"سروودێک بۆ ئیبڕاهیم" له‌ودیوی تارماییه‌‌کانه‌وه‌

ڕۆمانی "سروودێک بۆ ئێبڕاھیم" لە نووسینی "عەزیز مەحموودپوور"، گێڕانه‌وه‌یه‌که‌ چارەنووسی تاقمێک کاراکتەرمان، له ‌چوارچێوه‌ی ده‌قێک به‌ زمانێکی پاراوه‌وه‌ بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، کە ژیانیان ھەر یەکەی بە شێوەیەک پێکەوە ده‌لکێ. ھەر کام لەو کاراکتەرانەش بۆخۆیان گیرۆدەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەروونین و دۆخی دەرەکی و دەروونیی کەسایەتییەکان لەسەر ھیچ زامێکیان ناحەجمێ.

 

گێڕانەوەی ڕووداوەکانی کۆمەڵگایەک بە شێوەی هونەری و لە چوارچێوەی ڕۆماندا، کارێکی دژوار و تاقەت پڕووکێنە.  زۆر نووسەر حەولیان داوە ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەوروبەری خۆیان جارێک لە فیلتێر و پاڵوێنەی زەینی خۆیان دەن و بە  شێوەیەکی هونەری بیانگێڕنەوە. لەو گێڕانەوانەدا نووسەری بەتوانا،  نایە ڕووداوەکانی دەوربەری کۆپی بکا، یان بە شێوەیەک کەسایەتییە بەردەست و ناسراوەکان جارێکی دیکە و بە شێوەیەکی ئاماڵ بیرەوەری  بگێڕێتەوە، چون ئەوە کارێکە هەر نووسەرێک دەتوانێ بیکا؛ بەڵکوو بە سەرچەشن سازکردن،  کەش و فەزایەکی هاوشێوە دەخوڵقینێ و لەو کەش و فەزایەدا کەسایەتیی خۆی ساز دەکا کە نموونەی دەرەکییان نییە. واتە ئەگەر کەشی کۆمەڵایەتی کراوە یان داخراوە، ئەگەر باری ئابووری بڕەوی هەیە یان کەسادە، ئەگەر گوشار لەسەر چینەکانی کۆمەڵگا ز ۆرە یان کەمە،  ئەوانە لە کەشی  دیسان خوڵقیندراو ی نووسەری داهێنەردا خۆ دەردەخەن. کەشێک کە تەواو کەشی بەرچاو نییە بەلام دەکرێ بە دونیای واقیعیدا کەش و کەسی وا بووبن.

