فەرهەنگی زارەکیی موکریان مەزنترین پڕۆژەی زمانی کوردی

کارە ناوازەکەی "مامۆستا سەلاح پایانیانی" بەردی بناخەی پڕۆژەیەک بوو بۆ سەرلەنوێ ناسینەوە و پێداهاتنەوە بە سامانی زمانی کوردیدا و بێگومان تایبەتترین پڕۆژەی زمانی و گشتگیرترین فەرهەنگی سەربەخۆی زمانی کوردییە کە تا ئێستا بە دەیان مامۆستای زمانناسی گەورە لە سەریان نووسیوە و ناساندوویانە

 

فەرهەنگنووسی لە زمانی کوردیدا لەگەڵ چەند ناوی مەزن دەستپێدەکا، "شێخ محەمەدی خاڵ"، "هەژار موکریانی"،"عەبدورەحمان زەبیحی"، "گیو موکریانی" و... کە بایەخی کاری هەرکام لەم نووسەرانە لەگەڵ یەک جودایە. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا زیاترین  کاریگەرییان لەسەر بەکارهێنەرانی فەرهەنگ و  زمان لە کوردستاندا هەبووە.

لە ڕۆژگاری ئێستادا فەرهەنگ نووسین لە ڕێچکەی خۆی  لایداوە و زۆربەی نووسەران یان بە واتایەکی باشتر کۆکەرەوەکانی وشە و ئیدیۆم و... بێ ئەوەی کەمترین ئاگادارییان لە زمان و فەرهەنگ نووسین هەبێ خەریکی وەرگێڕانی فەرهەنگە فارسی و ئینگلیزی و فەڕانسییەکانن بۆ سەر  زمانی کوردی. هەر بۆیە کارێک کە دەبێ فەرهەنگنووس بیکا، لە بەرهەمی ئەوانەدا نابیندرێ و بە هەزاران هەڵەی قەبە و بچووکیش لە بەرهەمەکانیاندا هەیە. ئەگەر بمانهەوێ نموونە بێنێنەوە دەبێ توێژینەوەی سەربەخۆی بۆ  تەرخان بکەین و لە نووسینەکانی دواتردا حەول دەدەین چەند نموونە لەو فەرهەنگە وەرگێڕدراو و سەقەتانە بناسێنین.

بەڵام لەو شێواویی پانتای نووسینەدا، حەولێکی جیددی و تاقانە خۆیا بوو کە هیوای خستە دڵی هەموو هۆگرانی زمانی کوردییەوە. کارە ناوازەکەی "مامۆستا سەلاح پایانیانی" بەردی بناخەی پڕۆژەیەک بوو بۆ سەرلەنوێ ناسینەوە و پێداهاتنەوە بە سامانی زمانی کوردیدا و بێگومان تایبەتترین پڕۆژەی زمانی و گشتگیرترین فەرهەنگی سەربەخۆی زمانی کوردییە کە تا ئێستا بە دەیان مامۆستای زمانناسی گەورە لە سەریان نووسیوە و ناساندوویانە.

ئەو پڕۆژەیە زیاتر لەوەی کارێکی تاکەکەسی بێ دەکرێ بە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ناوی ببردرێ. هەرچەند لە کردوکۆشی تەنیا یەک کەس و ئەویش "مامۆستا سەلاحی پایانیانی"یەوە هەڵقوڵیوە، بەڵام لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا پڕۆژەی وا قەبە و دەوڵەمەند و خاوەن مێتۆد، دەوڵەت پشتیوانیی دەکا و بنکە و دامەزراوەی بۆ تەرخان دەکا.

لەم پڕۆژە مەزنەدا تا ئێستا "سەلاح پایانیانی" زیاتر لە پازدە بەرگ و نزیکەی سی هەزار لاپەڕەی وەسەر خەرمانی زمانی کوردی خستووە. لە درێژەدا هێندێک تایبەتمەندیی ئەو پڕۆژە گەورەیە دەخەینە ڕوو:

