میراتی گێڕانەوە لە کوردستان - بەشی2

جەمیل سائیب و دەسپێکی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی-بەشی یەکەم

 

دوکتور ئازاد موکردی

لە مێژساڵە کە  باسی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی دەکرێ ناوی چیرۆکی "لەخەوما"ی جەمیل سائیب دەهێنرێ و ئەوەندی لەسەریشی باس کراوە لەوە تێنەپەڕیوە کە گۆیا ئەو چیرۆکە یەکەم چیرۆکی کوردییە و لەوە زیاتر زانیاری  بەدەستەوە نەدراوە. وێدەچی ئەو باس و ناوهێنانەش هەر زانیارییەک بووبێ کە زار بە زار ڕاگوێزراوە و ڕەنگە زۆریەک لەو نووسەرانەی ناوی چیرۆکەکەیان هێناوە نەشیانخوێندبێتەوە. بە چەند هۆ ئەو داوایە بە ڕێتێچوو دەزانم. یەکەم ئەوەی کە زۆربەیان نووسیویانە تەنیا هۆی گرینگیی ئەو دەقە ئەوەیە کە دەسپێکێکە بۆ گێڕانەوە و ئەگینا خاوەن تایبەتمەندیی چیرۆک نییە و بۆ سەردەمی خۆی نووسراوە. دووەم هیچ  زانیارییەکی زیاتر لەسەر جۆری گێڕانەوە و  ناوەرۆک و فەزای چیرۆکەکە بە دەستەوە نادەن.

بۆیە لەو نووسینە دا بە کورتی دەمهەوێ ئاوڕێک لە چیرۆکی لە خەومای جەمیل سائیب بدەمەوە و هێندێک باس  و خواسی لەسەر بورووژێنم.

زۆری نەماوە سەدەیەک  بە سەر بڵاوبوونەوەی یەکەم چیرۆکی کوردی واتە "لەخەوما"دا  تێپەڕێ. ئەو نۆڤلێتە ساڵی ١٩٢٥ بۆ یەکەم جار لە ڕۆژنامەی ژیانەوەدا بڵاوکرایەوە. لانی کەم  بە پێی دەقەکانی کە  تائێستا بڵاو کراونەتەوە ئەو دەقە یەکەم دەقی گێڕانەوەیی کوردییە و ساڵێک دوای ئەو "نۆڤلێتی مەسەلەی ویژدا ن" ی ئەحمەد موختار بەگی جاف نووسراوە کە لە جێی خۆی دا بە  جودا باسی لێ دەکەین.

راستە بەرهەمەکەی جەمیل سائیب حەولێکی سەرەتایی بۆ گێڕانەوەی کوردییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەدەبی گێڕانەوەی گەلانی ناوچە و یەکەم چەخماخەکانی ئەو ژانرە لە ئەدەبیات، دەسپێکێکی بەهێز و هونەرییە.  نووسەر لەو چیرۆکە دا نیشانی داوە کە ئاگای لە ئەدەبی گەلانی دونیا  هەیە و بە پێی ئەو ناسیارییە حەولی داوە  دەقێکی هونەری بە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی نوێوە بنووسێ و لە بیرەوەری گێڕانەوە و ژیاننامە نووسی و نوسینی ڕۆژانەی نووسەرێک تێپەڕێ.

 ئەو بە باشی زانیویەتی چۆن فەزای چیرۆکەکەی ڕێک بخا. پەروەردەی کەسایەتییەکانی بە تایبەت دوو کەسایەتیی ناو چیرۆکەکەی تەواو  لە جێی خۆیدایە و بەهێز دایڕشتوون. یەکەم  کەسایەتیی خودی بگێڕەوەی چیرۆک و  دووەم کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆک کە بە گەورەکە ناوی دێنێ، بە جوانی داڕێژراون. گەورەکە کەسێکە کە هەموو چیرۆکەکە بە دەوری ئاکار و ڕەفتار و گوتە و پێوەندییەکانی ئەودا دەخوڵیتەوە. کەسێکە لە ناوەندی هەموو باس و خواسەکاندایە و ئاکامی چیرۆکەکەش هەر بەوەوە بەستراوەتەوە.

