دوکتور ئازاد موکری
لەگەڵ گەڕانەوەی جوامێر لە بەندیخانە و چوون بۆ ماڵی لاوەی ئامۆزای، کە لەدەرکە دەدا و منداڵێک دەرکەی لێ دەکاتەوە. خوێنەر چاوەڕێیە، چاوەنواڕیی جوامێر کۆتایی بێ و کاڵێ و هیوا ببینێ. جوامێریش پێی وایە هیوای کوڕێتی، بەڵام کە لاوە دەبینێ تێدەگا ئەوە کوڕی لاوەیە و ژن و کوڕەکەی ئەو بە سەردان چوونەتەوە ئاوایی گوڵان.
لێرەوە ئاوێزان کردنێک کە خەریک بوو ڕەنگی کاڵ دەبۆوە بەرە بەرە لە ڕۆمانەکەدا پڕ ڕەنگتر دەردەکەوێتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئەو تەعلیق(ئاوێزانبوون-چاوەروانبوون)ە هەم بۆ جوامێر وەک کەسایەتیی سەرەکی و هەم بۆ خوێنەر کێشە هە ڵاییسێن و پرسیار ساز دەبێ.
نووسەر جۆرێکیش کەسایەتیی لاوەی داڕشتووە کە خوێنەر ناتوانێ تەواو لە ڕێی کردار و ئاکارییەوە پێشبینیی داهاتوو بکا. بزانێ ئەوەی ئەو دەیڵێ لەسەر سەفەری کاڵێ و کوڕەکەی، کەی کۆتایی دێ و کەی چاوەڕوانیی جوامێر و خوێنەر تەواو دەبێ.
هەرچی جوامێر پێداگرترە لەسەر ناردنی کەسێک بەدوای ژن و مندا ڵەکەیدا، لاوە زیاتر بەهانە دێنێتەوە کە ڕێگا و بان گیراو ە و ... خوێنەر ئاوێزانکردنی پێشووشی بۆ زیندوو دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژان گرتنی کاڵێ و بە جێ هێشتنی جوامێر. لە لایەکیشەو ە بوونی هیوا هاوکێشەکانی خوێنەر تێک دەدا. ئەگەر لەسەر منداڵ چووبا هیوای نەدەبوو. یان کاڵێ نامەی بۆ نەدەنارد و ...
پێکهاتەی ژانی گەل، پێکهاتەیەکی تەواو تێکچنراو و پتەو و بیر لێ کراوەیە. ئێستای جوامیر بە چەند ڕێچکەدا دەگێڕدرێتەوە. یەکەم ئەو بازنەی هاوڕێیانەی تازە پەیدایان دەکا. نووسەر لەو ڕیێەوە فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی خۆی و شێوەی حکوومەتی تووتالیتێر دەگێڕێتەوە. ڕێگاکانی بەرگری و شێوەکانی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو حکوومەتەش لە هەڵسوکەوتی جوامێر و ئەو کەسانەی تازە ناسیونی وەدەردەکەوێ. واتە نووسەر بێ ئەوەی لە بازنەی ڕووداوەکان چوبێتە دەرێ، کەسایەتیی ڕۆمانەکەی لە شاردا بە لایەکدا دەبا کە بتوانێ ڕوانگە جیاوازەکان لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەوە بگێڕێتەوە. بۆ نموونە لەو شەوە دانیشتنەی لەگەڵیان دەیبێ، چەند شێوە ڕوانینی جیاواز دەگێڕێتەوە . تاقمیک بۆ خۆ دزینەوە لە کەسی سیاسی زاڵ، خۆیان و خوویان داوەتە دەست خواردنەوە و بەزم و ڕەزمی شەوانە. تاقمێک خەریکی گەڵاڵەی بیری سیاسین و پێیان وایە گەلێک کە تا سەر ئیسقان لە سەر ژان و نەهامەتی دانیشتووە و شۆڕشگیڕەکانی لەبەرەی خەباتدان، نابێ ئەوان بێ لایەن بن و دەبێ لەقەدەر خۆیان کارێک بکەن. تاقمێک گاڵتەیان بە هەر دوو لادێ و ... لەو نێوەدا نووسەر هەندێ بابەتی تازەی کۆمەڵایەتییش دێنێتە ئاراوە کە لە پەیوەندیی جوامێر و هاوڕێ تازەکانیدا خراونەتە بەرباس. یەک لەوان کە هەر لەسەرەتاوە کەڵکەڵەی جوامێر بووە، باسی ژن و پێگە و جێگەی لە کۆمەڵ و بنەماڵەدایە. تاقمیک گاڵتەیان پێی دێ و ئەو بەرگری لە پێگە و ڕۆڵی ژن دەکا، وەک چۆن هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە دیالۆگێکی کاڵێ و جوامێر ئاراستەی بیری جوامێر دیاری دەکا .
