"فەرهەنگی زارەکیی موکریان" ئینسایکلۆپیدیایەکی کولتووری

 به ڕوانین بۆ هەرکام لەو بەشانه، جودا له زانیارییەکی گشتی که خوێنەر دەستی دەکەوێ، شێوەی دروستی ڕستەسازی، دەکارکردنی وشه، جۆرەکانی ڕسته و ئاماڵڕسته و مەسەل له زمانی کوردیدا فێر دەبێ و شێوەی جێکردنەوەیان له دەقەکانیشدا دەخوێنێتەوه.

 

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە کرتە بکە

 

زۆرکەس تا ئێستا سەبارەت به گرینگیی فۆلکلۆر ڕایان دەربڕیوه و پێیان وابووه فۆلکلۆر زانستێکی مەلۆتکه و کەم تەمەنه، بەڵام کۆکردنەوەی کەرەستەکانی زۆر دژوار و جاری وایه دەست ­پێڕانەگەیشتوو و بزۆزه، چونکه ئەو گەنجینەیه تەنیا له خەیاڵدان و مێشکی کەسانی نەخوێندەوار و ڕەشۆکیییەوە هەڵدەهێنجرێ و به هیممەت و قۆڵ هەلماڵینی چینی خوێندەواری نەتەوەیەکەوه بەستراوەتەوه. چون ئەگەر له کۆکردنەوەی ئەو گەنجینەیەدا چاوپۆشی و خەمساردی بکرێ، مەترسیی ئەوه له گۆڕێدایه که بەشێکی له­بیر بچێتەوه (هەمان سەرچاوە) یا دەگەڵ مردنی بەساڵداچووانی فۆلکلۆرزان ئەو گەنجەش بچێته ژێر گڵەوه.

 لێرەدا دەتوانم بڵێم پایانیانی وەک فۆلکلۆرناسێکی بەئەزموون بەپێی کەرەسته و ناواخنی فەرهەنگی زارەکیی موکریان له دۆزینەوەی فۆلکلۆرزاناندا شارەزا بووه و له هەرکام بەپێی ئەزموونیان ئەو بەشەی ویستووه و هەڵێنجاوه که کەسی خاوەن­بەهره تێیدا شارەزا بووه. هەرکام له بەشەکانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان خاوەن­بایەخ و تایبەتمەندیی خۆیانن که پێویست نییه  لێرەدا هۆکاری گرینگایەتیی دانەدانەیان شی بکرێتەوه. بەڵام دەتوانم بڵێم زۆربەی "مەدخەلەکان" دەتوانن وەک مەدخەلی سەربەخۆی ئینسایکلۆپیدیایەکی کولتووری گشتی چاوی لێ­بکرێ. بگره زۆریەک لەو زانیارییانەی له هەندێک مەدخەلدا هەن لەچاو ئەو زانیارییانەی له ئینسایکلۆپیدیاکان­دا دەیانبینین زەنگینتر و تەنانەت پشتئەستوورتر به دەقی سەرەکین.

«زمانخەڵەتێنه»،«مەسەل»،«مەتەڵ» و «پەند»، کارکردێکی یەکجار بەربڵاوتر له بەردەنگانی بەتەمەن و خوێندەواری ئەو کتێبەیان هەیه. ئەو چەند بەشەش دەتوانن جودا لە پسپۆڕان و توێژەرانی بوارەکانی «بیرکردنەوەی گەلان»، بۆ بیرکردنەوەی ڕەشۆکیی خەڵکی کورد و   کۆمەڵ­ناسیی خەڵکی ئاسایی کورد و... بەکەڵک بن. لەوەش گرینگتر چواربەشی لەبارن بۆ پسپۆران و هۆگرانی ئەدەبی منداڵان، تا ئەوانیش پشکی خۆیان لەو خەرمانه سووره هەڵگرن.