گەورەکە لە ڕۆڵی ڕێبەرێکی سیاسیدا دەرکەوتووە و وەسف کراوە و ئاکار و گوتەکانی گێڕدراونەتەوە. ڕێبەریک کە توانای بڕیا ڕدانی کۆتایی نییە. ڕاڕیی و سەرلێشێواو و لەهەمان کات دا زاڵم خراوەتە بەرچاوی خوێنەر.

ئەو ڕێبەرە لە نێوان پێنج تاقمدا ڕۆڵ دەگێڕێ. یەکەم  دەستەیەک ڕاوەڕووتچی کە بە تەمای بەرژوەندیی تاکەکەسیی خۆیانەوە خەریکی ڕاوەڕووتی خەڵک و شارۆمەندانن و لە حەولی ئەوەدان خۆیان لە بازنەی دەسەڵاتی گەورەکە نزیک بکەنەوە و گەورەکەش لەگەڵیان دادەنیشێ و ڕاویژیان لەگەڵ دەکا  و بێ ئەوەی دەست بە ڕوویانەوە بنێ بە شێوەیەک هاوڕایی خۆیان نیشان دەدا.

تاقمی دووەم کەسانێکن کە بە نوێنەرایەتی  یان لایەنگری یان بۆ لۆبی کردن بە قازانجی تورکان لەگەڵ گەورەکە کۆ دەبنەوە. ئەو  تاقمە بە ڕێبەری ناسەقامگیر وا دەنوێنن کە ڕازی مانەوە و سەقامگیریی دەسەڵاتی ئەو و وڵاتەکەی بە تورکەکانەوە بەستراوەتەوە . ئەوان هەم هاوئایین و هەم هاوسنوور و هاو مێژوون و ئەگەر ئەوان قەڵەمی بە خێر بە دەسەڵاتی گەورەکەدا نەنێن، ئەوە ئەو دەسەڵاتە ڕوو لە خاپوور بوون دەنێ.

"ئەو جار گەورەکە دەمی هەڵهێناوە و ڕووی لەخەڵکەکە وتی: ئەبێ بزانم چی ئەڵێن و چیتان پێیە. لەو سێ کەسە، کورتە باڵاکەی لە ئەوەڵەوە هاتبووە ژوورەوە وتی: ئەڵێین مەسڵەحەت بۆ تۆ وایە لەگەڵ تورکدا ڕێک بکەوی و بە ئەمر و قسەی ئەوان هەڵسووڕێیت. بنێری  بە شوێن ئەواندا، کە بێن لێرە دانیشن. ئەوسا ئێرە بە تەواوەتی بۆ  تۆ ساغ دەبێتەوە و شکڵی حکوومەت دەگرێ، ئەوسا تۆش ئەتوانی لەگەڵ ئەوان بەرامبەر بە دوژمن هەموو شتێک بکەیت.

ئەویش وتی:....بەڵام من هەتا ئێستا غەیری قسە هیچی ترم لەوان نەدیوە....ئەوان بە چوار عەسکەری ڕەش و ڕووت و برسییەوە هاتوون خەریکی ڕاوەڕووت و خەڵق ڕووتاندنەوەن و ..."

تاقمی سێیەم کەسانی لۆبیکاری ئینگلیسن. ئەوانە لە گێڕانەوەی ڕاوییەوە دەردەکەوێ، کە لە تاقمی دووەم زیاتر جیهان و سیاسەت و هەڵسوکەوتی سیاسیی جیهان دەناسن.  ناسینی ئەوانە بۆ سیاسەت ناسینێکی سەرووتر لە ناسینی لۆکاڵە و ئەوان حەولیان ئەوەیە نەک  لە ڕێی هاو ئایینی و هاوسنوورییەوە سۆزی گەورەکە ببزێون، بەڵکوو ئەوانە شێوازەکانی بەرهەم‌هێنان و ئابووری دێننە ئاراوە و بۆی ڕوون دەکەنەوە کە پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیس دەتوانێ ئەو متمانەیە بەو و بە نەتەوە بدا کە دەسەڵاتێکی  تەواو سەقامگیریان بۆ مسۆگەر دەکا و ئەگەر غەیری ئەوە بێ ئەوە گەورەکە و گەلەکەی بە کام و ئاکام ناگەن.