لە نووسینی غەیرە  ڕئیالیستیدا باسەکە بە جۆرێکی دیکەیە و کەسەکان  و تەنانەت کەش و فەزاش جیاوازیی هەیە. بۆ نموونە نووسەری خاوەن شێواز و بە توانای وەک "شێرزاد حەسەن" چ لە ڕۆمانی "حەسار و سەگەکانی باوکم"دا و چ بۆ وێنە لە کورتە چیرۆکی "عیزڕائیل"دا، ڕاستییە بەرچاوەکانی کۆمەڵگای کۆپی نەکردووە، بەڵکوو نموونەیەکی دیکە لە ژیان و کەشی کۆمەڵایەتیی ساز کردووە. کەشیکی نێر سالار و باوک سەروەر، کە تێیدا ژن هیچ نییە جگە لە ئامرازی سێکس و کوڕان و کچانیش لەو نێوەدا بووکەڵەی دەستی ئەو دەستەڵاتەن. ئەو جۆرە نووسینە لە ڕووحی کۆمەڵگا نزیکە و دووریشە. نزیکە چون جەوهەری بابەتەکە لە کۆمەڵگادا حوزووری هەیە و دووریشە چون کارێکی داهێنەرانەیە و لاسایی ئولگووی دەرەوە نەکراوەتەوە. زۆربەی هەرە زۆری کارەکانی نووسەری بە ئەزموون "بەختیار عەلی"یش، ئەو تایبەتمەندییەیان  هەیە. چ لە کارە سەرەتاییەکانیدا وەک "مەرگی تاقانەی دووەم" و "ئێوارەی پەروانە" و چ لە کارەکانی دواتریدا وەک "کەشتیی فریشتەکان"  و "هەورەکانی دانیال" و چ لە دوا بەرهەمیدا واتە "بەندەر فەیلی"، حەولی داوە فەنتازیا و واقیع وا تێک هەڵبکێشێ کە خوێنەر هەم چێژ لە لایەنی خەیاڵی و داهێنەرانەی دەقەکانی بەرێ و هەم واقیعیش بە ڕەگ و ڕیشەکانیدا بناسێتەوە. ئەگەر  لە نووسینی ئەودا، شوێن و تەنانەت جاری وایە کات زۆر دیار نین، ئەوە نەخشاندنی واقیعەکە هێند بە هێز کراوە کە هەم جواغڕافیای تێدا دەناسییەوە و هەمیش ڕێکەوت و ڕووداوەکان دەزانی دەچنەوە کام قۆناخی ژیانی مرۆڤی کورد. ڕاست وەک "مەسخ"ی "فرانتس کافکا" کە ئەگەرچی کات و شوێن دیار نین، بەڵام کات و شوێن زۆریش ون نین، ئەوە لە ڕێگای فەزای چیرۆکەکەوە ئەو سەردەم و جوغڕافیایە دەناسرێتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بەرهەمی نووسەری بە توانا "عەزیز مەحموودپوور" ئەو تایبەتمەندییەی هەیە، بەتایبەت ئەو نووسەرە لە ڕۆمانی "سروودێک بۆ  ئیبڕاهیم"دا، هەم خەریکە سەردەمێک لە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤی کورد دەگێڕێتەوە کە لەوپەڕی ژێردەستەیی و ئازار دابوون و هەم کەسایەتییەکان وەک خودی کەشە کۆمەڵایەتییەکە تەمومژاوین. ئەو ڕۆمانە بەمەزەندە گێڕانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دەیەی شەستی هەتاویی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە لەباری سیاسییەوە سیستەمێکی داپڵۆسێنەر زاڵ بووە و لەباری کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییەکان گەرموگوڕ و ئاراستەیان سیاسی  بووە. هەم ترس و خۆفی زاڵ بە سەر کەسایەتییەکان دەبینین و هەم شێوەی ڕووبەڕوو بوونەوەی دەزگا ئەمنییەکان لە ڕۆمانەکەدا هەست پێ دەکرێ. لە لایەکی دیکەوە دۆخی بەندییەکان و کەشی بەند کرانی مرۆڤی کورد لەو سەردەمەدا بەشێک لە گێڕانەوەی نووسەری بۆخۆی تەرخان کردووە.

ڕۆمانی "سروودێک بۆ ئێبڕاھیم" لە نووسینی "عەزیز مەحموودپوور"، گێڕانه‌وه‌یه‌که‌ چارەنووسی تاقمێک کاراکتەرمان، له ‌چوارچێوه‌ی ده‌قێک به‌ زمانێکی پاراوه‌وه‌ بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، کە ژیانیان ھەر یەکەی بە شێوەیەک پێکەوە ده‌لکێ. ھەر کام لەو کاراکتەرانەش بۆخۆیان گیرۆدەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەروونین و دۆخی دەرەکی و دەروونیی کەسایەتییەکان لەسەر ھیچ زامێکیان ناحەجمێ. بگێڕەوەش ڕێک وەک کاراکتەرەکان جاری وایە لە پاڕاگرافێکدا چیرۆکی کێشەی دوو کاراکتەر و بگرە زیاتریش تێکەڵ دەکا و حەول دەدا ئاڵۆزیی ژیانی ئەو مرۆڤە شڵەژاوانە بە پێکھاتەیەکی ناڕاستەوخۆ و ناتەریب  ده‌رببڕێ.

خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا لە چه‌ق و ناوه‌ندی مەنشووری دەقدا دەوەستێت و وەک ڕاوچیی واتا، دەبێ ھاوکات چاوی بە شوێن چیرۆکی چەندین کەسایەتیی وەک "سەید حەسەن" و "ئیبراھیم" و "سەعادەت" و "ڕەحمەت" و هتدەوە‌ بێت و حەول بدا لزگەی ئاڵۆزی ژیانی ئەو کەسایەتییانە دیسان بھۆنێتەوە و ئەو ڕەنجانەی وەک گرێی چیرۆک، بوونەتە ھێزی بزاوتنی دەق، بدۆزێته‌وه‌ و  حەول بدا چوارچێوه‌ی تێگەیشتنی گریمانه‌ییی خۆی لە گەڵ جووڵەی دەق بەراوەرد بکا.

