چەند شوێنێکی گەشتیاری و سەرنجڕاکێش لە شاری مەریوان

چرۆ هەورامی

شاری مەریوان سەر بە پارێزگای سنەیە (کورسان). مەریوان سروشتێکی بێ وێنە و ناوازەی هەیە و شوێنگەلێکی زۆری گەشتیاریی هەیە کە سەرنجی گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. لەم بابەتەدا باس لە چەند شوێنێکی گەشتیاریی مەریوان دەکەین.

تاڤگەی گەوێڵە

تاڤگەی گەوێڵە کە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری مەریوان دێتە ئەژمار، لە ناوچەی سەرشیوی ئەم شارە و لە نزیک گوندی گەوێڵە هەڵکەوتووە. گوندی گەوێڵە یەکێک لە کۆنترین گوندەکانی شاری مەریوانە و لە ٢٠ کیلۆمەتری مەریوان و لەسەر ڕێگای مەریوان- سەقز هەڵکەوتووە. لە ئێستادا نزیک بە ٣٠ بنەماڵە لەم گوندەدا دەژین و زیاتر لە ٤٠ بنەماڵەیش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان بۆ مەریوان و شارەکانی دیکە کۆچیان کردووە.

تاڤگەی گەوێڵە لەنێو دڵی سروشت و شاخەکانی مەریواندا بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیاران، بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا بەهۆی کەش‌وهەوا و جوانیی سروشتەکەی، خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن. بەرزیی تاڤگەکە زیاتر لە ٥٠ مەترە. هەروەها تاڤگەکە یەک کیلۆمەتر لە جاددەی سەرەکیی مەریوان- سەقزەوە دوورە و بۆ ئەوەی بڕۆیتە لووتکەی تاڤگەکە دەبێ شاخەوانی بزانیت.

بەهۆی ئەم چەند خاڵەوە تاڤگەی گەوێڵە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و سەرنجڕاکێش:

- تاڤگەی گەوێڵە یەکێکە لە شوێنە ئاوی و جوانەکانی شاری مەریوان.

- دەوروبەری تاڤگەکە سەرسەوز و دڵگیرە و بۆ کات بەسەربردنی گەشتیاران گونجاوە.

پردی مێژووییی گاڕان

پردی مێژووییی گاڕان لە ١٢ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی شاری مەریواندایە و دروستکردنی ئەم پردە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی میرایەتیی ئەردەڵان. درێژیی ئەم پردە ٤٠ مەتر، پانییەکەی ٩ مەتر و بەرزییەکەی ٦ مەترە. پردی گاڕان بەشێک بووە لە ڕێگای سەرەکیی ناوچەی مەریوان و ناوچەی سنە کە هەتا ساڵی ١٩٤٠ کەڵکی لێ وەرگیراوە. پردی گاڕان لە ساڵی ٢٠٠١دا وەک شوێنەوارێکی مێژوویی لە ئێراندا تۆمار کرا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گرینگینەدانی بەرپرسانی پەیوەندیداری حکوومەت، هەندێک بەشی ئەم پردە مێژووییە ڕووخاوە.

ناوچەی قەمچیان

کاتێک لە جادەی مەریوان- سەقزەوە تێپەڕ دەبیت، جیا لە تاڤگەی گەوێڵە ناوچەیەکی گەشتیاری دەبینی کە لە زنجیرە شاخگەلێکی بەرز پێک هاتووە و سروشتێکی نایابی هەیە. ئەم ناوچەیە دارستانێکی چڕوپڕی هەیە و ڕووبار و چەندین کانیی لێیە. لە چیاکانی قەمچیاندا قارچک (کارگ)، ڕێواس و پیچک و... هەن، هەروەها شوێنی ژیانی چەند جۆر باڵندە و ئاژەڵی کێوین، وەک: ورچ، ڕێوی، گورگ، سمۆرە، کەروێشک، کەو و هەڵۆ و...

قەمچیان لە هەر چوار وەرزی ساڵدا دیمەنێکی تایبەتی هەیە، بەڵام لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا خەڵکێکی زۆرتر بە مەبەستی سەیرانکردن و هەروەها بۆ کۆکردنەوەی گیای خۆراکی و دەرمانی سەردانی دەکەن.

ئەشکەوتی کونە شەم‌شەم

ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە نزیک گوندی "تۆراخ تەپە" لە "چلچەمە" و لە ٤٠ کیلۆمەتریی شاری مەریوان هەڵکەوتووە. ئەشکەوتی کونە شەم‌شەم لە بەردی ئاهەکی دروست بووە و خاوەن سێ دەرگای جیایە و بەداخەوە بەهۆی گرینگیپێنەدان یەکێک لە دەرگاکانی بەهۆی ڕووچوونی کێوەکە داخراوە. ئەم ئەشکەوتە بە ڕووبەری ٤٥٥ مەتر نموونەیەکی سروشتی ناوازەیە. گرینگیی زۆری ئەم ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتە ناوازەکەی و تایبەتمەندییە زەویناسی و بایۆلۆژی و کەلتوورییەکانی. کونە شەم‌شەم جیا لەوەی کە شوێنێکی گەشتیارییە، مێژووییشە، ئەویش بەهۆی ئەوەیکە چەند کەرەستەیەکی قوڕینی تێدا پەیدا کراوە کە مێژووکەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی "دەورەی دالمایی" کە بە باشی دیارە شوێنی نیشتەجێبوون بووە.

شایانی باسە کە کونە شەم‌شەم بە شوێنی شەمشەمە‌کوێرە بەناوبانگە و جۆرێکی تایبەتی شەمشەمەکوێرەی تێدا دەژی. وەک شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکانی تری کوردستان، تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی لەسەر ئەم ئەشکەوتەش لێکۆڵینەوە نەکراوە و تەنانەت گرینگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە.

KURDŞOP
969 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!