لەنێو ئەو قالبانەی ئەدەبی منداڵاندا، هەندێک قالب که هەم تواناییی زەینیی منداڵ بەخۆیەوه قاڵ دەکا و هەم جموجۆڵێک له چەشنی پێشبڕکێ و کایه له نێو ئەو و هاواڵانیدا ساز دەکا، مەتەڵ و مەسەل و زمانخەڵەتێنه، وزەیەکی زۆر لەباریان هەیه. نووسەری ئەدەبی منداڵان، یا تەنانەت ڕاهێنەرانی منداڵان له قوتابخانەکان، دەتوانن به گوڵبژێری هەرکام له زانیارییەکانی ئەو بەشانە، بەرهەمێکی بەپێز و سەرنجڕاکێش بۆ ڕاهێنانی زمانی منداڵان، ڕاهێنانی زەینی منداڵان، پێوەندیی منداڵانی ئێستا لەگەڵ پێشینەی فەرهەنگی گەلەکەیان، پاراوکردنی تینوێتیی منداڵانە بۆ کایه و سازکردنی کەشی پێشبڕکێ و چالاکیی جەستەیی و حەول بۆ سەرکەوتن له مابەین منداڵان و ... ساز بکەن. هەر بۆیه ئەو بەشانەی فەرهەنگی زارەکی موکریان له بەشە زۆر بەنرخەکانی ئەو کتێبەن.

ل: لێکدراوەکانی ڕستەیی و ئاماڵڕستەیی

م: پێکهاتەکانی له چاوگ وەرگیراو

ن: لێکدراوەکان

س: مەسەل

ع: داوودەرمان

بۆ ئەو چەند بەشەش 8 لاپەڕه کەرسته و زانیاری کۆ کراوەتەوه. لێرەش باس لەسەر کارکردی وشه و زمان دێته ئاراوه، ئەو 8 لاپەڕەیەش زانیارییەکانی له 22 سەرچاوەی پەیوەندیدار به فۆلکلۆرەوه وەرگیراوه. واته هەم سەرچاوەی نووسراوی وەک توحفەی موزەفەرییەی ئۆسکارمان، ڕۆمانی میرزای فەتاح ئەمیری، ئاوێنەشکاوی هێدی، گێلەپیاوی عەزیزنەسین لە وەرگێڕانی عەبدوڵڵا حەسەن­زادە، چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز"ی هێمن و هەم دەقی زارەکیی وەک بەیتی "ناسر و ماڵماڵ" بەیتی "لاس و خەزاڵ"، بەیتی "لەشکری"، نەقڵی "ڕەسووڵی نادری"، و... وەرگیراون.

 به ڕوانین بۆ هەرکام لەو بەشانه، جودا له زانیارییەکی گشتی که خوێنەر دەستی دەکەوێ، شێوەی دروستی ڕستەسازی، دەکارکردنی وشه، جۆرەکانی ڕسته و ئاماڵڕسته و مەسەل له زمانی کوردیدا فێر دەبێ و شێوەی جێکردنەوەیان له دەقەکانیشدا دەخوێنێتەوه. لەلایەکی دیکەوه پەتایەکیش که به­گشتی داوێنی نووسینی زۆربەی ڕاگەیاندنە کوردییەکانی گرتۆتەوه، دیاردەی هەڵاتن له زمانی ڕەسەن یا نامۆبوون له زمانی ڕەسەن و پەنا بردن و کەڵک وەرگرتن له زمانی وەرگێڕان، بۆ نووسینی دەقی داهێنەرانەیە. مەبەست له زمانی وەرگێڕانیش ئەو زمانەیە که وشەکان هەموویان سەر به زمانی کوردین، بەڵام وەرگێڕدراوی ڕستەسازیی فارسی و عەڕەبی و ئینگلیسین و واتای کوردییەکان یان هەڵەیه یان ئەگەر واتاش بگەیەنێ، واتایەکی سەقەته.

