مەهاباد  قەرەداغی و سێ وەرزی ژوان – بەشی دووهەم

نووسەر بە ساز کردنی کەشێکی ئەفسووناوی کەسایەتییەکی خستووەتە ڕوو کە نوێنەری ژنانە. ژنێک کە بە پەرجۆیەک ئەوی لە چاڵی ڕابردوو دابڕیوە و لە ئێستای هەسارەیەکی دیدا، لە ڕووناکی دەگەڕێ.

لەیلا ساڵحی

 

کتێبی "ئازاد کردنی مێژوو"ش وەکی پێشتر باسی کرا بە تێر و تەسەلی لە ژان و کێشەکانی ژنانی کوردی کۆڵیوەتەوە و توێژینەوەیەکی باشە کە هەژدە ساڵ لەمەوبەر چاپ بووە.

رۆمانەشیعری "ئەڤین ئاوی ژیانە"ش هەر لەسەر ئەو هێڵە فکرییە داڕێژراوە. لێرەدا تەنیا ئاوڕ لە پێشەکییەکەی دەدەمەوە و قسە و باسی زیاتر بۆ کاتێکی دیکە هەڵدەگرم.

ئەو کتێبە بە شێوەیەکی نەباو دەست پێدەکا:

شوێن: ئۆرانووس

کات: کە بیر لە تۆ دەکەمەوە، هەموو کاتێک

نامەی: ژمارە هەزار و یەک

بەناوی تۆی مەزن و میهرەبان

لاس گیان! وێڕای قووڵترین ماچ

ئەوە دەستپێکی نامەیەکە، کە ڕاوی لەسەرەتای گێڕانەوەکەدا، خوێنەری پێ بانگێشتن دەکا بۆ ناو دەقەکەی. ئەو سەرەتا و پێشەکی و نامەیە، بەشی یەکەم یا بەراییی ڕۆمانە شیعرێکە کە تێیدا، دۆخی سەرەتایی و کەسایەتییەکانی مەبەستی، لە ڕێی ئەو وردە گێڕانەوانەی لەو نامەیەدان دەناسێنێ.

راوی هەر لەسەرەتاوە لە ڕێیەکی دژوار دەدوێ کە ئاکامەکەی بۆتە پەناهەندە بوون بۆ هەسارەی ئۆرانووس. دەنووسێ لەوێ لە قوتابخانەی هەتاو خەریکی وانە خوێندنە. پاشان بە زمانێکی شاعیرانە وەسفی شوێن دەکات: "لەو هەسارەیەدا زمانی ڕووناکی فەرمییە- منیش نووتەکییەکانی گیانم ڕۆشن دەبنەوە و زمان دەگرم".

ئەو وەسفە لە شوێن، بۆ بەراوەردێکە لە گەڵ شوێنێک کە ڕاویی ژن؛ واتە خەزاڵ، لەوە پێش تێیدا ژیاوە. شوێنێک بە ناوی زەوین. لەو ڕێیەوە بە لەبەر یەک ڕانانی دوو ژینگە، دوو هەسارە، دوو جۆر ژیان؛ واتە ژیانی زەوی لە ڕابردوودا و ژیانی ئۆرانووس لە ئێستادا، دەرکەی باسێکی تازە دەکاتەوە. لەهەر دوو شوێن ئەو لە قوتابخانەیەکە بە ناوی هاوبەشی هەتاوەوە، بەڵام بەراوەردی ئەو دووانە، وردە وردە کەشی زاڵ بەسەر هەرکامیان بۆ خوێنەر ڕوون دەکاتەوە.

قوتابخانەی هەتاوی زەوی، ئاوا لە زمان ڕاوییەوە دەردەکەوێ: "تەنیا ناوی شوێن، فێرگە یان ئەنستیتۆیەکە کە قوتابییەکانی تیشکیان بەرناکەوێ، کڵیشەیە، بێ گیان و بێ بناخەیە. باڵەخانەی دڕدۆنگییە."

