وشککردنی گۆلی ورمێ بۆ قازانجی ئابووری!

کانی مەریوان

 

دەریاچەی ورمێ تا بەر لە وشکبوونی گەورەترین دەریاچەی کوردستانی گەورە بوو و لە ڕیزی بیست دەریاچەی گەورەی جیهاندا بوو و لە دوای دەریای مردوو (بحرالمیت) سوێرترین دەریاچەی جیهانیش بوو.

 درێژیی دەریاچەکە لە کاتی ئاساییدا ١٣٠ بۆ ١٤٦ کیلۆمەتر و پانییەکەی لە ٥٨ کیلۆمەتر بۆ ١٥ کیلۆمەتر (لە نێوان چیای زەنبیل و دوورگەی ئیسلامی) دەگۆڕدرا. قەبارەی ئاوی گۆلی ورمێ ٣١ ملیار مەتری سێجا لە ڕووبەری ٥٨٢٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە و مامناوەندی قووڵاییەکەشی 5.4 مەتر بوو. ڕووبەری ناوچەی ئاوڕێژی دەریاچەی ورمێ ٥٢ هەزار و ٤٧ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە ئاوی باران و چەم و ڕۆبارەکان لە پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز، سنە و بەشێکی زۆر کەم لە باکووری کوردستان دەڕژیتە ناو ئەم دەریاچەیە. پێشترلەم دەریاچەدا ٢٧ جۆری گیانداری شیردەر و ٢١٢ جۆر باڵندە و ٤١ جۆری پەلەوەر و حەوت جۆری خشۆک و ٢٦ جۆر ماسی دەژیان. گۆلی ورمێ ١٠٢ دورگەی هەبوو کە سەرجەمیان لە لایەن یونسکۆوە وەک میراتی سروشتیی جیهانی تۆمار کراون.

ڕەوتی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ

وشک بوونی دەریاچەکانی وەک ورمێ، دەریاچەی خوێی قوم، بەختگان، هاموون و جازمووریان لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتادا لە ئێران سەریان هەڵدا. هۆکاری زۆر هەن بۆ لەنێوچوونی ئەم دەریاچانە بەڵام بە پێی ڕاپۆرتە میدیییەکان، بوونی کانزای بەنرخی لیتیۆم لە ناو دەریاچەی ورمێدا، ڕەنگە گرینگترین هۆکاری وشکبوون و پشتگوێخستنی بووژانەوەی ئەم دەریاچەیە بێت.

 ئەو وێنانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جووڵەی چەند بارهەڵگرێک لە ناوەڕاستی دەریاچەی ورمێ بڵاوکراونەتەوە، جارێکی دیکە دەنگۆی پەیوەندیدار بە دەرهێنانی مادەی کانزاییی گرنگی وەک لیتیۆمیان هێناوەتەوە بەر باس. لە کاتێکدا بەرپرسان ئەمە وەک دەنگۆ ناو دەبەن و ڕەتی دەکەنەوە.

 ٥ ساڵ لەمەوبەر بەرپرسانی ئەو کاتی ئێران بوونی کانزای بەنرخی تیتانیۆمیان لە ناو دەریاچەی ورمێدا ڕەت کردەوە و باسیان لەوە کرد بانگەشەی ئەوەی تیتانیۆم لە بنی دەریاچەکەدا هەیە، ڕاست نییە، بەڵام توخمەکانی تر وەک کلۆر و سۆدیۆم و لیتیۆم و مەنزیۆم لەم دەریاچەیەدا هەیە. کە سۆدیۆم کلۆرید هەمان خوێی خۆراکییە. یەکێکی تر لەو مادە بەنرخانەی لە دەریاچەکەدا هەیە، لیتیۆمە کە ئەگەر ڕێژەکەی زۆر بێت، هەنگاوەکان بۆ دەرهێنانی دەگیرێتە بەر. ڕێژەکەی دەبێت بەجۆرێک بێت کە هەڵگری پاساوی ئابووری بێت، بەڵام بڕی لیتیۆمی دەریاچەی ورمێ  ٣٠ بۆ ٣٥ ppm یە کە ڕێژەیەکی زۆر کەمە و لە ڕووی ئابوورییەوە گونجاو نییە.

 دەرهێنانی لیتیۆم لە ڕووی ئابوورییەوە دەبێت لە 1000 ppm زیاتر بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ١٧ی ئەیلوولدا ئاژانسی ئیرنا نووسیویەتی: بوونی سەرچاوەی لیتیۆم لە بنی دەریاچەکە  ڕەنگە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی گرنگی نەدان بە ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ و پشتگوێخستنی وشکبوونی ئەم دەریاچەیە.