بەشی هەره زۆری ئەو گرفتەش  بۆ ئاگادار نەبوونی چالاکانی ئەو بوارانە له ئەدەبی زارەکی و زمانی ئاساییی خەڵکی ڕەشۆکیی گەلی کورد دەگەڕێتەوه ، ئاگادار نەبوون بەسەر وشه و دەستەواژه و زاراوەکانی زمانی زارەکی، واته دوورکەوتنەوه له شێوە تێفکرین و دوان و ڕاوێژی ئەو خەڵکەی دەقیان بۆ بەرهەم دێ. ئەو دوورکەوتنەوەیەش هەم له ئاستی جۆری بیرکردنەوه و تێگەیشتن و هەم له ئاستی ڕستەسازی و پێک­هاتەی زمانیدا بەدی دێ که دواتر وەک سەرەکیترین هۆکاری پەیوەندییەکان ڕۆڵ دەگێڕێ. بۆ فێربوونی ئەو زمانه و مەنزوومەی واتا و بیر و بابەته پێوەندیدارەکان بەو زمانه رەشۆکییەوه، تەنیا ڕێگایەک لە­بەردەم نووسەران و ڕاگەیاندنەکاندا هەیە؛ ئەویش گەڕانەوه بۆ سەرچاوه سەرەکییەکانی ئەو زمانەیه، که خەڵک و له ئێستاشدا ئەو سەرچاوه نووسراوانەن که ئەو مەنزومه زمانییەیان تۆمار کردووه. چونکه وەکی دارمستتر، ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ، دەڵێ: کۆمەڵه وشەکانی رەشۆکیی خەرمانێک وشه و وتە دەگرێتەوه که له کتێبی نووسەرانی کۆندا نەهاتوون. بەڵکه ئەو وشه و وتانه لەسەر زار و زمانی خەڵکی ئاساییدان، بەڵام ڕەنگه ئەو پەیوەندییه نه بۆ خوێنەر و توێژەری ئەو بواره بلوێ و نه بشکرێ چاوەڕوانی ئەوەت لە نووسەران و چالاکانی بواری ئەدەب و ڕاگەیاندن بێ کە هەرکام ڕاستەوخۆ بۆ فێربوونی ئەو زمانە و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی، کەشکۆڵ بەشان لە شوێن وشە و ڕستەسازی و تەعبیری رەشۆکییدا بگەڕێن. بەڵکوو تاقمێک نووسەر، چ پێشتر و چ ئێستا، لە پڕۆسەی کارەکانی خۆیاندا حەولی کۆ کردنەوەی ئەو گەنجینەیەیان داوە و پێویستە وەک سەرچاوە ڕوو لەو بەرهەمانە بکرێ.

فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەکاتێکی هەستیاردا ڕێک­خراوە و خەریکە بەرگ بە دوای بەرگدا بڵاو دەکرێتەوە. لە دۆخێکدا کە زمانی کوردی لەلایەن ڕاگەیەنە گشتیییەکانەوە، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوا و شوناسی زمانی کوردی، ئەگەر نووسینی کوردی هەر لەسەر ئەو ڕەوتەی ئێستای بێ، بەرەو لاوازی دەچێ. ئەو فەرهەنگە 53 ساڵ پاش فەرهەنگی وشەی رەشۆکیی فارسی، کە لەلایەن جەماڵ­زادەوە بڵاو کراوەتەوە، دێتە ناو کتێب­خانەی کوردی­یەوە. نووسەرانی فارس ئەو کات ئەو کەلەبەرەیان لە زمان و نووسینیاندا هەست پێ­­کردووە و حەولیان بۆ داوە، هەرچەند پاش جەماڵزادەش بە دەیان کەس و یەک لەوان ئەحمەدی شاملوو، کاری بەپێزیان لەو بوارەدا کردووە، بەڵام بۆ زمانی کوردی، هەرچەند بە درەنگەوه­ ئەو کارە کراوە، زەنگینی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگەکە خەمی ئەو وەدرەنگ کەوتنەمان لەبیر دەباتەوه.

لە ئێستاڕا نووسەری کورد سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زمانیی لەبەردەستدایە کە ڕژاوڕژە لە هەموو ئەو کەرەستە زمانییانەی دەتوانێ لە دەربڕینی هەست و ویستیدا یارمەتیدەری بێ. ئەگەر نووسەرانی بەرەی نوێ تا ئێستا بەدەست کەم بوونی جەغزی وشەکانەوە، دەقەکانیان کورت و بێ­هێز بووە و ڕەخنەی ئەوەیان لەسەر بووە کە دەقەکانیان لاوازیی زمانیی پێوە دیارە، لەمەودوا بە دەبەردەستدا بوونی ئەم فەرهەنگە بەشێکی زۆر لەو گرفتانەیان دەڕەوێتەوە و دەتوانن چ لە دەقی داهێنەرانه و چ لە وەرگێڕان­دا ئەو فەرهەنگە وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو بکەنە سەرچاوە و پاڵپشتی دەقەکانیان.

KURDŞOP
764 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!