕیوە مردبێ.

 ئەو وێنەی کە دەرویشیان بە زمانی فارسی لە چوارچێوەی چیرۆکی ئاویەردا بۆ خەڵکی فارسی دەگێڕێتەوە، یەکێک لەو نامرۆڤانەترین کردەوانەیە کە دەوڵەتی فارس بە دژی کورد دەیکا. وێنەیەک کە تا ئێستاش زۆرێک لە خەڵکی وڵاتانی دی و خەڵکی ناوچە بڕوا ناکەن سیستەمێک تا ئەو ڕادەیە فاشیست و دڕەندە بێ کە دوای ئەوەی کەسانی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی دەکووژێ، وە دوای ماشینیان دەدا و کۆڵان بە کۆڵان بۆ پەرەگرتن و پەرەسەندنی ترس و دڵە ڕاوکێی خەڵکی شار و دێ، مەیتەکانیان دەگێڕێ.

 عەلی ئەشڕەفی دەرویشیان نوێنەری چەشنێک لە ئەدەبیاتە کە دەتوانین بە ئەدەبیاتی پۆست کۆنیالیستی ناوی بەرین. هەرچەند ئەو چەشنە ئەدەبەی دەرویشیان بە شێوازی ڕیالیزمی سۆسیالیستی یا ڕیالیزمی ڕەخنەگرانەش ناسراوە کە تێیدا نووسەر زۆر لایەنگری چینی چەوساوە و کرێکار و وەرزێڕ و جووتێرە. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەوانە، ناتوانین ئەو کەڵکەڵانەی دەرویشیان کە دەتوانین وەک کەڵکەڵەی نەتەوەیی چاویان لێ بکەین، لەبەرچاو نەگرین.

KURDŞOP
419 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!