قوتابخانەی هەتاوی ئەوێ، بناخەی بە خشتی عەشق داڕێژراوە، ڕێساکانی بە زمانی ڕووناکی نووسراون، لە سەر بنچینە و ڕێسا و ڕێزمانی ئەڤین داڕێژراوە. لە ژینگەی یەکەمدا ژیان و لەش نووتەکە و ئەو هەر شتێکی باشی کە کەشفی کردووە لە ژێر ڕۆشناییی شوێنی ژیانیدا نەبووە، بەڵکوو شوێن تاریکی کردووە و ئەو بە گەڕانەوە بۆ ناخی خۆی و ئاوێنەی دەروونی و خودای ناو لەشی، شتە جوانەکان دەدۆزیتەوە و هەر لەو ڕێیەشەوەیە کە بەردەنگی ئەو نامەیەی واتە لاس دەدۆزێتەوە. ئەو گەڕانەوە بۆ ناوخۆیە، لای ڕاوی نوێنەری ئەوینە و دەبێتە هۆی دیتنەوەی خۆشەویستی. خۆشەویستییەک کە لەبیر چوونەوەی بۆ نییە.

نووسەر بە ساز کردنی کەشێکی ئەفسووناوی کەسایەتییەکی خستووەتە ڕوو کە نوێنەری ژنانە. ژنێک کە بە پەرجۆیەک ئەوی لە چاڵی ڕابردوو دابڕیوە و لە ئێستای هەسارەیەکی دیدا، لە ڕووناکی دەگەڕێ.

ڕاوی، بە زمانی هەسارەی نوێ و بە مەرەکەبی هەتاو، دەیهەوێ نامەیەکی ناتەواو کە پێشتر نووسیویە و بە نیوەچڵی ماوەتەوە تەواو کا. دەینووسێ و ئادرەسی هەسارەی سووری زەویی لێ دەدا و لە گەیشتنی دڵنیا نییە.

جودا لە کەسایەتیی ڕاوی واتە خەزاڵ و، لاس واتە بەردەنگی ڕاوی، هەر لەو نامە ناتەواوەدا، کەسایەتییەکی دیکەش دەناسێنرێ. ئەویش "سێوە"یە. سێوە لەهەسارەی "ڤینووس"ە. لەوێوە پەیام بۆ ڕاوی دەنێرێ. لە پەیامێکیدا ئاوا کەسایەتیی خۆی دەردەخا: "سوپاس بۆ نیگاکانی لاس کە ئەوەندە بە سەلیقە و سۆزەوە ڕژاونەتە ناو نیگا نەرم و گەرمەکانی تۆوە و من دروست بووم."

"سێوە" ئاکامی تێکئاڵقانی نیگای ڕاوی و بەردەنگەکەیەتی. ئاکامی ئەوین. سەمەرەی ئەوینی ئەو دووانە مێژوویییەیە کە ئێستا لە هەسارەی ڤێنووس دەژی. "لە زانکۆیەکی ڤێنووس بەشی ئەندازیاریی گەردوون دەخوێنێ. سێوەش زەمینی بووە و بە پەرجۆیەک گەیوەتە ئەوێ."

سێوە و مامۆستا و شاگردەکانی دەیانهەوێ شێوەی هەسارەی زەوی بگۆڕن. ئەوان پێیان وایە ئەگەر زەوی خڕ نەبوایە ئەو هەموو کایەیەی پێ نەدەکرا و ...سێوە بەو ڕایە گەیشتووە دەبێ زەوی سێ گۆشە بێ. ئەوەش لەو بەشەدا ڕاوی وەک گرێیەک دەیهێڵێتەوە و هۆکارەکەی نادرکێنێ و دایدەنێ بۆ کاتێک کە ئەگەر لەگەڵ سێوە پێکەوە دانیشتن لە زمان ئەوەوە بیگێڕێتەوە.

