هەورام ئەحمەدی
لە بابەتێکی دیکەدا باس لەوه کراوه که چۆناوچون سیاسەتی ئاوی ئێران، بەتایبەت پیشەسازی بەنداو و گۆڕینی ڕێڕەوی سروشتی ڕووبارە سنووریەکان بە مەبەستی گواستنەوەی ئاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوچە ناوەندیەکانی ئێران، بەشیک له «کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی» دەوڵەتی ئێران پێک دەهێنێت. لێرەدا دەپرژینه سەر کاریگەریەکانی «بەنداوی داریان» لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی و دۆخی ئابووری دەڤەری هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چۆنکه لەگەڵ دروستکردنی ئەم بەنداوەدا چەندین گوندی کۆن، ئاسەواره مێژوویەکانی لێواری ڕووباری سیروان، دارستان، باخ، لەوەڕگه و بەشێکی زۆری کانیاوی «بڵ» ژێرئاو کەوتن.
بەنداوی داریان لەسەر ڕووباری سیروان
لە چوارچێوەی سیاسەت و پڕوژه ئاویەکانی دەوڵەتی ئێران تا ئێسته زۆرتر له 10 بەست و بەنداو لەسەر ڕووباری سیروان و لقەکانی درووستکراوه که گرینگترینیان «بەنداوی داریان»ە. ئەم بەنداوە دەکەوێتە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ٢٨.٥ کیلۆمەتر لە سنووری باشووری کوردستانەوه دوورە و لە نزیک شاری پاوە و تەنیشت گوندەکانی «داریان» و «هەجیج» له ساڵی 2009 دروستکراوە و لە ساڵی 2018 کراوەتەوه. پانی بنکی بەنداوەکه دەگاته 316 مەتر، لەسەرەوە پانییەکەی 15 مەتره و بەرزییەکەی دەگاته 155 مەتر. هەروەها، ئەم بەنداوە توانای گلدانەوەی ئاوی دەگاته 316 ملیۆن مەتر سێجا. بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیه تازه نیه و دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٧٠ ساڵ پێش ئێستا که شەڕی جیهانی دووهەم و دواتریش لە سەردەمی -دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران- شەڕی عێراق-ئێران ڕێگر بوون له هێنانەدی ئەم بیرۆکەیه.
نەخشەی بەنداوی داریان
حکوومەتی ئێران دەڵێت بەنداوەکە لەسەر ڕووباری سیروان و لقەکانی بە مەبەستی گێڕانەوەی ئاوی ئەم ڕووباریه لە ڕێگەی گواستنەوەی به تونێلی گواستنەوەی ئاوی نۆسود -کە درێژییەکەی 48 کیلۆمەترە - بۆ دابینکرنی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوان و ئاوەدێرکردنی دەشته کەمئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سنه و ڕۆژئاوای پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامه. هەروەها، بەشێک لەم پڕۆژە تەرخان کراوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای ئاو. بەڵام، لە ڕاستیدا، ئامانجی سەرەکی گواستنەوەی بەشێکی زۆری ئاوی ئەم رووباره بۆ ناوچە ناوەندیەکانی ئێرانه.
