میراتی گێڕانەوە لە کوردستان - بەشی5

ژانی گەل هەنگاوێکی بەهێز بۆ گێڕانەوە و چاوەڕوانییەکی بێ کۆتا- بەشی یەکەم

دوکتور ئازاد موکری

"ئیبراهیم ئەحمەد" ئەگەرچی زیاتر بە هۆی چەند شیعرییەوە ناسراوە و ناوی ڕۆمانی "ژانی گەل"یشی، سەردەمێک کەوتە سەر زاران، بەڵام ئەگەر لە بواری نووسیندا بمانهەوێ لەسەری بدوێین، زیاتر لەوەی ئاوڕ لە شیعری بدەینەوە، دەبێ چاومان لە کردوکۆشی ئەو نووسەرە بەتوانایە لە بواری  گێڕانەوەدا بێ. لە دەیەی چلی زایینییەوە، واتە لەساڵی ١٩٤٢ بەو لاوە چیرۆکەکانی بڵاو کرانەوە. دواتر و لە ساڵی ١٩٤٤ ڕۆمانی ژانی گەل دەنووسێ. ئەو ڕۆمانە بیست ساڵ دوای حەولەکەی "جەمیل سائیب" و "ئەحمەد موختار بەگی جاف" نووسراوە، بەڵام جیاوازیی ئەو سێ  بەرهەمە هەم لەباری ناوەرۆکەوە و هەم لە بواری تەکنیکی گێڕانەوەوە یەکجار زۆرە.

 نووسەری ژانی گەل بە تەواوی ئەزموونی ئەدەبی گێڕانەوەی گەلانی ناسیوە. ڕۆمانی وەک ژانرێکی تایبەت هەڵبژاردووە و ژانی گەلی خۆی پێ گێڕاوەتەوە.

فەزای بیری ئەو ڕۆمانە، لەباری سیاسییەوە نزیکایەتیی لەگەڵ بەرهەمەکەی جەمیل سائیب هەیە. کەشێکی سیاسیی شاریی بەسەر هەموو ڕۆمانەکەدا زاڵە و ئەوەش تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکیشی گێڕانەوەی نووسەرانی باشووری دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمە.

وەک زۆر ڕۆمانی دیکە کە چەندین دەیە دوای خۆی نووسراون و یەکێک لە نیشانەکانی گێڕانەوەی نوێیان بەسەرەوە بوو واتە گیڕانەوەی ڕووداوەکان لە کۆتا خاڵی  ڕۆمانەوە، ڕۆمانی ژانی گەل لە کۆتایی چیرۆکەوە دەست پێ دەکا. کەسایەتیی سەرەکیی ئەو ڕۆمانە پاش دە ساڵ بەند کران لە پاسێکدا دانیشتووە و بەرەو شاری "چ" دەڕوا. واتە دوایین ساتەکانی ڕووداوەکانی ژیانی ناو گێڕانەوەکەی نووسەر لە سەرەتای چیرۆکەکەیدا هاتووە. پاش  ئەو سەرەتایەیە کە بە فلاش بەکێک، نووسەر دەچێتە سەر گێڕانەوەی ئەوەی لەو دە ساڵە و بەر  لەو دەساڵە و پاش ئەو دە ساڵ بەندیخانەیە بەسەری هاتووە. واتە هەر لە سەرەتاوە ڕۆمان نووس لە گێڕانەوەیەکی تەواو خەتتی خۆ دەپارێزێ و بە دەست بردنە پێکهاتەی کاتی گێڕانەوەکەوە، لە باری کاتییەوە ناتەکووزییەک هەر لەسەرەتای چیرۆکەوە دادەڕێژێ و دواتر وەک هەموو  ڕۆمانە باشەکانی دیکە، جاری وایە چەند بەشی ڕۆمان  بەرودوا پێوەندییان پێکەوە هەیە و جاری وایە بەشێکی ڕۆمان هی سەردەمی پێش  دەساڵ بەندیخانەکە و بەشێکی دیکەی ئێستای کەسایەتی و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.

