قەزای خەبات و گرنگیی لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە

 

هانی مورتەزا

 

جوگرافیای قەزای خەبات

قەزای خەبات یەکێکە لەو قەزایانەی سەر بە پارێزگای هەولێرە.  ئەم قەزایە دەکەوێتە رۆژئاوای هەولێر و لەسەر رێگای هەولێر - موسڵ بەدووری ( ٣٧ ) کم لە ناوەندی شاری هەولێرەوە هەڵکەوتووە و دەروازەی بەیەکەوە بەستنی هەردوو شاری موسڵ و دهۆکە بەپارێزگای هەولێرەوە. لە ڕووی هەڵکەوتەی فەلەکی و پێگەی ئەرستۆنۆمی دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی ٣٥-٥٣ و ٣٤-٣٦ی باکوور و هێڵی درێژیی ٣٥ -٤٣ و ٠٧-٤٤ی ڕۆژهەڵات.

 ئەم قەزایە لە ٤ ناحیە پێک دێت کە بریتین لە  دارەشەکران، ڕزگاری ، کەورگۆسک و خەبات. هەروەها ٢٦ گەڕەک و ٦٤ گوند لەخۆ دەگرێت. نزیکەی ٢٩ هەزار کەس لە ناو سەنتەری قەزاکەدا نیشتەجێن.

 

گشتوکاڵ لە قەزای خەبات

قەزای خەبات دەکەوێتە سەر زێی گەورە و بە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتیاریی گرنگ ناسراوە. لەبەر ئەوەی گەورەترین پڕۆژەی ئاودێریی هەیە کە چەندین جۆر بەروبووم لەم سنورەدا دەچێنرێت و ناوچەیەکی دارستانی بەرفروانی لێیە و ڕووبەرێکی زۆری زەویی چێنراو لەم ناوچەیە هەیە. رووبەری گشتیی قەزای خەبات ٢٧٥١٣٧ دۆنمە و دەکاتە ٦٨٧ کیلۆمەتر دووجا.

 

پیشەسازی لە قەزای خەبات

لە سنوورەکەدا چەندین پڕۆژەی ئابووری و پێشەسازیی گرنگ ھەن کە لە لەسەر ئاستی پایتەخت و ھەرێمی کوردستان سوودیان لێ وەردەگیرێ وەک:

 پاڵاوگەی نەوت بە بڕێكی زۆر لە پێداویستیی بەنزینی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

 قەزای خەبات خاوەنی گەورەترین وێستگەی هەڵمیی بەرهەمهێنانی کارەبایە.

 پڕۆژەی ئاوی ئیفراز کە ئاو بۆ بەشێکی زۆری ھاووڵاتییانی پارێزگای ھەولێر دابین دەکات.

 کارگەکانی ئاسن، کۆلا، کۆگای نەوت، کارگەی شیرەمەنی و دروست کردنی چیپس و چەندین پیشەسازیی دیکە لە قەزاکەدا هەیە.

 

گەشتوگوزار

هەڵکەوتەی جوگرافیای خەبات لە نێوان شارەکانی هەولێر و مووسڵ و دهۆک و بوونی زێی گەورە و سەوزاییەکی زۆر بوونی دارستان، ژینگەیەکی لەباری بۆ گەشتیاری دابین کردووە. بۆ ئەم مەبەستە ڕووبەرێکی زۆر فراوان و باش دەستنیشان کراوە  بۆ پڕۆژەی گەشتیاری و پڕۆژەکە لە دەستەی وەبەرهێنان ئامادەیە و چاوەڕێی وەبەرهێنانی حکومی یاخود ئەهلی دەکرێت ئەو پڕۆژەیە وەربگرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکات. ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و دابینکردنی هەلی کار و جووڵانەوەی کار و کاسبیی خەڵکی دەڤەرەکە. هەبوونی زێی گەورە لە قەزای خەبات یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی وا دەکات گەشتیار و بەتایبەتیش خەڵکی هەولێر لە وەرزی هاوین یان بەهاراندا، بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە نزیک زێی گەورە ڕوو لە قەزاکە بکەن.

 

مێژووی قەزای خەبات

مێژووی قەزای خەبات لە ڕووی دروست بوون و بوون بە قەزا، دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕێککەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ کە سەنتەری ناحییەکە دەستنیشان کرا و ناوی خەباتی لەسەر دانرا. یەکەم قائیممەقامی ئەم قەزایە "ڕزگار مستەفا محەممەد" بووە و پاش بە قەزاکردنی خەبات، ئەو ناوچەیە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

لە باشووری کوردستان ٥ی ئازاری ١٩٩١ بە ڕۆژی ڕاپەڕین تۆمار کراوە. چونکە لەم ڕۆژەدا دانیشتوانی ڕانیە (قەزا) و دەوروبەری ڕاپەڕین و شارەکەیان ئازاد کرد. بەڵام دەکرێت بشڵێین ٤ی ئازاری ١٩٩١ ڕۆژی زەنگی ڕاپەڕین بوو. لەبەر ئەوەی لەم رۆژەدا جەماوەر لە ئۆردووگای خەبات ڕاپەڕین و پەلاماری دامودەزگا دزێوەکانی ڕژێمی بەعسیان دا.

 قەزای خەبات بەهۆی ئەو چالاکییە ئابووریانەی کە تێیدا ئەنجام دەدرێت بووەتە قەزایەکی گرنگ هەم لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافی و هەم لە ڕووی بەدەستهێنانی داهاتی ئابوورییش لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان.

بەڕێوبەری قەزاکەش دەڵێ دامەزراندنی چەندین پڕۆژەی گەشتیاری و پیشەسازی لە سنوری قەزای خەبات لە ئارادایە، بەمەش پێگەی قەزاکە، لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر زیاتر بەرز دەبێتەوە.

 

KURDŞOP
301 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!