درێژەی نامە/گێڕانەوە، وەسفی شوێن و کاتی لاسە. ڕاوی بەو بۆنەیەوە لە کێشەکانی ژیانی نوێ و مرۆڤی هاوچەرخ دەدوێ. باسی کێشەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی زەوی و حەشیمەت دەکا. پیشەسازیی بێ لغاو و بەستێن دەداتە بەر تیری تانە. تێکچوونی ژینگە دەخاتە ڕوو. باسی کۆمپانیاکان و دونیای سەرمایەداری و نەبوونی هەست و سۆز و ماشینیزە بوونی ژیان لە گێڕانەوەیدا خۆ دەنوێنن. ژیانێک کە بەرهەمەکەی مرۆڤی نیوە زیندوو نیوە مردوویە. "کۆمپانیای مرۆڤ چێکردن بەردەوامە. ئۆرگانی سێکسیی ژن و پیاو بوونەتە ماشینەکانی ئەو کۆمپانیایە و بەرهەمەکانیان زارۆکە. زارۆکی نیوە مردوو نیوە زیندوو. بە تایبەت لەو کەرتانەی زەوی کە ئەڤین یاساغە و ماچ دەدرێ لە خاچ ئەو کەشە نالەبارترە" و ...

ڕاوی لەو بەشەدا ژیانی مودێڕن و دیاردە بەرچاوەکانی پرسیار باران دەکا. ئەو دیاردانەی لەسەر لایەنی ڕۆحیی مرۆڤ کاریگەر بوون و مرۆڤی خەسیو و پەسیویان بەرهەمهێناوە.

لە ڕاستیدا ئەوە کەڵکەڵەیەک بووە کە ڕاوی لەوێش، واتە لە زەوین نیوەی بە قەڵەمدا هاتووە و بۆی دانەکووژاوە و ئێستا و لە شوێن -کاتێکی دی؛ واتە هەزارەیەکی دی و هەسارەیەکی دیکەدا، بەدەم فێربوونی زمانی ڕووناکی و ڕێزمانی نوێی عەشقەوە، هەوڵی تەواوکردنی ئەو نامەیەدەدا.

لە هەسارە و هەزارەی پێشوودا نەیتوانیوە نامەکەی بگەیەنێتە دەست خۆشەویستەکەی، چون وادیارە لەوێ نامەکان ناگەن. لێرە مەبەستێتی بێ زەرف و پاکەت و پۆست، بێ ترسی ونبوون و ونکردن و بە کراوەیی و بە کۆترێکدا بینێرێ. کۆترێک کە خوێنەکەی سپییە وەک بەفری کوێستان. دیارە هەر کام لەو نیشانانە دەکرێ بە تەسەلی قسەیان لەسەر بکرێ.

ئەوەی لەو بەشەی گێڕانەوەدا دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە گەڕانەوە بۆ شێوە ژیانێکی دی، ئاڕمانجشارێکی دی، دوور لە پێوەندییە باوەکانی جیهانی مودێڕن، بۆتە خولیای ڕاوی.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش، سیحری خاک و بیری ڕابردووی  زەوی کەمەندکێشی دەکا. گەڕانەوە بۆ ڕابردووی دووری ڕاوی، لەو بەشەدا بەو مەبەستەیە. گەڕانەوە و گێڕانەوەی هاوکات. گێڕانەوەی ڕۆمانسیانەی سەردەمی منداڵی و خەونەکانی. ڕاوی بۆ دەرخستنی خەونی منداڵانەی، بۆ تێکەڵ بوون بە جیهانی با، بۆ باڵێک بۆ فڕین بەرەو بێ سنوور پەل دەکوتێ و زمانی وەگەڕ دەخا. فەنتازیای منداڵانە، سنوور شکاندنە و داهێنانیشی تێدایە. لە جیهانێکدا کە بەردەوام سنوور و لەمپەرەکان دەگوورێن، لەدایک دەبن  و باڵا دەکەن. لێرەدا لەگەڵ با، تا لای خودا دەچێ.