کاڵێ لە خودا دەپاڕێتەوە کوڕ بێ و ئەو بەرهەڵستی دەبێتەوە و دەڵێ ئەگەر کچ بێ جەژنی لەدایک بوونی بۆ دەگرم .
جودا لەوە نووسەر زۆر زیرەکانە لەو کەشەی کە لەو شەوە دانیشتنەدا ڕەخساندوویەتی کارێک دەکا بەجێی ئەو هەموو قسە بەزۆران دانە، هەموو بڕیاڕ بدەن گوێ بۆ جوامیر ڕادێرن کە بەسەرهاتی بەندیخانەیان بۆ بگێڕێتەوە و بەو شێوەیە ئەو بڕگەیەی ژیانی جوامیریش دەگێڕدرێتەوە.
رێچکەی دووەمی گێڕانەوەی ئێستای کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەکە، پەیوەندیی بە جوامیر و بڕیاڕی بۆ دیتنەوە و گەڕاندنەوەی ژن و منداڵەکەیەتی. تا ڕۆژێک بڕیاڕ دەدا خۆی بڕوا و چیتر چاوەڕێی لاوە نەبێ. بە دزییەوە لە شار وەدەر دەکەوێ و بەرەو گوندی گوڵان تا ژن و کوڕەکەی بێنێتەوە بۆ شار.
ئەگەرچی نووسەری ژانی گەل، خۆی سەرکردەیەکی سیاسیی ئەو شۆڕشە بووە کە دەیگێڕێتەوە، بەڵام ئەو سووکەڵە سەفەرەی جوامێر بەچەند مەبەست دەگێڕێتەوە. یەکەم کۆتایی هێنان بە چاوەڕاونیی جوامێر و خوێنەر. دووەم لەو سەفەرەدا هەندێک لە هەڵەکانی شۆڕش دەکەوێتە فەزای گێڕانەوەی نووسەرەوە. واتە نووسەر دیدێکی تەواو لایەنگرانەی لە شۆڕش نییە و بەڵکوو بە ئاراستەیەکی ڕەخنەگرانەشەوە لێی ڕوانیوە . ئەو ڕاستییە لە دوو بڕگەی سەفەرە کورتەکەی جوامێردا دەردەکەوێ.
یەکەم لادان لە چاخانەیەکی قەراغ ڕێ و چاوکەوتنی بە ژنێکی منداڵەبەری هەژار کە هێزەکانی شۆڕش مێردەکەیان لەسەر ئەوە گرتووە کە هەموو جێگایەک بۆمباران کراوە جگە لە چاخانەکەی ئەو و ئەوەش نیشانەی سیخوڕ بوونێتی و هەر لەو دیدارە کورتەدا بۆمباران کرانی چاخانەکە و کووژرانی ژنەکەش دەگێڕێتەوە و ناڕاستیی ئەو بۆچوونە و هەڵەی هێزەکانی شۆڕش نیشان دەدا. دووەم بڕگە دەرچوونی خۆی لە چاخانەکە و ڕوو کردنێتی لە ئاوایی گوڵان و گیرانی لە لایەن هێزەکانی شۆڕشەوە، بەتاوانی جاسووسی.
لێرەدا خوێنەریش ڕقی لە هەڵەی زەقی هێزەکانی شۆڕش دەبێتەوە بەو ڕادەیەی کە جوامێر ڕقی لێیانە. کەسێک دەساڵ لە تەمەنی لە بەندیخانەدا بووە بە تاوانی هاوکاریی شۆڕش ئێستا لە لایەن هێزەکانی شۆڕشەوە بە تاوانی جاسووسی بۆ میری خراوەتە بەندیخانەوە.