بەشێک لە دیمەنی ناوەوەی تونێلی گرواستنەوەی ئاوی نەوسود
وێڕای خەسارە هەژێنەرەکانی لەسەر ڕووباری سیروان و تێکدانی ژینگە و ئێکۆسیستەمی ناوچەکه، دروستکردنی بەنداوەکە کاریگەری نەرێنی زۆریشی لەسەر بژێوی ئەو ماڵە گوندنشینانە هەیە کە لەم ناوچەیەدا دەژین. لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئابووری و داهات خەڵکی دێهاتەکانی هەورامان تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی کشتوکاڵ، باخەوانی، ئاژەڵداری و هتده. هەر بۆیه، لەگەڵ دروستىوونی بەنداوەکه زۆریك لە خەڵکی ئاواییەکانی هەوارامان، لەوانە بەتایبەت دێهاتەکانی «هەجیج»، «ڕوار»، «سلێن» و «بڵبەر» بژێوی ژیانیان کەمی کردووە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیه که بەشێکی بەرچاوی زەوی و زار و لەوەڕگەکانی ئەو دەڤەرە ژێر ئاوی بەنداوەکه و ڕێڕەوەکەی کەوتوون یان رێگای دەستپێراگەیشتنی بۆ خەڵکی دێهاتەکان ئەستەم کرووده و تەنانەت لە زۆر جێگەشدا دایخستووه. بۆ نموونه، بەنداوەکه وێڕای ئەوەی که بوو به هۆکاری جێبەجێبوونی بەشێکی زۆری دێهاتی «هەجیج» و هەروەها بەتەواوەتی لەناوچوونی دێهاتی «ڕوار»، ڕێگەی کوێستان و لەوەڕگەکانیشی بۆ هەمیشه قورخ کردووه. ئەمه بووە به هۆکاری دابەزینی شێوەژیانی کۆچەری، ئابووری ئاژەڵداری و باخداری ئەو دێهاتانەی که لە لێواری ڕووباری سیروان و کێوەکانی «شاهۆ» و «کۆساڵان» هەڵکەوتوون. هەروەها، بەنداوەکە بۆته هۆی گۆڕینی کەشوهەوای ناوچەکە و ئەمەش وێڕای مەترسی بۆ ئێکۆسیستەمی ناوچەکە، زیانی زۆری به باخه گوێز و هەنارەکانی دێهاتەکانی لێواری بەنداوەکه گەیاندووه.
ئەمه لەحاڵێکدایه که میدیاکانی دەوڵەتی ئێران و هەروەها ئاژانسه گەشتیاریەکان بەردەوام بانگەشە و پرۆپاگاندای گەشەسەندی ناوچەی هەورامان بە هۆی درووستکردنی بەنداوی داریان دەکەن و له ڕوانگەیەکی ڕووکەشیانه و کاڵفامانەدا، بەنداوەکه بە کۆڵەکەی گەشە ئەو دەڤەرە دەناسێنن. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیه که کۆی ئەم کاریگەریه نەرێنیانه لەسەر بواری ئابووری و بژیوی ژیانی ناوچەکە، بووه به هۆکاری دیاردەی کۆچی خەڵک لەم دیهاتانه بۆ شارەکانی مەریوان، پاوه و کرماشان. هەڵبەت هاوکات لەگەڵ درووستکردنی بەنداوەکه و بەهۆی گواستنەوەی زۆرەملێیەوە لانیکەم سەدان بنەماڵەی بەتایبەت دێهاتەکانی «هەجیج»، «ڕوار» و «داریان» ئاوارە بوون. هەروەها، بەنداوەکه مەترسییە بۆ سەر سیستەمی نەریتی، کولتووری و کۆمەڵایەتی کە دەبێتە هۆی ترسی لەدەستدانی ناسنامەی مێژوویی-فەرهەنگی، هاودەنگی و داب و نەریتی ناوخۆیی و لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی ناڕاستەوخۆی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی هۆرامان.
ژینگەپارێزانی کوردستان و دڵسۆزانی نیشتمان هیچکات کەمتەرخەم نەبوون لە ئاست ئەم دیاردە پڕمەترسیە لە هەورامان. لە ٢٠١٥ بۆ ڕزگارکردنی «کانی بڵ» کەمپینێکی سۆشیال میدیای بەناو «کەمپینی ڕزگارکردنی کانی بڵ» لە سەرانسەری ڕۆژهەڵات دەستی بە چالاکی کرد. خەڵکی ناوچەی هەورامان بەردەوام داوایانلە دەوڵەت ئەکرد کانی بڵ ڕزگار بکات و هەروەها بەشێک لە چالاکوانان مانیان لە خواردن گرت و داوای پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانیان کرد. کۆی ئەم هەوڵانه توانیان گوشار بخەنە سەر دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی کانیاوە خرۆشانەکه، بەڵام بەداخەوه بەنداوەکه بەشێکی زۆری کانیاوەکه و هەروەها ڕووباری سیروانی وشک کردووه.
جیا لە کارتێکەری بەنداوەکان لە گەشەسڕینەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەر باشووری کوردستانیشدا مەترسی بەرچاو بۆ فرەچەشنی بایۆلۆجی و یەکپارچەیی ئابووری-کۆمەڵایەتیی دروست دەکات که لە بابەتێکی دیکەدا دەخرێنه بەرباس.