فەزا و کات و شوێنی چیرۆکەکەش ڕێک وەک کەسایەتیەکان، تەمومژاوی و بوومەلێڵە و جگە لە چەند شوێن وەک "تاران" و "رەزایە" و "سابڵاغ" و... بەردەنگی لێھاتوو دەبێ حەول بدا بە پێی دیاردەگەلی وەک زاراوە، مەتەڵ و جلوبەرگ و باقی ئاماژه‌ و نیشانه‌کان، شوێن و کاتی ڕووداوەکان بدۆزێتەوە.

خوێنەری ئەو دەقە دەبێ ڕاوچییەکی لێھاتوو بێ بۆ دۆزینەوەی ھێڵی ڕاستەوخۆی دەق، ئەویش لە نێوان ژیانی ئاڵۆزکاوی کەسایەتیە پەرێشان و سەرلێشێواوەکاندا و بەتابشت بێ بۆ ڕاوی ناخی واتا و سه‌ره‌داوی ڕووداوه‌کان...

نووسه‌ر حه‌ولی داوه‌ چه‌ند گێڕانه‌وه‌ی جاری وایه‌ ته‌ریب و جاری وایه‌ لێک جودا، له‌ چه‌ند تاقم له‌ که‌سایه‌تییه‌کان بخاته‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ر. له‌ لایه‌ک که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی تاکه‌که‌سی و گرێی سه‌ر ڕه‌وتی ژیان و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ ده‌بێته‌ هێڵێک بۆ بیرکردنه‌وه‌ و به‌ دواداچوون و له‌لایه‌ک که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی به‌شێک له‌ ژیانی ئه‌و کاراکته‌رانه‌ ده‌گێڕێته‌‌‌وه‌ که‌ گیرۆده‌ی دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تین.

‌ خوێنه‌ر له‌و نووسینه‌دا، وه‌کی "ژێنێت" ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ ئاسته‌ تێپه‌ڕێنێ ده‌سکه‌وتێکی باشی ده‌بێ و چێژێکی شیاو له‌ ده‌ق وه‌رده‌گرێ. لە ئاستی یەکەمدا زنجیرەی ڕووداوەکان و ڕیزبەندی ئەوان بە پێی کاتی ڕاستەقینەی جیا لە چیرۆک لە بەرچاوە کە بڕیارە لە دەقێکدا بە ئاڕایشی کات بێچم بگرێ.

لە ئاستی دووھەمدا دەقی گێڕدراوەمان لەبەر چاوە. واته‌ ڕیزبەندی ڕووداوەکان بەو جۆرەی کە لە دەقدا ھاتوون و بەردەنگ دەتوانێ بۆخۆی ساغیان کاتەوە و لێیان تێ بگا و زنجیرەی ڕووداوەکانیش بە پێی کاتی ڕاستەقینە نیە و بۆی ھەیە کات بە شێوەیەکی پەرێشان دەرکەوێ و تەکنیکی گێڕانەوە لزگەی زەمانی ڕووداوەکانی تێک دابێ. بەردەنگ لەو ئاستەدا بۆخۆی شوێن پێی ڕووداو ھەڵدەگرێ و زنجیرەی ڕووداو ساغ دەکاتەوە.

لە ئاستی سێھەمدا، پڕۆسەی ئەفراندنی چیرۆک لەبەر چاو دەگیرێ، واتە ئەو کردەوەیەی کە نووسەر بۆ گێڕانەوەی دەق ئەنجامی داوە.

به‌ هۆی ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ له‌و ڕۆمانه‌دا له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌کی خه‌تی لای داوه،‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازیش ده‌توانێ زۆر لایه‌نی شاراوه‌ی ڕۆمانه‌که‌ وه‌ده‌ر بخا.  بۆ خوێندنه‌وه‌ و شیکاری به‌ هۆی پێکهاتهی‌ گێڕانه‌وه‌ و که‌شی زاڵی ناو ڕۆمانی "سروودێک بۆ ئیبڕاهیم" له‌ نووسینی نووسه‌ری زمان پاراو "عه‌زیز مه‌حموود پوور" ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌ ڕێگاکانه‌ و ڕه‌نگه‌ خوێنه‌رانی ئه‌و ده‌قه‌ ‌به‌ ئاراسته‌ی دیکه‌وه‌ زۆر ڕێگای تریش پاش خوێندنه‌وه‌ی ‌‌ پێشنیار کەن.

KURDŞOP
1087 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!