    فەرهەنگی زارەکیی موکریان ئەگەرچی سەرەتای فەرهەنگنووسیی کوردی نییە، بەڵام دەتوانین بەپێی هەندێک ئاماژە و نیشانە، کە لە درێژەی ئەو نووسینەدا دەیانخەینە ڕوو، بڵێین یەکێک لەو هەنگاوە جیددی و خاوەن مێتۆدانەیە کە لە بواری کاری فەرهەنگنووسیی کوردیدا هەڵگیراوە. کارێکی بەردەوام کە تا ئێستا 12 بەرگی لێ بڵاو کراوەتەوە و چەند بەرگی دیکەشی بەدوادا دێ. سەرەتا پێویستە بەراوردێک لە نێوان دۆخی فەرهەنگ نووسین لە وڵاتانی دیکە و لە کوردوستاندا بکەین و دووهەم، جۆری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دیاردەیەکی گرینگی وەک فەرهەنگنووسیی لە پانتای نووسینی کوردیدا لە بەر تیشکی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدان ڕوون کەینەوە. بەهۆی ئەوەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان، هەروەک لە ناوەکەیڕا دەردەکەوێ فەرهەنگی زارەکیی ناوچەیەک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستانە، ڕەنگە هەڵسەنگاندنی قەبارە و شێوەی نووسینیشی هەر لەگەڵ ئەو فەرهەنگانە ڕاستتر بێ کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراون. لەو فەرهەنگانەی لەو پارچەیەدا نووسراون هەنبانەبۆرینەی هەژار وەک فەرهەنگێکی جیددی و بڕواپێکراو لەلایەن خوێنەرانەوە پشکی یەکەمی پێ دەبڕێ. هۆکار بۆ ئەو مەڵڵایەتی و سەرەتی دانە زۆرن و ئەگەر بمهەوێ ئاماژە بە چەند خاڵ بکەم دەتوانم ئەو خاڵانەی خوارەوە دەستنیشان بکەم:

    یەکەم: کەسایەتی و توانای قەڵەم و ئیعتباری نووسینی نووسەری هەنبانەبۆرینە، واتا مامۆستا هەژار دەتوانم بە خاڵی سەرەکی ناودێر کەم. بەسەرنجدان بەوەی کەرەسەی سەرەکیی و هێزوپێزی فەرهەنگێک لە وشە و زاراوە زمانیییەکان پێک دێ، پێویستە کەسی فەرهەنگنووس بۆخۆی دەسەڵات و ئاگاداریییەکی بەربڵاوی بەسەر زماندا هەبێ. ئەوەش دەتوانێ بە زۆر هۆ پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، کە ڕەنگە ساکارترینیان بۆ نووسەران و بەردەنگەکانی کورد ئەوە بێ کە بەردەنگ دەبێ وەک سەرچاوەیەکی زمانی بگەڕێتەوە سەر فەرهەنگێکی وشە کە ئیعتبار و بەقای زانستی و زمانیی هەبێ. ئەوەش بەتایبەت بۆ زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر ئەگەر نەشڵێین تاقانە ڕێگا، لانیکەم ساکارترین ڕێگای، ئیعتباری نووسین و توانایی نووسەری فەرهەنگەکەیە. ناو و نووسینی هەژار ئیعتباری گەورەتر لەوە بوو، خوێنەران لانیکەم لە ساڵان و تەنانەت دەیەی یەکەمی دوای بڵاوبوونەوەشی دڕدۆنگی لە ئیعتبار و تەنانەت قەبارە و بەربڵاوییەکەشی بکەن. ئیعتبارێک کە تا ئێستاش سەرەڕای هەندێک ڕەخنە لە شێوازی کارەکەی و بەرتەسکیی جەغزی وشەکانی، هەروا ناوی هەنبانەبۆرینەی وەک یەکێک لە سەرچاوە خاوەن بایەخەکان بۆ وشەی کوردی پاراستووە.

