جوگرافیای چیای هەڵگورد

 

هانی مورتەزا

 

هەڵکەوتەی چیای هەڵگورد

چیای هەڵگورد یەکێکە لە بەرزترین چیاکانی کوردستان کە بنکێکی فراوان و لووتکەیەکی بەرزی هەیە و دەکەوێتە سەر زنجیرەی چیاکانی زاگرۆس و درێژە پێدەری ئەم زنجیرە چیایەیە کە لە گرێی بامیر بۆ گرێی ئەرمینیا لە باکووری ڕۆژئاوادا درێژ دەبێتەوە. هەڵگورد لەسەر ئاستی هەموو چیاکانی باشووری کوردستان بەرزترین لووتکەی هەیە و بەرزییەکەی دەگاتە 3607 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا. ئەم چیایە دەکەوێتە سنووری کارگێریی قەزای چۆمان و بە دووریی 175 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر. بەڵام بە پێی پێوانەکاریی نوێ دەگوترێ هەڵگورد بە دووەم بەرزترین لووتکە چیا دادەنرێت لە دوای لووتکەی چیخی دەرێوە.

چیاکانی کوردستان و بەتایبەتیش هەڵگورد، پێکهاتەیەکی جیۆلۆجیی کۆنیانییان هەیە و لە بەردی ئاگرین و نیشتو دروست بوون. بەهۆی ناجێگیریی پلێتەکان و جووڵەی بەردەوامیان، بەردەوام ساڵانە چەند سانتیمێک چیاکان بەرز دەبنەوە. بەتایبەتیش لە ناوچەی بەرکەوتەی پلێتەکان کە زۆربەی چیاکانی کوردستانی لێ دروست بووە. ئەم جووڵە بەردەوامانەش هۆکارێکن بۆ سەرکەوتنی تاوێرە کۆنەکان و ژێر کەوتنی تاوێرە تازەکان.

مێژووی چیای هەڵگورد

دروستبوونی چیاکان لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغ و چاخی (ساینۆزۆیک) کە لەم چاخەدا زۆربەی چیا و بەرزاییەکانی تێدا دروست بووە.

چیاکانی کوردستان هەر یەکەیان مێژوویەکی پڕ لە شانازی و هێمایەکی شکۆداری و سیمبوولی شۆڕش و کوردایەتی دەنوێنێت کە زۆرینەی سەرکەوتن و هەنگاونانەکانی شۆڕشی کورد لە چیا سەربەرزەکانەوە سەری هەڵداوە و ئەو چیایانە شان بە شانی پێشمەرگە لە کاتی شۆڕشەکاندا وەک قەڵغانێک بوون لە بەرامبەر دوژمندا و هەڵگوردیش یەکێکە لە چیا بەرزەکانی کوردستان کە مێژوویەکی پۆڕ لە شانازیی تۆمار کردووە.

ڕووەکە سروشتییەکانی هەڵگورد و سەرچاوەی ئاو بۆ کشتوکاڵ

لەچیای هەڵگورد، بەرزیی زۆری لە ئاست ڕووی دەریا و لێژی و ڕێکیی لاکانی و ئاڵۆزیی بەردەکانی، وای کردووە چڕیی گژوگیا و دار و دەوەن لە نزیک لوتکەکەیدا کەم بێت و لە لایەکی دیکەش بەهۆی ساردی و بەفربارینی زۆر و مانەوەی بە درێژاییی ساڵ و تەنکیی خاک و بەستنی خاکەکەی، و هەبوونی ئاو و هەوای سارد، کەمتر گژوگیا و داری لێ دەڕوێت.

چیاکانی کوردستان بە ناوچەیەکی گرنگی سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی دادەنرێن، و خاوەنی ئاوێکی سازگارن کە لە ناوچە بەرزاییەکان و لە توانەوەی بەفری لووتکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

چیای هەڵگورد لە نزیک گوندی سەکران، بووەتە هۆی دروست بوونی چەند سەرچاوەیەکی ئاوی گرنگی سەر زەوی و ژێر زەوی لە ناوچەکەدا. ئەمەش بایەخی چالاکیی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

چیای هەڵگورد لانکەی چەندین ئاژەڵی کێویشە کە لە ناوچە سەخت و بەرزایەکاندا ژیان دەکەن.

گەشتوگوزار لە چیای هەڵگورد

بوونی یەکێک لە بەرزترین لوتکە چیاکانی باشووری کوردستان و بەرزترین تاڤگە لەسەر ئاستی عێراق و باشووری کوردستان و مانەوەی بەفر لە هەر چوار وەرزی ساڵ، ئەو سێ تایبەتمەندییە بوون کە ساڵی  2010  ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکرانی خستە سەر نەخشەی جیهانی.

ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی بە مەبەستی بینینی بەفر لە وەرزی هاویندا و کەشوهەوایەکی فێنک لە ناوچەکە و بینینی دیمەنی جوانی گوندی سەکران و بەرزاییی چیای هەڵگورد و مانەوە و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش و سەیران لە ناوچەکەدا، سەردانی بناری چیای هەڵگور دەکەن.

ناوچە سەخت و چیاکانی کوردستان زۆربەی کات لەلایەن گروپە شاخەوانیەکان و کەسانی بیانییەوە جێگەی سەرنجن و ئارەزوی زۆرینەی شاخاوانانە بگەن بە لوتکەی چیاکانی کوردستان. هەر ئەمەش وای کردووە ساڵانە گرووپە شاخەوانییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە بەرزترین خاڵی چیای هەڵگورد و گرتنی وێنەی یادگاری و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش لە بەرزاییە سەرکێشەکانی هەڵگورد، سەردانی قەزای چۆمان و چیای هەڵگورد بکەن.

بە پێی گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان، بە بوونی چیای هەڵگورد و چەندین ناوچەی گەشتیاریی تر لە قەزای چۆمان، ڕۆژ بە ڕۆژ گەشتیاران زیاتر ڕوو لە ناوچە سروشتی و گەشتیارییەکانی قەزاکە دەکەن.

KURDŞOP
343 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!