میراتی گێڕانەوە لە کوردستان - بەشی3

جەمیل سائیب و دەسپێکی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی – بەشی دوو


دوکتور ئازاد موکری

 

بەڵام بێجگە لەو چوار تاقمە گەورەکە خۆشی دەیهەوێ پێوەندی لەگەڵ تاقمێکی دیکە هەبێ و وەک کەرەسەی دەسەڵات بەکاریان  بێنێ. ئەویش چینی مەلا و پیاوانی ئایینییە. لە  ڕێی ئەوانەوە دەیهەوێ فتوا وەربگرێ بۆ هەموو ئەوکەسانەی دژایەتیی دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانێ بە سانایی ڕووبەڕوویان بێتەوە و  لەناویان بەرێ. هەر بۆیە خۆشی تاقمێک لەوانە ساز دەکا و فتوایان پێ دەدا.

بە تووڕەییەوە دەستی کرد بە قسە کردن.  من ئەوە چەند ساڵە هەوڵ و تەقەللام داوە و برینداری و حەپس و ڕەزالەتم کێشا . ....چەند جار چووم بۆ ئینگلیز، لەگەڵ تورکدا تێک چووم، تەشەبوسم بە ڕووسیەی بۆلشەویک کرد . چەند خوێنمان ڕشت . وتوومە با میللەتەکەم بکەوێتە ڕەحەتی و سەعادەتەوە و دینەکەمان زیاد بکات و بەرز بێتەوە. کەچی .... بەشێکی زۆر لەو میللەتە لایان داوە لە من و شوێن غەیرە دین کەوتوون و ... ئاخۆ فتوای شەرعی بۆ ئەمانە چییە؟

ئەو بەشانەی تا ئێستا باسیان کرا چەند بەشی گرینگی چیرۆکەکەن  بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی، مانایی چیرۆک. واتە نووسەر ویستوویەتی لەباری ماناییەوە چیرۆکەکەی پتەو بێ و  بە تەکووزی بەخشین بە گێڕانەوەی هەرکام لەو بەشانە هەر جارەو لایەنێکی کەسایەتی گەورەکە وەدەر بخا. ئەوە کارێکی  بە هێزە بۆ چیرۆکێک کە سەدەیەک لەوە پێش و وەک یەکەم ئەزموونی گێڕانەوەی کوردی دەیناسین.

ئەو گێڕانەوەیە کەسایەتییەکمان نیشان دەدا کە لە نێوان گێژاوی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش شەڕی جیهانیی یەکەمدا سەری لێ شێواوە و ناتوانێت بڕ یاڕ بدات. هەر لەو سەروبەندەدا، واتە لە ساڵەکانی ١٩٢٤ی زایینی و پێش و پاش ئەو ساڵەش جواغڕافیای ئەو ناوچەیە لەگەڵ گەورەترین ئاڵۆزی ڕووبەڕوو ببووەوە. ئیمپڕاتووریی عوسمانی لێک بڵاو ببوو. تورکانی لاو تازە هاتبوونە سەر کار و خەریک بوون بەشە میراتی خۆیان لە عوسمانی دەپاراست و بە تەمای زیاتر بوون. ئینگلیس و فەڕانسە لەسەر بەشی خۆیان لەو ناوچەیە لە کێبەرکێدا بوون. لەو ناوەدا کورد کەوتبووە  نێوان بەرادشی ئینگلیز و تورک و فارس و فەڕانسە و عەرەبەوە و ڕێبەرانی کوردیش نەیاندەتوانێ بە لایەکدا بشکێنەوە. ئەوەی ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو سەردەم پێمان دەڵێ هەمان ئەوەیە کە جەمیل سائیب  لە چیرۆکی لەخەومادا گێڕاویەتەوە. بەڵام زیرەکیی نووسەر لەوەدایە نەیویستووە  چیرۆکەکەی  ماوەی  بەسەر بچێ هەر بۆیە ناوی کەسایەتییەکانی بە شێوەیەکی سیمبۆلیک نووسیوە. کات و شوێنیشی  تەواو دیاری نەکردووە.

خوێنەری وریا بە قەرینەکاندا تێدەگا  ئەو جواغڕافیایەی نووسەر باسی  لێ دەکا کوردستانە. ئەو  شارەی بووەتە جێگای هەوهەوی سواران و  تا ڵانچییان و شۆڕشگێڕان و جاسووسەکان و بەندیخانەی لێ دانراوە و گومان و دڕدۆنگیی تێدا  بڵاوکراوەتەوە، سلێمانیی ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمە.

کابرای گەورە، یان گەورەکە، شێخ مەحموودی بەرزنجییە کە  لە سلێمانی حوکمی کرد  و لە نێوان تورک و ئینگلیز و ئایینی ئیسلامدا بە ڕاستی  سەری لێ شێوا و  لە ئاکامدا هەر نەیتوانی  بە لایەکدا بشكێتەوە و هەر جاری ڕەوتی ڕووداوەکان بە لایەکیاندا خست و سەرەنجام حکوومەتەکەی ڕووخا.

 بەڵام ئەوەی تا ئێستا باس کرا تەنیا لایەنێکی  چیرۆکی لەخەومامان نیشان دەدا.

