میراتی گێڕانەوە لە کوردستان – بەشی4

"مەسەلەی ویژدان" ئەحمەد موختار بەگی جاف و هەنگاوی دووەم


دوکتور ئازاد موکری

 

ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی نۆڤلێتی "لەخەوما"ی "جەمیل سائیب"، "ئەحمەد موختار بەگی جاف" شاعیری ناسراوی شیعری کلاسیکی کوردی، نۆڤلێتی "مەسەلەی ویژدان"ی نووسیوە. مەسەلەی ویژدان وەک دەقێکی چیرۆکی، گرینگایەتییەکەی لەوەدایە کە نووسەرەکەی لە کەشێکی جیاوازی فکریدا کە کەشی شیعری کلاسیکە، ڕووی لە بوارێکی تازەی ئەدەبی واتە گێڕانەوە کردووە. چیرۆکەکەی دەسپێکێکی بەهێزی هەیە . هەر لە سەرەتاوە کە لە ڕستەی یەکەمدا شوێنی چیرۆکەکەی دەناسێنێ، پرسیار بۆ خوێنەر دروست دەکا. ناسینێکی جیاواز و ئاماڵ کافکایی. هەڵبەت کە درێژەی چیرۆکەکە دەخوێنییەوە ئەو تێگەیشتنە گۆڕانی بەسەردا دێ. کافکا لە ڕۆمانی "کۆشک"دا ناوی کاراکتەری سەرەکییەکەی ئاغای "ک"یە. کاراکتەریکی بێ ناو. پرسیار ساز بۆ خوێنەر. لەو چیرۆکەدا نووسەر ئاوا دەست پێدەکا. " ویلادەتم لە قەزا ی "ه" بوو. لە بنەماڵەیەکی هەژار. باوکم  لەشەڕی گەورەدا شەهید کرابوو. ئیتر بێ کەس و بێ دەرەتان مابوومەوە و ..."

بەڵام ئەو پرسیارەی کە بۆ خوێنەر ساز دەبێ، بە هۆی ئەو گرێیەی کە ناوی شوێنی چیرۆکەکە لە زەینی خوێنەردا سازی کردووە، بێ وڵام دەمێنێتەوە و لە کۆی چیرۆکەکەدا ئەو سیستەمی ناو لێنانە کاریگەری و ڕە نگدانەوەی دیکەی نییە.

مەسەلەی ویژدان وەک زۆربەی چیرۆکەکانی کە پاش ئەو بە کوردی نووسراون، هەڵگری ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتیییە و لە ڕاستیدا نووسەر بە زمانێکی ناداستانی خەریکی گێڕانەوەی کۆمەڵە ڕووداوێکی بەرووداویە کە شێوازی فۆڕماسیۆنی کۆمەڵایەتی ئەوکاتی کوردستانی پێ دەگێڕێتەوە. لە هەمان کاتدا، کاریگەریی کەشی زەینی و ئابووری و کولتووریی زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا، لەسەر تاکی کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو . مەبەستی سەرەکیی گێڕانەوەکەش، هەر گەیاندنی ئەو ڕاستییەیە کە چۆن کۆمەڵگا دەتوانێ لە پیکهێنان و گۆڕان و تێکدانی کەسایەتیی تاکەکاندا ڕۆڵی هەبێ.

لە لایەکی دیکەشەوە بە هێنانە ئارا و زەق کردنەوەی دوو چینی سەردەست و بندەستی کۆمەڵگا و گێڕانەوەی پێوەندییە چەقبەستووەکانی ئەو دووچینە لە کۆمەڵگای کوردیدا، نیشانی داوە کە ئاکاری چینی سەردەست  بە پێی هەڵس و کەوتی چینی بندەست، گۆڕانی بەسەردا دێ و بە هۆی تێنگەیشتنی چینی بن دەست لە کایە کۆمەڵایەتییەکان، دەوری ناکارامەی شکست بۆ ئەوان بەردەوام دووپات دەبێتەوە.

