ناساندنی دارستان، شاخ و زیارەتی "قەرە بەرکەل"

ئەڤین تەیفوور

 

دارستان، شاخ و زیارەتی "قەرە بەرکەل" یەکێکە لەو شاخە بچووک، پیرۆز و ئایینییانەی ناوچەی کۆبانی و دەشتی "سرووجێ" کە زۆر ناسراوە. قەرە بەرکەل لەنێو کۆبانییەکان و خەڵکی ناوچەکەدا، هەم وەک دارستانێک ناسراوە، هەم وەک شوێنی زیارەت و هەم وەک کاشێک (شاخ).

قەرە بەرکەل لەنێو خەڵکی دەڤەری کۆبانیدا وەک شوێنێکی مێژوویی و پیرۆز ناسراوە و شاخێکی بەردینە بە ڕەنگی ڕەش و وەک بەرزترین شاخی ناوچەکە سەیر دەکرێت و بە درێژاییی مێژوو لەبەر ئەوەی بۆ خەڵکی کۆبانی شوێنی زیارەت بووە، بە شوێنێکی پیرۆز ناسراوە. ئەم شوێنە نزیکەی ١٥-٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری کۆبانییەوە دوورە. قەرە بەرکەل دەکەوێتە نێوان چوار گوندی ڕۆژاوای کۆبانی. ئەو گوندانە بریتین لە: "دۆنخزا مەزن" و "دۆنخزا بچوو"، "بیر بەکر" لە ڕۆژهەڵات و "یارامازێ"ش لە باشوور.

زیارەتی قەرە بەرکەل لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا وەک شوێنێکی ناسراو و پیرۆز سەیر دەکرێت. ئەو دەڤەرە زۆر گەورەیە و بە دارگەلی وەک "سنۆبەر" و "خورما" ڕازراوەتەوە و لەنێوان چوار گوندی گەورەدا، دیمەنێکی زۆر جوانی هەیە. دارستانی قەرە بەرکەل دوای دارستانی کۆبانی، دووەم گەورەترین دارستانی ئەو ناوچەیە دێتە ئەژمار. هەروەها ناوچەکە بەهۆی دارستانەوە، چیمەنێکی زۆری هەیە، بەڵام بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکە، ئەوەی مەترسیی لەسەر دۆخی ئەو دار و چیمەنانە دروست کردووە، ئەو شوانانەن کە بە ئازادی مەڕەکانیان لە دارستانەکەدا دەلەوەڕێن، هەروەها دارەکانیش دەربڕدرێنەوە. بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، بەداخەوە پێشتر ئەم دارستانانە لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە بڕدراون و سووتێنراون کە بەهۆیەوە ژمارەی دارەکان چارەکێک کەمی کردووە.

مەزارگەی "شێخ قەرە بەرکەل" لە بەرزترین شوێنی ئەم شاخەدایە. خەڵکی ناوچەکە دێنە ئەم مەزارگەیە و دۆعا و نزا دەکەن و نوێژ دەخوێنن. هەروەها بە شێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین ئەم مەزارگەیە ئەو شوێنەیە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە سوێندی پێ دەخۆن. بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، مەزارگەی شێخ قەرە بەرکەل زیارەتگای زەردەشتییەکان بووە، بۆیە دەبینین خەڵکی ناوچەکە زیاتر تەنیا لە ڕۆژانی چوارشەممە سەردانی ئەو شوێنە دەکەن. هەروەها بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، لە کاتی شەڕەکاندا، عەشیرەت و گوندەکانی دراوسێ لەم دارستان و زیارەت و شاخەدا خۆیان دەشاردەوە و لەوێ خۆیان دەپاراست؛ بە جۆرێک ئەو شوێنە بۆ زۆر کەس پیرۆزە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، جگە لە گۆڕی شێخ قەرە بەرکەل، باوباپیرانیان دەیانگوت: "خاکی قەرە بەرکەل پڕە لە گۆڕی شێخ، پیاوانی ئایینی و مێرخاسان."

دەگوترێت لەم ناوچەیەدا ئاژەڵی کێوی هەبووە، وەک بەراز و غەزاڵ و هتد. لە تەنیشت شاخەکە و زیارەتی قەرە بەرکەل دۆڵ هەن کە دەگەنە گوندەکانی دراوسێ و لە ناوەڕاستی هەر دۆڵێکدا کانییەک هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانیان.

خەڵکی ناوچەکە هەمیشە لە کاتی تەنگانەدا دەهاتنە ئەم شوێنە و عیبادەتیان دەکرد و تۆبەیان دەکرد. هەروەها بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە لە نەخۆشی ڕزگاریان بێت و ڕزق و نیعمەت بڕژێتە ماڵەکانیانەوە، دەچوونە سەر ئەم شاخە. هەرچەندە ئێمە هیچ زانیارییەکی سەلمێنراومان نییە، بەڵام بەساڵاچووانی ناوچەکە دەڵێن، قەرە بەرکەل مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش و پێش لەدایکبوونی مەسیح. دەڵێن کە ئەم شوێنە تایبەت و پیرۆزە بۆ کورد و خەڵکی کۆبانی، چیرۆک و گێڕانەوەی زۆری هەیە کە باوک و باپیرانیان بۆیان گێڕاونەتەوە.

KURDŞOP
477 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!