ڕوار گوندی زانایان و زانستخوازان

چرۆ هەورامی

ڕوار یەکێکی تر لە گوندە کۆنەکانی هەورامانی تەختە و سەر بە شارستانی سەوڵاوای پارێزگای سنەیە. ڕوار گوندێکی زۆر کۆنە و مێژوویەکی دێرینی ٦ هەزار ساڵەی هەیە. ئەم گوندە خاوەن کەسایەتیی گەورە و بەناوبانگە کە لە درێژەی بابەتەکەدا ئاماژەیان پێ دەکەین. بەپێی دوایین ئامارەکان، دانیشووانی ئەم گوندە نزیک بە ٢٧٧ کەسە و بەدڵنیاییەوە ئێستا ئەو ئامارە کەم یان زیادی کردووە.

گوندی ڕوار پێش دروستکردنی بەنداوی داریان گوندێکی پلیکانی لە داوێنی شاخە سەرکەشەکانی کۆساڵان بوو کە ڕووباری سیروان لە بەردەمیدا تێدەپەڕی، بەڵام لە ساڵی ١٣٩٤دا بەهۆی دروستکردنی بەنداوی داریان، ڕوار ژێر ئاو کەوت و تەنیا نزیک بە ٣٠ ماڵی لێ ماوەتەوە و دواتر خەڵکی گوندەکە بە مەودایەکی کەم، سەرتر لە شوێنی پێشوو، واتە هەر لە داوێنی شاخەکانی کۆساڵان ماڵیان دروست کردەوە. بەداخەوە بەهۆی بەنداوەکەوە ڕوار ئەو شێوازە کۆنەی خۆی لەدەست داوە و زۆربەی هەرەزۆری بە ئاو داپۆشراوە.

ڕوار بە زێدی زانایان و زانستخوازان ناسراوە، لە سەردەمی "ئەحمەد سان"، ئەم گوندە بۆ ماوەیەکی زۆر ناوەندی فەرهەنگی و ئەدەبیی ناوچەکە بووە. بەپێی چیرۆکەکان و گێڕانەوەکان، ئەحمەد سان بە شێوەیەکی  مۆدێڕن و ئەمڕۆیی سیستەمێکی دامەزراندووە و ئەم سیستەمە وای کردووە کە ڕوار ببێتە ناوەندێکی فەرهەنگی. بەو جۆرەی دەیگێڕنەوە و ئێمە گوێمان لێ بووە، ئەحمەد سان باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیی هەبووە کە هەر نهۆمێکی تایبەت بە شتێک بووە، بۆ نموونە نهۆمی یەکەمی چەک و جبەخانەی تێدا بووە، نهۆمی دووەمی، شوێنی بەڵگە و هەروەها کتێبخانە بووە و نهۆمیی سێهەمیش شوێنی مانەوەی خۆی بووە. بەداخەوە هەموومان دەزانین بە درێژاییی مێژوو ناکۆکی لە نێوان دەسەڵات و میر و  ئاغاکانی کوردستاندا هەبووە و هەندێکجاریش یەکگرتوو نەبوونە، هەر بۆیە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەد ساندا، عەزیز خان، باوکی مەحموود خانی دزڵی لەگەڵ قاجاڕەکان ڕێک کەتووە و هاتوون ئەو شێوە سیستەمەی ئەحمەد سانیان لەنێو بردووە و ڕواریان گرتووە و ئەمیشە لە مێژوودا یەکەم جار بووە کە ڕوار گیراوە و ئەو ناوەندە سیاسی و فەرهەنگییەیان لەنێو بردووە.

لەو ناوەندەدا زۆر مامۆستای گەورە وانەیان گوتووەتەوە و ئەحمەد سانیش بۆ خۆی گرینگییەکی زۆری بە ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردی داوە. یەکێکی تر لە کەسایەتییە گرینگ و بەناوبانگەکانی ئەم گوندە، "مەلا خدری ڕوار"ە.

مەلا خدری ڕوار شاعیرێکی گەورەی کوردستان بووە و خاوەن چەند کتێبێک بووە. "مەلا حەسەن" لە ساڵی ١٧٢٥ لە ڕوار لەدایک بووە و لە ساڵی ١٧٩٠ کۆچی دواییی کردووە و هەر لەوێدا بە خاک ئەسپێردراوە.

ڕوار بە هەنار و هەنجیرەکانییەوە بەناوبانگە، زۆرێک لە دانیشتووانی گوندەکە خەریکی باخدارین و میوەی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنن، بەڵام زۆرتر هەنار و هەنجیر بەرهەم دەهێنن، چونکە کەشوهەواکەی بۆ بەرهەمهێنانی هەنار و هەنجیر زۆر گونجاوە. هەنار و هەنجیرەکانی ڕوار هەموو ساڵێک هەناردەی گوند و شارەکانی تری ڕۆژهەڵات دەکرێت و ئەمەیش سەرچاوەی داهاتێکی باشە بۆ ڕوارییەکان، بەڵام بەهۆی بەنداوی داریانەوە ٢٥٠ باخ ژێر ئاو کەوتن و ئەمیشە لە بواری ئابوورییەوە خەسارێکی بەرچاوی بە خەڵکی گوندەکە و باخداران گەیاند. هەرچەند خەڵکەکە دواتر لەگەڵ دروستکردنی ماڵە نوێیەکان لە سەرتر باخی نوێشیان دروست کردەوە، بەڵام چونکە ئێستا باخەکان ساوان وەکوو پێشتر داهاتێکی باشیان نییە.

لە پەنای باخداری، کشتوکاڵیش لە ڕوار گرینگییەکی تایبەتی پێ دراوە، چونکە ڕووباری سیروان لە تەنیشت گوندەکەیە، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی ئاوی هەرەباش بۆ کشتوکاڵ. لە دوای دروستبوونی بەنداوەکە هاتوچۆکردن و گواستنەوەی کەرەستە لە ڕوارەوە بۆ گوندەکانی ئەوبەری ئاوەکە وەکوو "سلێن و ناو" بە بەلەمی ماتۆڕی ئەنجام دەدرێت.

KURDŞOP
454 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!