بگێڕەوەی چیرۆک کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکیشە. واتە کۆی ڕووداوەکان بە ئامادەییی  کەسایەتیی بگێڕەوە مانا و بوونیان هەیە. بگێڕەوەیەک کە لە چەقی نەداری و دەستکورتی، لە شاری "ه" دەکەوێتە قوون دەرکان و خەڵک و ناسیاو بە خێری خۆیان ئاگایان لێی دەبێ تا گەورە دەبێ و بەو ئاکامە دەگا دەبێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و ئەرکی خۆی نەخاتە سەرشانی خەڵکی دیکە.

نووسەر کۆی ئەو ڕووداوانەی باس کرا، لەچەند  دێڕدا کورت دەکاتەوە. واتە وەک چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان، باز  بەسەر زەماندا دەدا و پێبەندی مەنتیقی گیڕانەوە نییە.

" منی بێ کەس و بێ دەرەتان، لە لای چەند بۆرە  خزمێکمەوە بە تەنیا لەم دونیایەدا، لە ناز و نیعمەتی دایک و باوک کەوتم. ئەو بۆرە خزمانەش لە ئینسانییەتی خۆیانەوە بوو کە نان و پیازێکیان پێ حەڵاڵ دەبینیم. چونکە هیچ هەقێکم بەسەریانەوە نەبوو. کە تۆزێ گەورە بووم هۆشم کرایەوە. ئەوەندە ئەقڵم بەوە شکا کە ئەرکی بەخێوکردنی خۆم بخەمە سەرشان  و بازووی خۆم و ..."

بۆشاییی نێوان منداڵی و مێرمنداڵی بە چەند ڕستە پڕدەکاتەوە و تەنانەت هەر لەو چەند ڕستەیەدا، بێ ئەوەی پێش زەمینەیەکی گێڕانەوەییی هەبێ، خوێنەر تێدەگا دایکیشی کە چەند ڕستە پێش ناوی هێنابوو نەماوە. چون هەر لە ڕستەی سێهەمی چیرۆکەکەوە دەڵێ: "ئیتر  بێکەس و بێدەرەتان مابوومەوە  بە دیار دایكێکی هەژارەوە."

ئەوەندەی خێراییی ڕەوتی چیرۆکەکە لەسەرەتاوە زۆرە، کە دەگاتە سەردەمی مێرمنداڵی و ئیش کردن ئەو ڕەوتە خاو دەبێتەوە و لە چەند وێستگەدا نووسەر دەگیرسێتەوە.

ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە نووسەر بە جێی ئەوەی کەڵکەڵەی فۆڕم و تیکنیکی گێڕانەوەی بێ، کێشەی ئەوەیەتی چی  بگێڕێتەوە. واتە ناوەرۆک و بابەتی بەرباسی هەموو جیهانی چیرۆکەکەیەتی. ئەو هەر بەهۆی گرینگیی مانا و بابەتی بەرباسی، ناوی چیرۆکەکەشی هەر بەوەوە بەستووەتەوە. "مەسەلەی ویژدان".

 ئەحمەد موختار لەو نۆڤلێتەدا بە شێوەی چیرۆکە کۆنەکانی کوردی و چیرۆکی ناو ئەدەبی گەلانی دیکەش، لە جۆرێک فەزای ئەدەبیی ئاکاری-پەروەردەییدا هەناسە دەدا. واتە چیرۆک و کەشی گێڕانەوە بۆ ئەو قالبێکە کە بتوانێ ناوەرۆکی فیکریی خۆی تێدا جێگیر بکا . ئەویش ئەوەیە کە ویژدان لە دونیای ئێمەدا  چەندە گرینگە و چۆن دەکرێ بە پێی ویژدان بجووڵێیەوە و دڵی خەڵکی ڕاگری و ئەگەر لە مەسەلەی ویژدان لابدەی چۆن دەتوانی ببییە هۆی تێکچوونی ماف و ئارامیی خەڵکی. بۆ ئەو مەبەستە نووسەر چەند کاراکتێر ساز دەکا تا بتوانێ بابەتی بیری خۆی جێگیر بکا. یەکەم کەس دووکاندارێکی تاجرە. بە وەستا ناوی دێنێ. دەبێنە نووسیاری حیساب و کیتابی دووکانەکەی و تێدەگا وەستا خەریکە فێڵ لەخەڵک دەکا و ڕۆژێک لێی دەپرسێ: "وەستا ئایا بە شەریعەت غەلوغەشکردن لە تیجارەتا حەڵاڵە، ..." ئەمجا فەرمووی: هەرچی تەسهیلی مەعیشەت بکات بۆ خەڵکی جائیزە، بەو شەرتەی قەتڵ و عەرز و نامووسبردنی تیا نەبێ! ئەی مەسەلەی ویژدان چییە؟ هەتیو لەمە زیاتر قسە مەکە."