جگە لەو کایە فۆڕمییە کە لە نووسینەکانی بەر لەودا نییە، کایەیەکی ماناییش هەر لە ناوی ڕۆمانەکەوە  لەگەڵ خوێنەر دەست پێ دەکا . ئەگەر ڕۆمان  بە ژان گرتنی هاوسەری کەسایەتیی یەکەمی چیرۆک واتە جوامێرەوە دەست پێ دەکا و بەشی هەرە زۆری ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانە بەسەرهاتی کەسایەتیی جوامێر و  دەساڵ بەندکرانەکەی بەوەوە دەبەستڕ ێتەوە، ئەو پرسیارە بۆ خوێنەر ساز دەبێ ئەی بۆ ژانی گەل؟ بۆ مەگەر ئەو ژانەی جوامێر  بۆ  بنبڕ کردنی  لە ماڵ وەدەر کەوت و تا دەساڵ دواتر نەیتوانی بگەڕێتەوە ئەو ماڵەی  بەجێی هێشتبوو، ژانی بەرەبەری منداڵبوونی ژنەکەی ئەو نەبوو؟ ئەی کەواتە ژانی گەل لەو ناوەدا چ پێگە و پێداویستییەکی هەیە. 

گێڕانەوەی ڕووداوەکان خوێنەر هیوادار دەکا وڵامی ئەو پرسیارەش لە درێژەی ڕووداوەکاندا ببینێتەوە. ئەوە وەک ئاوێزان کردنێکی مانایی تا کۆتاییەکانی ڕۆمان هەر لە زەینی خوێنەردا دەمێنێتەوە تا لە ئاکامدا و لە کۆتاییەکانی چیرۆکدا، وڵامی خۆی دەست دەکەوێ و بە بەراورد و لەبەریەک ڕانانێک  لەمابەینی ئەو دوو ژانەدا دەبینێتەوە. بەراوەردێک کە فەلسەفەی کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکیش دەیخوازێ و لە ڕێی گێرانەوەوە وڵامەکان بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکا.

هاتوچۆی ڕۆمان لەمابەینی ڕابردووی دووری کەسایەتیی سەرەکی و ڕابردووی نزیک و ئیستای ئەو، خوێنەر بە تەواوی لەگەڵ کەش و فەزای چیرۆک ئاوێتە دەکا. کوتمان چیرۆک  بە ڕابردووی نزیکی کەسایەتیی جوامێرەوە دەست پێ دەکا. دەساڵ  بەر لە ئێستای  کە پیاوێکی ڕەبەنە و تازە  لە بەندیخانە ئازاد کراوە و هاتووەتە ماڵی لاوەی ئامۆزای کە ژن و منداڵەکەی، وەکی لاوە لە نامەکانیدا بۆی نووسیوە لای ئەون.  هاتووە پاش دەساڵ بەند کران پشت لە ژانی گەل  بکا و بە ژانی ژیانی خۆیەو ە بتلێتەوە و ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە. هاتووە لە ئێستاوە قەرەبووی ئەو کاتانە بکاتەوە کە ژنەکەی ژان گرتی و لە ئەستەمترین کاتدا ئەو مەجبوور بوو بە دوای ماماندا بچێتە دەرێ و پاش خۆ پێشان دان و شەڕی بەردەرکی سەرای شاری "چ" ئەو گیرا و ئیتر ئاگای لە ژان و چەرمەسەریی  ژنەکەی نەبووەوە . ئەو وەکی لە بەشەکانی دواتری ڕۆمانەکەدا باس دەکا، هاتنەوەی پەشیمانی نەکردبووەوە لە گەلی خۆی، بەڵام لە مابەین گەل و بنەماڵەکەی وەک بۆچوونێکی ئیگزیستانسیالیستی، ئەو بنەماڵەکەی هەڵدەبژارد و نەیدەویست لەوە زیاتر لەتەنگانەدا بن. چون ئەو پێی وابوو  ڕزگار کردنی بنەماڵەکەی لەو تەنگانەیەی کە ئەو بەشی تێیدا هەیە، سەرەتیی هەیە بەسەر ڕزگارکردنی گەلدا.

 بەڵام نووسەر ڕابردووی دووری کەسایەتیی جوامێریش دەگیڕێتەوە، تا فەزا بۆ لێکدانەوە و ئاوێزان کردنی ڕووداوەکان و تەنانەت ناسینی زیاتری جوامێر و ژانەکانی خۆشتر بکا. ڕابردووی دووری ئەو پەیوەندیی بە شەش کەسایەتیی دیکەوە هەیە. فاتە بۆری ئامۆژنی، ئاسکۆڵ و لاوەی ئامۆزای ، کاڵێ و پیرۆز خاتوونی دایکی و دایکی خۆشی. هەر کام لەو کەسایەتییانە یان لە ڕابردووی دووری جوامێردا گرینگ بوون و یان لە ڕابردووی  نزیکیدا ڕۆڵیان هەبووە و یان ئێستای ئەویان لە پاواندایە.

گێڕانەوەی ڕابردووی دووری جوامێر، دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە دەساڵ زیندان و ژن هێنانەکەی و سەردەمی هەرزەکاریی جوامێر .

