گردی مامزان (تل خەزال) یەکێکە لە شوێنە مێژوویییەکان

ئاراس حسۆ

 

لە ڕۆژاوای کوردستاندا زۆرێک لە گوندە کۆنەکان تایبەتمەندییەکی وەهایان هەیە کە لە ڕووی ناونانەوە ناوەکەیان لە گردەکانیانەوە وەرگرتووە. ئەمجار لە گوندی "تل خەزال"ین؛ تل خەزال گوندێکی کۆنە کە دەگوترێت تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوپێش. ئێمە نازانین ئەو کەسانەی گوندەکەیان دروست کردووە، کێن، بەڵام کەسە بەتەمەنەکان و گەورەکانی گوندەکە دەڵێن: "ئێمە لە ٧ باوکەوە بۆ ١٠ باوک دەناسین کە لە گوندەکەدا بوون." تل خەزال دەکەوێتە باشوور و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ و نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر لە شاری کۆبانێوە دوورە.

ناولێنان

وەک وشە، تل خەزال لە "مامز"ەوە هاتووە. ڕەنگ و جۆری خەزالەکان زۆرن، یەکێکیان ناوی مامزە. لە گوندەکەدا گردێک هەبووە و لە تەنیشت گردەکەدا کانییەک هەبووە، خەزالەکان دەهاتنە سەر ئەو کانییە دەلەوەڕان. بۆیە ناوی گوندەکە بوو بە "گر- مامز"، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕدرا بۆ زمانی عەرەبی و بوو بە تل خەزال. گوندەکە بەم شێوەیە ناوی خۆی لەم گردە وەرگرتووە.

لە ڕووی شوێنەوەراییەوە

لە گوندەکەدا دوو گرد هەیە، یەکێکیان بچووک و یەکێکیان گەورەیە، هەردووکیان پێکەوەن. لە ڕۆژاوای ئەو گردە، کانییەک هەیە بە ناوی "نەوالا سۆر". چونکە زۆربەی زەوییە لادێییەکان سوور بوون، هەر بۆیە ئەم ناوە لەوێوە هاتووە. یەکێک لە گەورەکانی گوندەکە بە ناوی "باڤێ خەبات" دەڵێت: "لەم گردەدا چەندین شوێنەوار و شتی مێژوویی هەیە، باپیرم پێی دەگوتین، 'لە سەردەمی فەڕەنسییەکان، خۆم لەم گردەدا کەلوپەلی زێڕینم دۆزییەوە'، بەڵام ئەو کات فەڕەنسییەکان لێیان ئەستاندم. گۆڕ و ئێسکی کۆن و خانووی کۆنیش لەم گردەدا هەبوون." بەڵام ئێستا ئەو گردە داخراوە. هەروەها دەیگوت، سەردەمانێک دوو سوار هاتن و لە لای ئەو شاخە وەستان، لەوێ ئەسپەکانیان ئاو دەدا و کچێکی گوندەکەش کە دەچووە سەر کانییەکە بۆ ئاوهێنان، سڵاوی لێ کردن:

- سڵاو برایان!

- ئەهلەن و سەهلەن.

- ئێوە کێن؟ فەرموون، وەرنە ماڵەوە!

- دوو سوارەکە دەڵێن: من دەروێشێ 'ئەڤدی'م و ئەمەش سەعدوونی برامە.

لەم دیالۆگەوە تێدەگەین کە دوو قارەمانی داستانی کوردی، دەروێشی ئەڤدی و سەعدوونی برایان، بەم گوندەدا تێپەڕیون و مۆرک و یادەوەرییەکی مێژوویییان لە دوای خۆیان بەجێ هێشتووە.

ناوی عەشیرە و ماڵباتەکان

لەم گوندەدا تەنیا عەشیرەتی "کێتکان" دەژین، لەو عەشیرەتەش دوو دەستە هەن، یەکێکیان پێی دەگوترێت "ئەلمامەدان" و ئەوی تریان پێی دەگوترێت "فەهان" و ئەم دوو بەشەی ئەم عەشیرە سەدان ساڵە پێکەوە دەژین و هەموو شتێکیان پێکەوەیە و لە هەموو شتێکدا هاوبەشن. ئێستا ژمارەی ئەلمامەدان لەوانی تر زیاترە و بەسەر دوو بنەماڵەی گەورەدا دابەش بوون، یەکێکیان ناوی "ئیچان"ە و ئەوی تریان ناوی "ئەباسۆکان"ە.

لە ڕووی کشتوکاڵ و سەرژمێرییەوە

گوندی تل خەزال زیاتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت، وەک کشتوکاڵی "زەیتوون، فستق، پەمبوو، گەنم، جۆ، نیسک و نۆک" هەروەها مەڕ و ئاژەڵیش بەخێو دەکەن. خەڵکی گوندەکە لەمێژە لەسەر خوێندن، زمان و فەرهەنگ جەختیان کردووەتەوە و زۆربەیان دوکتۆر، ئەندازیار، مامۆستا و فەرمانبەرن. لە گوندەکەدا نزیکەی ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ ماڵ هەیە.

تایبەتمەندیی ئەو گوندە

تایبەتمەندییەکانی ئەم گوندە ئەوەیە کە زۆربەیان گرینگی بە خوێندن، زمان و کەلتووری کوردی دەدەن و بەشێکی زۆریان ڕۆڵی خۆیان لە بواری سیاسی و ڕۆشنبیریدا بە باشی بینیوە. حیزبەکان کاریگەرییان لەسەر گەنجەکانیان هەیە و بە ڕادەی پێویست زانا و تێگەیشتوون. هەروەها گوندێکە کە زۆر میواندۆست و بەخشندەن. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٦٨ یەکەم قوتابخانە لەو گوندەدا کرایەوە.

ئەم گوندە خاوەن چەندین چیرۆک، ئەفسانە، مەتەڵۆک، و پەند و گوتەی پێشینییانە. هەروەها شایەتحاڵی چەندین داستان و چیرۆکە، وەک: "خۆجێ خزر، حاج عەلی عەباسۆک، سمەلی خاوەنی شمشێر و ڕم، پاشای ملان و بەرەزان" و... و چەندین چیرۆک و ڕووداو لەم گوندەدا ڕووی داوە.

سەرچاوە: چاوپێکەوتن لەگەڵ "باڤێ خەبات" کە یەکێک لە بەساڵاچووانی ئەو گوندەیە.
وێنە: ماڵپەڕی زەکریا مستەفا

KURDŞOP
573 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!