 بابەتێکی دیکە کە ئەحمەد موختار جاف لە شیعرەکانیشیدا گرینگیی پێ داوە خوێندنە. ئەو لەو چیرۆکەشدا پێی وایە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە مابەینی خوێندەواری و ویژداندا هەیە. بۆیە تکا لە وەستاکەی دەکا بە منداڵەکانی بخوێنێ و ئەویش پێی وایە سەواد خەڵک ئەحمەق دەکا. واتە نووسەر لیرەشدا  بە شوێن بابەتیکی فێرکارییەوەیە.

وەستا یان ئاغای ڕاوی جگە لە تیجارەت، فەلاحەتیش دەکا و لەویشدا خەریکی خواردنی مافی وەرزێڕەکانە و نووسەر هەر لە بیری ویژدانی بەباچووی وەستاکەیدایە. لەئاکامدا نووسەر بە کاریگەری وەرگرتن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ڕێگا چارە دەدۆزێتەوە و پێشنیاری ئەوە دەکا وەستاکەی و کەسانی وەک ئەو بەجێی ڕووتاندنەوەی خەڵک کۆمپانیایەکی تیجاری دابنێن. بۆیە هەر لەسەرەتاوە کوتم ئەو چیرۆکە، چیرۆکێکی فیرکارییە، نووسەر کێشەیەک زەق دەکاتەوە چارەسەری بۆ دەدۆزێتەوە. چارەسەرکەش لە پێناو ئەوەدایە مەسەلەی ویژدان بپاریزرێ.

لە دۆخێکی دیکەدا کە نووسەر لە چیرۆکەکەیدا دەیخوڵقێنێ، دیسان هەمان کیشەی تێگەیشتنی نوێ لە کەسی نەریتیدا زەق دەکاتەوە.  لە لای ئەو کەسایەتییە کاری تەواو دەبێ و ڕوودەکاتە شارێکی دیکە.

"هەڵسام لەگەڵ کاراون لە شار دەرچووم. ڕۆیشتم بۆ قەزایەکی تر کە داخڵی ئەو لیوایە بوو. کە گەیشتمە مەرکەزی قەزا، حەقیقەتەن جێگەیەکی خۆش و هەوایەکی لەتیف و باخ و باخچەیەکی جوانی  بوو، ئەمما مەعەلئەسەف ناو کۆلانەکانی لە کەماڵی پیسیدا بوو. پڕ بوو لەمەجاری و  ئاوەڕۆ و زبڵ و پیسایی، بەمە حەقیقەتەن دڵتەنگ و عاجز  بووم."

بگێڕەوە کەڵکەڵەی شارێکی مودێڕنی هەیە. هەر بۆیە جودا لە وەسفی شاری بێ ناوی تازە، دڵگرانیی خۆی بۆ ئەو فەزایە دەردەبڕێ. لەوێ بە شوێن ئیشێکی تازەوەیە و دەبێتە  عەرزوحاڵ نووس . لەسەر ئەوە دەگیرێ و لەئاکامدا لە ڕێگای هاوڕێیەکییەوە مەجبوور دەبێ ویژدانی بخاتە ژێر پێ و بچێ و تەشەببوس! بە بەڕێوەبەری ئەو شارەوە بکا و نەجاتی بێ و پارە بدا. لێرەوە ئیتر ڕەوتی ژیانی  بگێڕەوە دەگۆڕدرێ و لە کەسی بەندکراوی دوێنیوە دەبێتە پیاوێکی بەڕێز.