"لەپاس خۆش و بێش کابرای کە لە هەوەڵەوە هاتبووە ژوورەوە کەوتە قسە کردن. ملی  لێ هەڵبڕی و کە قسەکانی ئەکرد چاوی لێ دەرئەپەڕی. بە هێز و قووەتێکەوە قسەکانی ئەکرد ئەموت ئێستا تووشی شتێک ئەبێت. هەر دوو دەستی  بەملاو  لادا دەسووڕایەوە. ئەیویست ئەو قسانە هەموو بێ ئەوەی دەنکی لێ بڕژێ و لەناو بچێ  بیخاتە میشک و دەروونی خەڵکەکەوە.

رووی کردە گەورەکە و وتی: قوربان ئیستا ئیش بە ڕەنگێکی وا دیاری داوە کە منداڵی ساواش تێ ئەگا و ئەیزانیت ئەم میللەتە و ئەم وەزعە بێ ئەمەی حکوومەتی ئینگلیز دەستی بەسەرا  بکێشێ و پشتیوانی بکا ناژی و سەرناگرێ.

سەروەت و تیجاڕەتێک کە لەم چوار پێنج ساڵە دا، بۆ ئەم  میللەتە پەیدا  بوو، بە پەنجا ساڵ  لە زەمانی تورکدا پێک نەئەهات....

وتی: منیش زۆرم پێخۆشە و حەزی پێ ئەکەم ئەمەم پێ لەهەموو شتێک  باشترە. خۆتان سبەحەینێ لە جێگایەک گرد ببنەوە و چەند مادەیەک بنووسن کە وەکوو ئێوە  ئەڵین بۆ هەر دوو  لا باش بێت...."

تاقمی چوارەم کەسانێکن کە بە دوور لەهەر دوو ئاراستەی پێشوو، هەم پێوەندییە لۆکاڵییەکان و هەم پێوەندییە گلۆباڵ و جیهانییەکان دەخەنە پەراوێز و باسی هێزی خۆ و پشت بەستن بە خۆ و متمانە بەخۆیی دەکەن وا دەنوێینن کە دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی دانەمەزرابێ پووشی دەم بایە و بە هیچ کوێ ناگا.  

"چەند کەسیک هاتنە ژوورەوە. بەعزێک بە عەبای ماوی شین و فەقیانەی سپیی درێژ، سەروپێچی زل، گو ڵنگەی چەفتە هاتبوونە خوار، کاکۆڵ بەلای ملیاندا شۆڕ بووەتەوە، لەخەنە و وەسمەدا  مۆر بووە، بەعزێکی تر شەڕواڵ و مرادخانییان لەبەر کردبوو، پشتێنی شاڵیان بەستبوو، ... چوار پێنج  ڕیز فیشەکیان لە خۆیان دابوو. خەنجەر و دەمانچە بە قەدەوە دانیشتن و دەستیان کرد  بە قسە....

کوتیان ئێمە هەموو بۆچی چاکین، بە کەڵکی چی دێین، ئەمە چەند ساڵە عومرمان ڕابردووە، ئیتر ژیانمان بۆ چییە. نامانهەوێ یان ئەبێ هەر خۆمان  بین. جارێکی تر خۆمان ناکەین بە ژنی کەس. هەر سەری تۆمان  بۆ خۆش بێ ئیتر چاومان لە کەس نییە. بە خوا نە تورک و نە ئینگلیس ناهێڵن بە ڕەحەتی و سەربەستی دانیشین....گەورەکە زۆری پێ خۆش بوو..."

KURDŞOP
676 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!