تاڤگەی "خوڕخورە" و جوانییەکانی

سۆلین ورمێ

 

تاڤگەی "خور خورە" یەکێکە لە تاڤگە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ناوچەی سەڵماس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم تاڤگەیە بە سێ ناو ناسراوە: "سوولاڤا خورخورە، سوولاڤا مەمەکانێ یان سوولاڤا گەلیێ سوولێ."

تاڤگەی خور خورە یان تاڤگەی مەمەکان، چونکە لە گوندی مەمەکان نزیکە، بەم ناوەش ناسراوە. ئەم تاڤگەیە ٨٠ کیلۆمەتر لە باکووری شاری ورمێ و ٤٠ کیلۆمەتر لە شاری سەڵماس دوورە.

ئەم تاڤگەیە نزیکەی ٣٥ مەتر بەرزە. ئەم تاڤگە جوانە دەکەوێتە نزیک دۆڵی خور خورە. هەروەها دۆڵی خور خورەش شوێنێکی جوان و سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران و گەشتیارانیش دەتوانن لە کاتی سەردانکردنی تاڤگەی خور خورە، ئەم دۆڵە جوانە ببینن.

تاڤگەی خور خورە لە هەموو وەرزەکاندا شوێنی گەشتیارانە، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا بە جوانییەکەی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

ئەم شوێنە لە وەرزی بەهاردا بەهۆی سەوزایی و جوانیی سروشتەکەیەوە شوێنێکی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران و گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانیش لەم وەرزەدا سەردانی دەکەن. لە وەرزی بەهاردا سەرەڕای ئەوەی گەشتیاران چێژ لە سروشتی دەوروبەر وەردەگرن، دەتوانن سوود لە گیا کێوییەکانی ئەم دۆڵەش وەربگرن. هەروەها زۆرێک لە دەرمانسازەکان بۆ دۆزینەوەی گیای دەرمانی سەردانی ئەو دۆڵە دەکەن. گەشتیاران نەتەنیا لە وەرزەکانی بەهار، هاوین و پاییزدا سەردانی ئەم تاڤگەیە دەکەن، بەڵکوو لە وەرزی زستاندا زیاتر سەردانی دەکەن. جوانیی ئەم تاڤگەیە لە وەرزی زستاندا چەند هێندە زیاترە، چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی سارد و ئاوی تاڤگەکە دەیبەستێت و دەبێتە پارچە سەهۆڵێکی سپی و ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باش بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنێت کە لە وەرزی زستاندا سەردانی بکەن.

دیمەنە جوانەکانی ئەم تاڤگەیە بە درێژایی ساڵ و بەپێی کەش و هەواکەی، سەرنجڕاکێشە و لە هاویندا کاتێک ئاوی تاڤگەکە دەڕژێتە خوارەوە، حەوزێکی بچووک لە خوارەوەی دۆڵەکە دروست دەکات و ئەمەش جوانیی دەوروبەرەکەی زیاد دەکات و لەلایەکی ترەوە کەشوهەوای ژینگەکەی نەرم دەکات. هەروەها گەشتیاران دەتوانن بۆ مەلەکردن سوودی لێ وەربگرن.

بەردەکانی دەوروبەری ئەم تاڤگەیە وەک دیوارێکن و لەنێو ئەو بەردانەدا گوڵەچەم هەیە و ئەم بەردانە بە گوڵەچەم دەورە دراون.

لە ڕاستیدا ئەم تاڤگەیە لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتەوە هیچ بایەخێکی پێ نادرێت. چونکە ڕێگای چوون بۆ تاڤگەکە کەمێک زەحمەتە، خەڵکی ناوچەکە گلەیی دەکەن و دەڵێن ئەگەر ڕێگای تاڤگەکە باشتر بکرێت و خزمەتگوزاریی پێشکەش بکرێت، ئەوا لە هەر چوار وەرزی ساڵدا ژمارەی گەشتیاران چەند هێندە زیاد دەکات.

تەنانەت پێشتریش بەشێک لە شاخەوان و گەشتیاران کە سەردانی تاڤگەی خور خورەیان کردبوو، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گلەییان لە خراپیی ڕێگاوبانەکان و کەمیی خزمەتگوزارییەکان هەبوو و دەیانگوت، ئەگەر شوێنێکی ئاوا جوان خاوەنی هەبێت، دەبێتە ناوەندێکی گەشتیاری کە نەتەنیا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت لە دەرەوەی کوردستان و ئێرانیش گەشتیاران سەردانی دەکەن.

حکوومەت لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبان و شوێنە گەشتیارییەکان زۆر کەمترخەمە و گرینگییان پێ نادات. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ئەگەر ڕێگاکانی گەیشتن بە تاڤگەکە دروست بکرێن و خەڵکەکە بتوانن لەگەڵ خێزانەکانیان بێنە ئێرە، زۆر باش دەبێت، چونکە لە ئێستادا سەردانکردنی ئەم شوێنە بۆ بەساڵاچووان قورسە. گەشتیاران بۆ ئەوەی سەردانی ئەم شوێنە سەرنجڕاکێشە بکەن، دەبێ بە ڕێگایەکی سەخت و دژواردا و بەنێو بەردەکاندا تێپەڕن.

KURDŞOP
520 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!