پەیوەندیی خۆی و خودا دەگێڕێتەوە. پەیوەندی لەگەڵ بێسنوور و لە ئاکامدا بە خستنەڕووی کەشی قوتابخانە کە نیشانەیەک لە دامەزراوەکانی سەردەمی نوێیە، باس لە کوژرانی خەونەکانی دەکا. ئەو بەشە ئەگەرچی تەواو لەگەڵ بەشەکانی دی موتوربە کراوە و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، هاوکات ڕەخنەیەکی جیددی و کورتیشە لە سیستەمی پەروەردەی خەساو کە خەون و خولیای منداڵان تێیدا دەبنە پەپوولە پاییزەی دەست ڕەشەبا. ئەو شێوە نیگایە زۆر هاوشێوەی نیگای "سوهراب سپێهری"یە لە کتێبی "هۆدەی شین"دا کە تەرخانی کردووە بۆ ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردەی نالەباری ئێران و بۆوەی لە باسەکە دوور نەکەومەوە تەنیا چەند ڕستەیەکی لێ دێنمەوە "لە هەمووشت ناخۆشتری زەنگی قوتابخانە بوو. قەت ژوولیت ئادام بە قەت من لەو دەنگە جەحەندەمییە ئازاری نەدیوە. ئەو دەنگە خەیاڵمی هەڵدەبری. هەستمی لەت دەکرد. لە کەفوکوڵی خۆشی دەخستم و لە جانتای قوتابخانەدا دەیشاردمەوە."

هەر لەو بەشەدا ڕاوی بەربەستی بنەماڵە و کۆمەڵگا بۆ خۆی باس دەکا. واتە بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێ. هەم دۆخی پەروەردە و هەم دۆخی کچێک لە فەزای قوتابخانە و بنەماڵە و ڕێگای قوتابخانەدا دەگێڕێتەوە. "پێکەنین یاساخ بوو. نەک هەر لە قوتابخانە، تەنانەت لە ڕێگەی قوتابخانەش. دایکم دەیکوت کچم لە ڕێگە سەلار و سەنگین بە. تۆ کچی. پێنەکەنی و ..."

بەڵام خولیا و خودایەکیش بەردەوام لە دەروونیدا کیشەکانی لا زەقتر و ڕوونتر کردووەتەوە. "خودا شتی دیکەی پێ دەکوتم: دەیکوت پێکەنین وەک هەڵفڕین وایە. خەندە زمانی ڕۆحە و ..." من دەبوایە لە نێوان خودا و ئەواندا هەڵبژێرم. سەرەتا ڕاوی بژاردەی یەکەم وەک چارەنووسی خۆی دەستنیشان دەکا. بژاردەیەک کە نیشانەکەی دەمامک و خۆشاردنەوەیە. هەم خۆشاردنەوەی ڕواڵەتی و هەم دزینەوەی هەست و گوتەکانی دڵ و دەروون.

دوا وێستگەی ئەو پێشەکی و گێڕانەوەیەی ڕاوی، لە سەرەتای ڕۆمانە شیعری "ئەڤین ئاوی ژیانە" بە گێڕانەوەی یاخی بوونی ژنە ڕاویی ئەو نامەیە کۆتایی دێ. ژنێک یاخی لەو یاسا و ڕێسا و دەمامکانە.

" لە ئاکامدا بە دڵی خۆم کرد. ڕۆژێک بە بەرچاوی هەمووانەوە خۆم ڕووت کردەوە. ئەو بەرگانەی باوکم بۆی کڕیبووم و دایکم لەبەری کردبووم، دامکەند و تووڕمدا. دەمامکەکەم گرت و بە زەویمدا دا و ورد و خاشم کرد و ... لەو ساوە هەست دەکەم خودای ناخم لێم ڕازییە. دوای ئەو هەڵبژاردنە ئیدی کە شاد دەبووم پێدەکەنیم و کە خەمبار دەبووم دەگریام."

پاش ئەو نامەیە بەشی یەکەمی ڕۆمانە شیعرەکە دەست پێدەکا. نووسینێک کە  لە سێ وەرزی ژوان و سێ وێستگەی ژوانگەیەک پێکهاتووە.

 

سەرچاوەکان:

قەرەداغی، مەهاباد(٢٠٠٣) ئازاد کردنی مێژوو، لێکۆڵینەوە لەسەر کێشەی ژنان، سلێمانی سەردەم

قەرەداغی، مەهاباد(٢٠٠٥) ساڵێک لە دۆزەخ، هەولێر: ئاراس

قەرەداغی، مەهاباد(٢٠٠٤) ئەڤین ئاوی ژیانە، ستۆکهۆڵم

سپهری، سهراب(١٣٩٠) اتاق آبی، تهران: سروش

رەسووڵ، شوکریە(٢٠١٦) ڕۆمان نووسی هەموو شت زان، باس نیوز

KURDŞOP
907 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!