گوندی دزڵی، دەروازەی هەورامان

چرۆ هەورامی

 

‎دزڵی یەکێک لە گوندەکانی هەورامانە و ڕووی لە کێوەکانی داڵانی، قەڵابرووسک و مڵەخوردە. ئەم گوندە سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستانە و لە ٣٥ کیلۆمەتریی سەوڵاوا و ١٣٠ کیلۆمەتریی سنەیە. بەرزیی دزڵی لە ئاستی دەریاوە ١٤٠٠ مەترە. جوگرافیای شوێنەکە وا هەڵکەوتووە کە بە چەند قەڵایەک دەورە دراوە کە بریتین لە "قەڵای میترا، پرسنگ، بانەبەرز و گەوران."

‎دزڵی کەشوهەوایەکی کوێستانیی هەیە و هاوینەکانی فێنک و زستانەکانی ساردە. دزڵی یەک لەو گوندانەیە کە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێ دەکات، بەتایبەت لە وەرزی پاییز و زستاندا کە بەفر ناوچەکەی سپیپۆش کردووە. دزڵی سروشتێکی جوانی هەیە و چەندین کانی و ڕووباری لێیە، هەروەها شاخە بەرزەکانی ئەم گوندە چەندین جۆرە گیای لێیە لەوانە: "هەزبێ، ڕەزیانە، بەڕەزا و پونگە و...".

دزڵی خاوەن سەیرانگایەکی بەناوبانگە لە هەورامان و مەریواند،ا ئەویش کانی خیارانە. ئەم سەیرانگایە دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە و کەشوهەوایەکی خۆشیشی هەیە، بۆیە ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بۆ سەیرانکردن و گەشتکردن دەچنە ئەوێ.

‎بەپێی دوایین ئامارەکان، حەشیمەتی گوندی دزڵی ٢٧٠٠ کەس بووە، بەڵام ئێستا ئەو ئامارە زیاتر بووە و خەڵکەکەی بە جووتیاری، ئاژەڵداری، باخداری و هەروەها پیشەی دەستی سەرقاڵن و بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.

‎ئەم گوندە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و بە دەروازەی هەورامان ناسراوە. پێشتر ناوی ئەم گوندە "دژڵە" بە واتای "قەڵای بچووک" بووە، بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ دزڵی. هەروەها چەند جارێک ڕووبەڕووی لەنێوچوون و سووتان بووە، هەر بۆیە شوێنکەکەی گوازراوەتەوە و تەنانەت جارێکیش لە کاتی فتوحاتی ئیسلامدا لەلایەن عەرەبەکانەوە سووتێندراوە.

‎گوندی دزڵی چەند زانا و کەسایەتیی گەورەی لێ هەڵکەوتووە، یەکێک لەوانە "مەلا حەسەنی دزڵی"یە. مەلا حەسەن زانایەکی ئایینی و شاعیر بووە و بە دوو زاراوەی هەورامی و سۆرانی و هەروەها بە فارسیش شێعری هۆنیوەتەوە. مەلا حەسەن لەڕووی ئایینییەوە بە مەلایەتیی نوێخواز بە ئەژمار دێت و هەر بۆیەش والیی بەغداد پێشنیاری چەند پلە و پۆستێکی وەکوو "موگتی بەغداد" پێ دەدات، بەڵام مەلا حەسەن ئەو پێشنیارە ڕەت دەکاتەوە و داوا لە والیی بەغداد دەکات کە بینێرێی بۆ زانکۆی "ئەزەر"، ئەویش پێشنیارەکەی قەبووڵ دەکات و دەینێرت بۆ میسر و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو زانکۆیە دەخوێنێت. مەلا حەسەن زۆر زیرەک دەبێت و بەهۆی زیرەکییەکەیەوە لەو زانکۆیەدا دەبێت بە وانەبێژ و بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە.

‎یەکێک تر لەو کەسایەتییە گەورانەی گوندی دزڵی، "مەحموود خانی دزڵی" بووە. ئەم کەسایەتییە مەزنە لە سەردەمی خۆیدا ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە و خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی بووە و بۆ خۆی هەورامی بووە، بەڵام هاوکاریی سۆرانییەکانی کردووە. هەروەها نەقشبەندی بووە و یارمەتیی قادرییەکانی داوە. مەحموود خانی دزڵی دژی ڕێژیمی ڕەزا شا و داگیرکاریی ئینگلیسییەکان شەڕی کردووە و هەر بەم بۆیەش چەندین جار خراوەتە زیندان. هەروەها پاڵپشتیی شۆڕشەکانی باشووریش بووە و ئەمەشمان لە شۆڕشەکەی "شێخ مەحموودی حەفید"دا بۆ دەردەکەوێت. ناوبراو هاوکاریی مەلیک مەحموودی کرد بۆ شەڕ دژی  ئینگلیسییەکان و دوای دەسبەسەرکردنی مەلیک مەحموود یارمەتیی بنەماڵەی حەفیدی دا بۆ ئەوەی بێنە مەریوان و لە دەستی ئینگلیسییەکان هەڵبێن.

‎دزڵی دەروازەی هەورامانە و گوندێکی بەناوبانگە و ناوچەیەکی مێژوویی و گەشتیارییە و گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.

‎دزڵی بەهۆی هەڵکەوتە جۆگرافیاییەکەیەوە لە شەڕەکانی "ئەسکەندەری مەقدوونی"، داگیرکاریی مەغولەکان و فتوحاتی ئیسلامیدا قەڵایەکی پۆڵایینی هەورامان بووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم گوندە "دوازدە ئەسحابە"یە؛ بەپێی ڕا و بۆچوونی خەڵکی دزڵی، لە کاتی فتوحاتی ئیسلامی، ئەم کەسانە هاتوون بۆ سنووری کوردستان و لەوێدا کوژراون و گۆڕستانێکی تایبەتیان بۆ دروست کراوە، بەڵام دواتر دانیشتووانی ناوچەکە ئایینی ئیسلامیان قەبووڵ کردووە و بوونەتە موسڵمان و مەزاری ئەو چەند کەسەیان لا پیرۆز بووە.  

KURDŞOP
590 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!