جوامێر تازە لاوە و لە دایرەیەک کار دەکا و لەگەڵ دایکی لەماڵێکدا پێکەوە دەژین. دایکی ڕۆڵێکی گرینگی لە ژیانی ئەودا هەیە و بەردەوام ئاگای لێیەتی  و خەمی ئەوەشی  بۆ دەخوا کە دەمڕووت و ڕەبەن ماوەتەوە و پێی وایە دەبێ قۆڵ هەڵماڵێ و ژن بێنێ.

 جوامێر حەز لە ئاسکۆڵی ئامۆزای دەکا و ئاسکۆڵیش ئەوی خۆش دەوێ.  بەڵام فاتە بۆری ئامۆژنی، بە هەموو شێوەیەک دژی زەماوەند و پێک گەیشتنی ئەوانە. لاوەی  ئامۆزای هەم ئەوکات و هەم دوای دەساڵ زیندانەکەش لەگەڵ جوامێر نێوانی خۆش بووە و تەنانەت جوامێر بۆ خوازبێنی لەئاسکۆڵ دەیهەوێ لاوە بکاتە کەیخودا و دەمڕاستی خۆی.

خوازبێنی دەکرێ و فاتەبۆر سووکایەتییان پێ دەکا و کچیان ناداتێ . ئەو ڕووداوە دوزادە ساڵ، پێش دەساڵ بەند کرانەکەی جوامێرە. واتە دەگەڕێتەوە بۆ  بیست و دووساڵ بەر لە ئیستای ڕۆمانەکە.

 لەو سەروبەندەدایە کە پیرۆز خان و کاڵێی کچی لە ئاواییەک بە ناوی گوڵانەوە و بە شوێن خوێنی ڕژاوی مێرد و باوکیانەوە هاتوون و میوانی ماڵی جوامێر بوون.  هەم میوان بوونی ئەوان چەتی لە ڕازیبوونی دایکی ئاسکۆڵ خستووە و هەم ئەو میوانییە باقیی ڕووداوەکانی ژیانی جوامیر ڕێکدەخا و تا ئێستاشی دێنێ .

جوامێر و  کاڵێ ئاشقی یەک دەبن و زەماوەند دەکەن.

باقی چیرۆک گێڕانەوەی چۆنەتی زەماوەندی کاڵێ و جوامێرە.

دوای ئەوەی کاڵی دێتە سەر  ژانی منداڵ بوون، جوامیر دەردەکەوێ و ئیتر کاڵێ و پیرۆز و دایکی و ئاسکۆڵ و فاتەبۆر نابینێتەوە.

لەو بەشە بەدوا ڕۆمانەکە  ئێستای پاش ئازاد بوونی جوامێر لە بەندیخانە دەگێڕێتەوە.

بەر  لەوەی باسی  جۆری گێڕانەوەی ئەو ئێستایە بکەین، دەمهەوێ باسی هەڵپەساردن یان ئاوێزانکردنێکی یەکجار بەهێز و هونەری لە سەرتاپای  ئەو ڕۆمانەدا  بکەم . ئەویش بەسەرهاتی کا ڵێیە  بەدەم ژانەوە. نووسەر هەرگیز ئەوەی نەدرکاند کە پاش  گیرانی جوامێر کاڵێی خێزانی چۆنی ڕزگار بوو. ئایا هەر ژنی جیرانەکەیان بوو  بە مامانی و یارمەتی یدا؟ یان مامان گەیشتێ. بەڵام لە بەشەکانی دواتردا کە نامەی لاوەی ئامۆزای و کاڵێی ژنی بۆ دێ و وێنەی هیوای کوڕی بۆ دەنێرن، خوێنەر تا ڕادەیەک تێدەگا کە دەبێ کاڵێ لێبووبێتەوە. ئەگەرچی لە هیچ کوێدا نووسەر  ئەو  باسە ناگێڕێتەوە و خوێنەر بە نیشانە بۆی دەردەکەوێ، بەڵام ئەو وێستگەیە هەر لێڵ و ناڕوونە.  ئەوە تواناییی نووسەرە لە ڕاگرتنی خوێنەر بە درێژایی ڕۆمانەکە و لە گوماندا هێشتنەوەی. ڕووداوێک کە هەم پێویستە بگێڕدرێتەوە و هەم نەگێڕانەوەشی بەر بە ڕەوتی ڕووداوەکان ناگرێ، بەڵام کەڵکەڵە بۆ خوێنەر ساز دەکا .

KURDŞOP
752 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!