ئەو ئاڵۆزییە بە دەرکەوتنی یەکێک لەو هاوڕێ تازانەی جوامێر لەو شەوە دانیشتنە پەیدای کردبوو بەرەو ئارامی دەچێ و بە شایەدیی ئەو لە بەندی هێزەکانی شۆڕش ڕزگاری دێ. بەڵام لەوێ تێدەگا کە ئاوایی گوڵان بەتەوای خاپوور کراوە و ئەوی تێیدا بووە کوژراوە و پشت شکاو و تازیەبار دەگەڕێتەوە شار.
لێرە بەدوا خوێنەر هەست دەکا ئیتر گەیشتووەتە کۆتایی ڕۆمان. جوامێر پاش ئەوەی لەگەڵ کەسێک باسی سیاسی دەکا لە لایەن ئەو کەسەوە پێی دەگوترێ کە شۆڕش ژانی زۆرە و ناکڕێ ئێمە بی دەرد و ژان ڕزگار بین، هەروەک چۆن ژنێک بێ ژان و دەرد لە منداڵ بوون ڕزگار نابێ. کەواتە لەدایک بوونی گەلێکیش ژانی گەورەتری هەیە و ئێمە دەبێ یارمەتیی لەدایک بوونی نەتەوە بدەین و ژانی گەل ئاسان کەینەوە.
بەڵام ئەو دوابڕگەیەی ڕۆمانی ژانی گەل، ئەوەمان بۆ دەردەخا کە نووسەر چازانتر و کارامەتر لە پێشبینیی خوێنەرە و زەربەی کۆتایی ئەو ڕۆمانە کاریگەرترین بەشی ڕۆمانەکەیە. بەشێک کە ئەگەر نەگێڕدراباوە نەدەبوو. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی ئێمە، ئێستاش ئاوێزان کردن و تەعلیقی چیرۆکەکە کۆتایی نییە . لێرەدایە بەو ئاکامە دەگەین ژانی گەل وەک ژانی گەلێکی بێ پشتیوان لە تەعلیق و ئاوێزان کردنێکی بێ سنوردا دەژی.
جوامێر دەگەڕێتەوە شار. بەڵێنەکانی پێشووی دەشکێنێ. لەو ماوەیەی هاتبۆوە نەیدەخواردەوە . لەگەڵ لاوە دەست دەکا بە خواردنەوە. بڕیار دەدا زەمینێکی هەیە بیفرۆشێ و کاسپیی پێوە بکا. زە مینەکەی دەفرۆشێ و لە ماڵی لاوە دڕوا .
پاش ماوەیەک شۆڕشگێڕێک نامەیەک دێنی بۆ لاوە. جوامێر بۆی نووسیوە دەبوو هەم بۆ یارمەتیی شۆڕش و هەم بۆ تۆڵەی ژن و منداڵە بە ناحەق کووژراوەکەی ئەوێ بەجێ بێڵێ ڕوو بکاتە ناو جەرگەی خەباتەوە.
لاوە وڵامی نامەکەی بۆ دەنێرێتەوە. جوامێر لە گەرمەی شەڕێکدا خەریکە دەیخوێنێتەوە. لاوە بۆی نووسیوە چاکت کرد ڕۆیشتی. بەڵام من دەمهەوێ درۆیەکی دور و درێژی خۆمت بۆ بگێڕمەوە. من دەساڵ درۆم لەگەڵ تۆ کرد. کالێ هەر ئەو ڕۆژەی تۆ بەجێت هێشت بە دەم ژانەوە هەم خۆی و هەم منداڵەکەی مردن و هەموو ئەو نامانەی بۆم دەناردی درۆ بوون. وێنەکانیش وێنەی کوڕەکەی خۆم بوو و ...
" کە لە خوێندنەوەی نامەکەی بۆوە هاوڕێکانی بانگیان کرد: "جوامێر کوایت؟ لە کوێ خزاوی؟ وەرە دەرێ با بڕۆین بۆردومان تەواو بوو .
نامەکەی خستە گیرفانی سەردڵی و چاوی سڕی و بە ڕاکردن خۆی گەیاندەوە هاوڕێکانی."