لیتیۆم لە جیهانی ئەمڕۆدا بە یەکێک لە پێداویستییەکانی تەکنەلۆژیا دادەنرێت. لیتیۆم کانزایەکی تفتی سپیی زێوین و نەرمە و ژمارەی ئەتۆمی ٣یە. ئەم توخمە سووکترین کانزایە. ئەم مادەیە گەوهەرێکە کە بەهۆی بەرزیی بەهاکەی و گرینگییەکەی لە پیشەسازیی نوێدا، بە گشتی وەک توخمێکی چارەنووسساز لە داهاتووی ئابووریی جیهاندا سەیر دەکرێت. لەگەڵ فراوانبوونی بەکارهێنانی لیتیۆم لە پیشەسازی، باتریی مۆبایل، باتریی ئۆتۆمبێل، دەرمانسازی، بۆڵبڕینگی چەرخی شەمەندەفەر، ئەم کانزایە جێگەیەکی زۆر گرنگتر لە نەوت دەدۆزێتەوە. لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەر کیلۆگرامێک لیتیۆم بە نزیکەی ١٦٠ دۆلار دەفرۆشرێت. لە بنەڕەتدا لیتیۆم یەکێکە لەو کانزا بەنرخانەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خواستێکی زۆری لەسەر بازاڕەکانی جیهان هەبووە، بەجۆرێک لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا نرخی ئەم کانزایە لە بازاڕی شانگهای زیاتر لە ٤٠٠٪ گەشەی کردووە. شیلی بە ڕێژەی  ٨ ملیۆن تۆن لیتیۆم زۆرترین بڕی ئەو کانزایەی لە جیهاندا هەیە. ئوسترالیا بە ڕێژەی دوو ملیۆن و حەوسەد هەزار تۆن لە پلەی دووهەم و ئەرجەنتین بە دوو ملیۆن تۆن لیتیۆم لە پلەی سێهەمی جیهاندایە. لە ئێران بڕی هەشت ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن بەردی لیتیۆم دۆزراوەتەوە بەڵام ئەم وڵاتە ‌هێشتا نەچوەتە قۆناغی بەرهەمهێنان.

دەرئەنجامەکانی وشک بوونی دەریاچەی ورمێ

دەریاچەی ورمێ لەسەدا ٣ی ڕووبەری ئێران دەگرێتەوە لەکاتێکدا لەسەدا ١٥ی بەنداوەکانی ئێران لە ناوچەی دەریاچەی ورمێ دروستکراون. لە پێشدا بەرهەمی ستراتیجیی ورمێ ترێ بوو، کە لەبری ئەوە سێو چێندرا. وردە وردە بە گەورەبوونی نەمامەکان پێویستی ئاویان زیاد بوو. ئاوی سەر زەوی تەواو بوو ناچار ڕوویان کردە هەڵکەندنی بیر و دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی. کاتێک ئاوی ژێر زەوی تەواو بوو دەستیان دایە دروستکردنی بەنداو. بە دروستکردنی بەنداوەکان ڕۆیشتنی ئاو بۆ ناو دەریاچەی ورمێ ڕاگیرا. هەمووی ئەمانە بوونە هۆی وشک بوون و لە نێوچوونی گۆلی ورمێ. بە پێی توێژینەوەی شارەزەیانی بواری ژینگە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕووبەری گۆلی ورمێ و وردە وردە وشکبوونەوەی ئەم دەریاچەیە، دەشتێکی خوێی ٨ ملیار تۆنی سەرهەڵدەدا کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئیکۆسیستەمی مرۆیی ناوچەکە و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کۆچی نەخوازراو و لەناوچوونی بەشێکی گرنگی کێڵگەکانی دەوروبەری.

خودی حکومەت و شارەزایانی حکومەت لە وەزارەتی وزە و وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ دەڵێن ئەگەر خوێی دەریاچەی ورمێ بە هۆی با و باهۆزەوە بەرزبێتەوە و بە ناوچەکەدا بڵاو بێتەوە، ٢٠ ملیۆن کەس لە پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز، سنە، زەنجان، ئەردەبیل، گیلان، قەزوین، ئەلبورز و تاران  ئاوارە دەبن، چونکە زریانی خوێ ڕێگە بە ژیان لەو پارێزگایانە نادات. پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە بەپێی خەمڵاندنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی ژینگەیی یەکێک لە ٥ مەترسییە سەرەکییەکانی داهاتووی ئابووری ئێرانن.

KURDŞOP
557 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!