"سبەینێ تەماشام کرد کە چوومەوە پۆلیسخانە، گەزی چی و جاوی چی؟ ئەوساکە بە پێوە ئەوەستام. ئێستا دامئەنین . ئەوساکە بەحاڵ مەیدانی قسەم بوو. ئێستا مونتەزیری گفتوگۆی منن. خۆم پێ نەگیرا لە قومیسەرم پرسی: ئەمڕۆ خۆم زۆر بە موحتەڕەم دەبینم بە عەکسی دوێنێ. ئەمە چییە؟

بەخوا منیش نازانم! ئەوەندە هەیە ئێستا ئەمرێکمان  لە جەنابی ڕەئیسەوە بۆ هات..."

لێرەوە چیرۆک دەکەوێتە گێڕانەوەی دۆخی پاش خستنە ژێر پێی ویژدانی  کەسایەتیی  بگێڕەوە. هاوکات نەبوونی ویژدانی کەسانی دیکەش دێتە پانتای گێڕانەوەوە. لە ئاکامدا لادان  لە وێژدان لە گێڕانەوەی نووسەردا، ڕاوی دەگەیەنێتە پلەی شارەداری شار. دواتر کە  پلەی بەرز دەکرێتەوە  بۆ بەرپرسی شارێکی گەورەتر. لە ڕێگای  چوون  بۆ ئەو شارەدا دەبینێ دوو  کچ خەریکن لە جیاتی خوێن دەدرێن بە تایەفەیەکی ئەو ناوچەیە و لێرەوە نووسەر گرفتێکی دیکەی کۆمەڵگای کوردی زەق دەکاتەوە، ئەویش لە  بری خوێن چوونی کچانە. گوێی لێیە کچەکان دەڵێن: "خوا هەڵناگرێ یەکێکی تر قەتڵی کردووە و یەکیکی تر کوژراوە، ئێمە بۆچی بکەوینە عەزابەوە؟ ئیحتمال ئێمە تەعەلوقی بە شەخسێکی کەوە  بێت، بۆچی ئێوە سەرمایەی حەیات و ژیانی ئێمە مەحو ئەکەنەوە؟ ئەمە خودا و ویژدان قبووڵی ناکات؟

بێخەبەر بوون کە خوداوەند سەبری هەیە، هەزار شتی وەهای قەبووڵ کردووە و ئەیکات و و یژدانیش تەنیا ئیسمی هەیە و کەس بە چاو نەیدیوە. .."

نووسەر لە ڕێگای بگێڕەوەوە قسەی خۆی و پەیامی چیرۆکەکەی ئاوا دەردەبڕی کە لە دونیای ئێستادا ئەوەی هەیە دەسەڵات دەیکا و ویژدان بوونی  نییە و  بابەتی ئایینیش بە شێوەیەکی خشکەیی دەخاتە  بەر تیری تانە.

ئەوەی لە کۆتایی چیرۆکەکەدا و وەک خاڵی کۆتایی بۆ  چیرۆک سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە نووسەر وەک چۆن ڕستەی یەکەمی چیرۆکەکەی چاوەڕوان نەکراو بوو، واتە هێمایی بوونی شوێن، لە کۆتایی چیرۆکیشدا ئەگەرچی لە پاراگرافی پێش کۆتاییدا ئەنجامی لادان لە ویژدانی گێڕاوەتەوە و نموودی بەرچاویشی لە زوڵم لەو کچانەدا خستوەتە ڕوو کە  لەبری خوێن دەچن،  بەڵام دیسان خوێنەر تووشی گومان دەکا.

 

KURDŞOP
595 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!