    دووهەم: بەپێی بەربڵاویی جەغزی وشە و دەستەواژە، ئەو زاراوانەی فەرهەنگەکە گرتوویەتی، زاڵ بوونی نووسەر بەسەر شێوەزاری ئەو ناوچانەی وشە و کەرەسەکانی لێ خواستووەتەوە دیسانەوە بایەخ و ئیعتبارێک بە فەرهەنگەکە دەبەخشێ. بۆ وێنە بەهۆی زاڵ بوونی مامۆستا هەژار بەسەر زۆربەی شێوەزارەکانی کوردیدا، خوێنەر بێ دڵاودڵ کردن بڕوا بە گەڕانی خۆی بۆ دۆزینەوەی واتای دروست، لە هەموو ئەو وشانە دەکا کە فەرهەنگ گرتوویەتی. سەرەڕای ئەو ئیمتیازەی هەنبانەبۆرینە هەیەتی، هەر لە ساڵانی دوای چاپ بوونی فەرهەنگەکەوە، نووسەران و زمانناسانی کورد لەپێشدا ئەو خاڵەیان لەکاتی گەڕانەوە بۆ هەنبانەبۆرینە وەک سەرچاوە هاتەبەرچاو کە ئەو فەرهەنگە نە تەنیا هەموو وشەکانی زمانی کوردیی نەگرتووەتە خۆ، (واتە وشەی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی)، بەڵکوو هەموو ئەو وشانەشی لەخۆ نەگرتووە کە لە زاراوەی سۆرانیدا هەن، ئەگەرچی سۆرانی زاراوەی سەرەکیی فەرهەنگەکەیە. هەر بۆیە پاش چاپ بوونی ئەو فەرهەنگە، بەشێک لە گۆڤاری سروەدا کراوە بە ناوی قامووس کە هەرجارەی چەپکێک وشەی تێدا تۆمار دەکرا کە لە هەنبانەبۆرینەدا یان نەهاتبوون یان لانیکەم یەکێک لە واتای وشەکانی تۆمار نەکردبوو. دواتر ئەو ڕەوتە چەند بەرهەمی لێ کەوتەوە کە وەک قامووس تەنیا ئەو وشانەیان تۆمار کردووە کە لە هەنبانەبۆرینەدا نەهاتوون و هەر ڕێبازەکەی ئەویشیان ڕەچاو کردووە. ئەو بەرهەمانە بریتین لە: گوڵچنینەوە(عەبدوڵڵا حەسەنزادە)، فەرهەنگی ڕێژگە(ئەمین گەردیگلانی) و فەرهەنگی ناهید(محەممەد ناهید). ئەگەرچی گوڵچنینەوە شێوازی کارەکەی هەندێک لەو دوو بەرهەمەی دیکە جیاوازە.

    بێگومان مامۆستا هەژار هەر ئەوکات کە هەنبانەبۆرینەی ئامادە کردووه، بە هۆی زاڵ بوونی بە سەر زاراوە کوردییەکاندا و تواناییی خۆی لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا، زانیویەتی کە ناکرێ ئەو فەرهەنگەی ئەو، چ لە باری شێوازەوە و چ لە باری قەبارە و چەندایەتییەوه، بێ کەموکووڕی بێ و تەنانەت بە نووسراوەش لە نامەیەکدا ئەو شتە دەدرکێنێ: "ئەگەر تووشی شتێک هاتی کە لە لای تۆش بەو مانایە شتێک هەبوو، من نەمنووسیبوو لای خۆت یادداشتیان بکە. چونکە ئەوە یەکەمین کارە لەم بارەوە وا بە پانوبەرینی دەس پێکراوە، بەڵام ناتوانم بێژم سەری گیراوە، بە هومێدم ببێتە بناغەیەکی فەرهەنگی دواڕۆژمان و دیارە دەبێ هەرکەس دەتوانێ لەبەرخۆیەوە هەوڵی بۆ بدا و تەواوی بکەن."

 هەرچەند هەژاریش وەک شێخ محەممەدی خاڵ پێی وابووە بۆ یەکەم جارە کاری لەگوێن کاری ئەو دەکرێ، بەڵام ئەویش زانیویەتی کە فەرهەنگنووسی دوارۆژ پێویستە بناغەیەکی بۆ کارەکەی هەبێ و ئەو بناغەیەش هەنبانەبۆرینەی ئەوە. مامۆستا هەژار بۆخۆی هەرچەند فەرهەنگی خاڵی وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی دەستنیشان کردووه، بەڵام وەکی باسی دەکەین هەموو وشەکان و هەموو واتا و ڕاڤەکانی خاڵی نەگرتووە، بێشک ئەگەر فەرهەنگنووسی داهاتووش هەر ئەو کارە دووپات کاتەوە دیسان کەلەبەر دەمێنێتەوە بۆ پڕ کردنەوە. سێ کاری پاش هەنبانەبۆرینە، واتە گوڵچنینەوە و ڕێژگە و ناهید، هەرسێکیان هەڵبەت وەکی دانەرەکانیان باسیان کردووە و ڕاستییەکەشی هەر وایە؛ فەرهەنگی کامڵ نین، بەڵکوو هەنگاوێکن بۆ پڕ کردنەوەی بۆشایییەکانی هەنبانەبۆرینە. حەسەنزادە سێ دەستە وشەی لە فەرهەنگۆکەکەیدا کۆ کردووەتەوە. یەکەم ئەوانەن کە لە هەنبانەبۆرینەدا نەهاتوون. دەستەی دووهەم ئەو وشانەن کە لە هەنبانەبۆرینەدا هەن، بەڵام لە  کوردیدا مانای دیکەشیان هەیە. سێهەم دەستە ئەوانەن کە ماناکەیان لە فەرهەنگی مامۆستا هەژاردا بە دروستی لێک نەدراوەتەوە هەر ئەو ڕێڕەوەی حەسەنزادە لە لایەن گەردیگلانی و ناهیدیشەوە ڕەچاو کراوه، بەو جیاوازییەوە کە ئەوان کەمتر ئاوڕیان لە دەستەی سێهەمی ئەو وشانە داوەتەوە کە حەسەنزادە باسی دەکا. وشەکانی حەسەنزادە زۆربەی هەرە زۆریان وشەی ئاشنا بە زەین و بیری ئێمەن، هەر بۆیە لە هێنانەوەی شایەد و نموونە خۆی پاراستووە و تەنانەت مانای فارسی وشەکانیشی تۆمار نەکردووە، هۆیەکەشی بۆ تەنیاباڵ بوون و دژواریی دۆزینەوەی بەرانبەری فارسی گەڕاندووەتەوە.