ئەگەر باسی کرۆکیی دەقیقی چیرۆکەکە بکەین، ئەوا دەبێ بەدەر لەو خاڵە سەرەکییانەی لە سەرێ باسمان کرد، باس لەوە  بکەین نووسەر چەندە وریایانە لە سەد ساڵ لە مەوبەردا زەمینەی بۆ چیرۆکێکی سیاسی خۆش کردووە.

بگێڕەوەی چیرۆک لە شوێنێکی وڵاتەوە، لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدا، بەتەمای دەستخستنی کار و بژیوی ژیان بۆ خۆی و بنەماڵەی، ڕوودەکاتە شارێک کە ڕاست پێتەختی ئەو حکوومەتە تازەیەیە و هەم لە نێو ڕێ نائەمنی و کێشەی دێتە سەر ڕێ و هەم لە شاری ئاواتەکانیدا دەستگیر دەکرێ و وەک جاسووس دەکەوێتە بەندیخانە و لە کۆتاییش خودی پیاوە گەورەکە سزای دەدا و وەبەر شەللاقی دەدا. ئەو بەو دەربڕین و گێڕانەوەیە بەرباد بوونی حکوومەتی ئەوکات دەگێڕێتەوە.

تەکنیکێکی جوان لەو چیرۆکەدا ئەوەیە کە نووسەر بۆوەی بتوانێ ئەو هەموو ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ئەو هەموو ڕاڕایی بوونەی پیاوە گەورەکە نیشان بدا، هەرجارەی لە دەلاقەی بەندەوە کە دەگاتە دیوەخانی کابرا گەورەکە، تاقمێک دەبێنێ و ڕووداوەکانی دیداری ئەوان دەگێڕێتەوە. لەئاکامدا لەو هەموو ڕەنگ گۆڕینە سەری سووڕ دەمێنی و لە قاقای پێکەنین دەدا و پێی دەزانن و سزای دەدەن.

شێخ مەحموود بەرزنجی

"لەخەوما" هەم سەرەتای چیرۆکی کوردییە و هەم سەرەتای  ڕەخنەی مودێڕنی سیاسییە لە دەسەڵات. ئەو چیرۆکە ڕۆشنبیرانەترین دەقێکی گێڕانەوەییە کە تا ئێستا بە زمانی کوردی لەمەڕ دەسەڵاتەوە نووسرابێ. چون نووسەر بێ هیچ دڕدۆنگی و ترسێک لە دەسەڵات، دەسەڵاتی شێخ مەحموود بە توندترین شێوە دەداتە بەر تیری ڕەخنە. بێگومان ئەو خۆی لە جەنگەی ڕووداوەکانیشدا بووە و کاریگەری و توانایی و کەسایەتیی شێخیشی بینیوە، بەڵام بێ ترس لەهەموو ئەو لایەنانە و بۆ  بەرژەوەندیی گشتی، هەم سیاسەتی توندوتیژی شیخ  بە نیسبەت شارۆمەندانەوە دەداتە بەر تیری ڕەخنە، هەم پەیوەندیی ناسیاسی و نا زانستی لەگەڵ  ئیگلیس و تورکیا  بە نەشتەری ڕەخنە توێ توێ دەکا و  هەم ئایین و پێگەی ئایین و کەسانی ئایینی لەقاو دەدا. کۆی  ئەوانەش، بە تایبەت سەدەیەک لەمەوبەر لە کوردستان، بناخە و بنگەی هێز و قودسییەت و پیرۆزی بوون و لە ڕاستیدا ئەو لە دەقێکدا، ڕووبەرووی هەموو ئەو پیرۆزییە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییانە بووەتەوە.

زمانی گێڕانەوەی "لەخەوما" بە لەبەرچاوگرتنی مەودای کاتی نووسرانی چیرۆکەکە زمانێکی یەکجار ڕەوان و دەوڵەمەند و پوختە. چون بە چاوگێڕان بەسەر ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمدا، بۆ و ێنە ڕۆژنامەی ژین  و ژیانەوە کە هەڵبەت خۆی بەرپرسی  ژیانەوە بووە و لە  لایەن خاڵییەوە، واتە پیرەمێرد ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە، زمانی نووسینەکانی ئەو ڕۆژنامانە قورسترە لە زمانی جەمیل سائیب. جەمیل سائیب لە نووسینی  ئەو چیرۆکەدا ئاگایانە زمانێکی ساکاری هەڵبژاردووە و حەولیشی داوە لەگەڵ گۆڕانی کەسایەتییەکان، تا ئەو جێیەی وزەی زمانی دەرفەتی دابێتێ، وشە و دەستەواژەی تایبەتی ئەو چین و تاقمە بەکاربێنێ کە دەگێڕنەوە و لە چیرۆکەدا وەدەنگ دێن.

لەخەوما ئەگەرچی یەکەم چیرۆکی کوردییە و سەدەیەکە بڵاو کراوەتەوە بەلام فەزا و شوێنی جیرۆکەکە و کەڵکەڵەی چیرۆکەکە شار و دەسەڵات و ڕەخنە لە دەسەڵاتە.

 

KURDŞOP
667 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!