    لە زاراوەکانی دیکەشدا فەرهەنگی باشوور لەلایان عەباسی جەلیلیانەوە کە تایبەت بە وشە و زاراوەی گۆرانی و لوڕی و لەکییە بڵاو کرایەوە. ئەو فەرهەنگە بەشێک لە وشەکانی مەڵبەندی کرماشان و ئیلام و لوڕستانە. ئەو کارەی جەلیلیان لە دوو بارەوە جێگای سەرنجە؛ یەکەم ئەوەی وەکی خۆی دەڵێ یەکەم فەرهەنگە کە بەشێک لە وشەکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان لەخۆ دەگرێ و دووهەمیش ئەوەیە کە  لەو فەرهەنگەدا گەلێک وشەی نووسراوەی باشور پیتی"ل" و "گ"ی لە پاڵ دەست نووسراوە. دانەر بەو کارەی وشە لەکی و لوڕی و گۆرانییەکانی لێک جودا کردۆتەوە. ئەوەش کارێکە کە سێ فەرهەنگۆکەکەی پاش هەنبانەبۆرینە نەیانکردووە.

    کەواتە کاری نووسینی فەرهەنگ لە زمانی کوردیدا هێشتا ڕێگایەکی دوورودرێژی لەبەرە. ئەوەش پشوویەکی درێژ و کاتێکی زۆری دەوێ، تا سەرەتا فەرهەنگی هەرکام لە زاراوەکانی زمانی کوردی لەلایەن ئاخێوەرانی ئەو زاراوانەوە بنووسرێ. پاشان فەرهەنگنووسێکی پشوودرێژ و زاڵ بەسەر هەموو زاراوەکاندا، لەکۆی فەرهەنگۆک و فەرهەنگەکان، فەرهەنگی گشتگیری زمانی کوردی بنووسێ، بۆوەی خوێنەر و نووسەری کورد ناچار نەبێ بۆ دۆزینەوەی هەر وشەیەک لە یەکێک لە زاراوەکانی زمانی کوردیدا، بگەڕێتەوە سەر یەکێک لە فەرهەنگەکان و بواری فەرهەنگنووسیی کوردییش لەو ئاڵۆزیی و پرشوبڵاویییەوە، بەرەو ناوەندێتی و یەکگرتووییەک هەنگاو بنێ.

    زۆر جار لە پشکنینی فەرهەنگە کوردیییەکاندا دیاردەیەک بەرچاو دەکەوێ کە دەتوانێ وەک خەسارێک بۆ هەموو فەرهەنگەکان بێتە ئەژمار. ئەویش نەدیتن و پشتگوێ خستنی کاری یەکترە، ئەگەرچی بەئەنقەستیش نەکرابێ. ئەگەر هەنبانەبۆرینەی هەژار بە نموونەیەکی خاوەن ئیعتبار بزانین، پێویست بوو، هەژاری فەرهەنگنووس، فەرهەنگەکانی پێش خۆی و بۆ وێنە فەرهەنگی خاڵ و قامووسی زبانی کوردیی دیتبێ و ئەوانی وەک بنەما وەرگرتبێ. فەرهەنگەکەی ئەو ساڵی 1369 بڵاو کراوەتەوە، کەواتە دەبووایە کۆی وشەکانی فەرهەنگی خاڵ کە ساڵی 1976 و قامووسی زبانی کوردی کە ساڵی 1367 چاپی دووهەمی بڵاو کراوەتەوەی تێدا بێ. هەروەها فەرهەنگی ئێدیۆمی کوردی لە نووسین و ئامادە کردنی عەبدولوەهاب شێخانی کە ساڵی 2009 چاپ کراوە پێویست بوو کۆی ئیدیۆمەکانی ناو فەرهەنگەکانی پێش خۆی و بۆ نموونە خاڵ و هەنبانەبۆرینە و قامووسی زەبیحیی تێدا بێ. ئێستا چەند نموونە لە هەر کام لەو فەرهەنگانە دێنینەوە کە ئەو گریمانەیە ڕەت دەکاتەوه کە دانەری ئەو فەرهەنگانە کاری   یەکتریان بە وردی پشکنیبێ و وەک بنەما وەریانگرتبێ:

پێشمامان: ئافرەتێکە لە بەرەی زەیستانەوە دائەنیشێ بۆ لەنگەر گرتنی لەکاتی مناڵ بوونیا(خاڵ، ژێر نێرتکی پێشمامان) کە هەنبانەبۆرینە نەیگرتووە.

تەڕەکاڵ: گەنمی بەراو(خاڵ؛ ژێر نێرتکی تەڕەکاڵ).

تەڕەکاڵ: شێو کردنی زەوینی باران لێباریو(هەنبانەبۆرینە؛ ژێرنێرتکی تەڕەکاڵ) واتە هەنبانەبۆرینە واتاکەی خاڵی نەگرتووە.

ناویرە: ناوازە(ژێر نێرتکی ناویرە) کە هەنبانەبۆرینە نەیگرتووە.

پاچنار: خاڵ گرتوویە و هەنبانەبۆرینە نەیگرتووە.

بارخانە کردن: قامووسی زبانی کوردی گرتوویە و هەنبانەبۆرینە نەیگرتووە.

بارنەبردن: قامووسی زبانی کوردی گرتوویە و هەنبانەبۆرینە نەیگرتووە.

باریک و بنێسی: هەنبانەبۆرینە گرتوویەتی و فەرهەنگی ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا نەیگرتووە.

بن کلک خوراندن: فەرهەنگی ئیدیۆم مانای دووهەمی ئەو ئیدیۆمەی نە گرتووە کە هەنبانەبۆرینە گرتوویەتی.

پاپیاساوین: فەرهەنگی ئیدیۆم مانای دووهەمی ئەو ئیدیۆمەی نەگرتووە کە هەنبانەبۆرینە گرتوویەتی.

    ئەوانە هەشتێک لە مشتێکن لە چاو نووقاندنی فەرهەنگنووسانی کورد لە بەرهەمەکانی یەکتر،کە بۆتە هۆی ئەوەی هەرکامیان بە تۆمار نەکردنی هەموو گەنجینەی وشەکانی پێش خۆیان، بۆشایی لە کاریاندا هەبێ. بۆ وێنە ئەگەر مامۆستا هەژار بەو چاوە دە فەرهەنگەکانی شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا زەبیحی و... فکریبا، بێشک هەنبانەکەی پڕتر و بازنەی وشەکانی فراوانتر دەبوو. فەرهەنگی زارەکیی موکریان بە زۆر هۆ کە لە درێژەی ئەو نووسینەدا ئاماژەیان پێدەکرێ، کەمتر لە هەموو ئەو فەرهەنگانەی ئاماژەیان پێ کرا،  ئەو خەسارانەی پێوە دیارە. هەرچەند سەلاح پایانیانی وەک دانەری ئەو فەرهەنگە لە پێشەکیی بەرگی یەکەمدا گوتەیەک لە ئەحمەدی شاملوو دەگێڕێتەوە تا بەجۆرێک پاساو بۆ ئەوە بێنێتەوە کە ڕەنگە فەرهەنگەکەی ئەویش کەموکووڕیی هەبێ. بەڵام سەرەڕای ئەو گوتەیەش کە دەڵێ: ئەگەر بڕیار بووایە ئەوەندە ڕاوەستم هەتا کارەکەم کەموکووڕیی نەمێنێ و عەیبی لە ڕوو هەڵگیرێ، ئەو کتێبە قەت قەت خەلاسیی نەدەهات. فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەڕووی بازنەی وشە و زاراوە و پەند و مەسەل و مەتەڵ و لێکدراوەوە، لانیکەم تا ئێستا، دەوڵەمەندترین و خاوەن مێتۆدترین فەرهەنگێکە کە بە زمانی کوردی نووسراوە کە دواتر لەسەر زۆریەک لەو بەشانە دەدوێین و باسیان لەسەر دەکەین.

...............

بەشی دوو:

"فەرهەنگی زارەکیی موکریان" ئینسایکلۆپیدیایەکی کولتووری

KURDŞOP
862 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!